گەڕانەوەی بنەماڵەی چەكدارانی داعش بۆ عێراق زیاد دەكات



وەزارەتی كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، رێژەی گەڕانەوەی خێزانە عێراقییەكان لە كامپی هۆڵەوە گەیشتووەتە 150 خێزان، ئەمەش دوای تەواوبوونی پرۆسەی وردبینی لەلایەن راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە.

بەپێی ئاژانسی نۆرس پرێس، دوو لەسەر سێی دانیشتووانی كامپی هۆڵ لە رۆژئاوای كوردستان، كە بە یەكێك لە مەترسیدارترین گرتووخانەكانی داعش دادەنرێت، هاوڵاتی عێراقین، جگە لەوەی ژن و منداڵی بیانی لە نەتەوەكانی دیكەی جیهانی تێدایە و ژمارەیان نزیكەی 50 هەزار كەسە.

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق جابرۆ رایگەیاند، تێكڕای ئەو خێزانە عێراقیانەی لە كامپی هۆڵ دەگەڕێنەوە مانگانە دەگەنە 150 خێزان، ئەمەش دوای تەواوكردنی پرۆسەی وردبینی لەلایەن راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە.

ئەركەكانی وەزارەتی كۆچبەران بە “گەیشتنی ئەو خێزانانە بۆ سەنتەری چاكسازی كۆمەڵگا لە كامپی ئەلجەدەعە، و دواتر گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانی خۆیان دوای تەواوبوونی پرۆسەی چاكسازی” دەستپێدەكات. بە گوتەی وەزیری كۆچ و ئاوارەیی عێراق.

كامپی ئەلجەدەعە دەكەوێتە پارێزگای نەینەوا لە باكووری ڕۆژئاوای وڵاتەكە لەسنووری سووریا و كەسوكاری چەكدارانی داعش تێدا نیشتەجێدەكرێن كە لە كامپی هۆڵەوە دەگەڕێنرێنەوە.

ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاندبوو، كۆی ئەو خێزانە عێراقیانەی لە كەمپی هۆڵ لە رۆژئاوای كوردستانەوە گەڕاونەتەوە، گەیشتووەتە 925 خێزان.

لە كۆبوونەوەیەكدا بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوودا، حكومەتی عێراق نیازی خۆی نوێكردەوە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانیان لە كامپی هۆڵەوە كە لایەنە ئەمنییەكان بەردەوام دەبن لە پشكنینی دۆسیەی گەڕاوەكان بە شێوازی گروپ گروپ.

هەر عێراقییەك كە لە هۆڵەوە دەگەڕێتەوە بە قۆناغێكی “پشكنینی ئەمنی”دا تێدەپەڕێت، بەو پێیەی عێراق لیژنەیەكی ئەمنی پێكهێناوە كە یەك بە یەك خێزانەكانی ناو كامپەكان دەبینێت، دواتر دەیانگوازنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان.

فڕۆكەیەك لە بەغدا خرایەخوارەوە
پێشت فڕۆكەیەك لە بەغدا خرایەخوارەوە
دەست بە دابەشكردنی ئارد دەكرێت
دواتر دەست بە دابەشكردنی ئارد دەكرێت
ەیوەندیدار