سەعدی پیرە؛ بیانووی توركیا بوونی پەكەكە بێت دەبوو پێش سلێمانی فڕۆكەخانەكانی ئەستانبوڵ و بەرلین دابخستایە



ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر بیانووی توركیا بۆ داخستنی ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بوونی هاواداری پەكەكە بێت لە سلێمانی، ئەوا دەبوو فڕۆكەخانەكانی خۆی و چەند وڵاتێكی ئەوروپی دابخستایە و بەدرۆن لێی بدانایە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی (ئەمریكا)ی ڕاگەیاندووە، ئەگەر پەكەكە لەهەر شوێنێك هەبێت دەبێت گەمارۆ بدرێت و درۆنی بۆ بنێردرێت و فڕۆكەخانەكەی دابخرێت، ئەوا دەبێت یەكەمجار فڕۆكەخانەی ئەستانبوڵ دابخەن، چونكە پەكەكە لە ئەستانبوڵ لە قەندیلیش زیاتر هەیە.

دەشڵێت ،” دەبێت بەرلین و فەڕەنساش فڕۆكەخانەكانیان دابخرێت و درۆنیان بۆ بنێرێت، چونكە لەو شوێنانە هەواداری پەكەكە زیاترن “.

ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر سەیری كاردانەوەكەی كاك بافڵ بكەین هەوڵدەدات لەڕێگەی پەیوەندییە دیبلۆماسیەكان كۆتایی بەم كێشانە بهێنێت، من پێموایە ئەوەی كە ئێستا دەكرێت بەهانەیەكی بێمانایە لەهەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە سلێمانی هیچ بارەگایەك نییە ڕەنگە لەناو سوپای توركیاش خەڵك هەبێت هاوسۆز بێت لەگەڵ هەندێك كێشەی خەڵكی كوردستان.

دەقی چاوپێكەوتنەكەی :
” ئەمە یەكەمجار نیە ”
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو حكومەتی توركیا بڕیاریدا بەڕاگرتنی هەموو گەشتەكانی هێڵی توركش ئێیەرلاین بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی. هەرچەندە سەرەتا وترا كێشەكە تەكنیكیە، بەڵام ڕۆژی دواتر حكومەتی توركیا لە ڕاگەیەنراوێكدا بەفەرمی ڕایگەیاند بەهۆی لایەنی ئەمنی و زۆری جموجۆڵەكانی پەكەكە یە لە سلێمانی.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژەی بەوەكرد ئەمە یەكەمجار نیە توركیا ئەو مامەڵەیە دەكات.

لەو ڕووەوە سەعدی پیرە وتی: لەڕاستیدا ئەم بڕیارەی كە دراوە پەیوەندی نییە بە دۆخی سلێمانی، ئەو پڕوپاگەندەیە دەمێكە دەكرێت، تەنها ئەم بڕیارە نییە دەیان هاوڵاتی كە سەفەر دەكەن بە (توركیش ئێرلاین) بەتایبەتی لە فڕۆكەخانەی (سەبیحە) تەلەفونەكانیان لێدەستێنن ئەگەر وێنەی بەڕێز (مام جەلال)ی تێدا بێت یان وێنەی بەرپرسێكی تری لە حزبەكانی تری تێدابێت یاخود ئاڵای كوردستانی تێدا بێت یەكسەر مۆری لێدەدەن و قەدەغەی هاتووچۆی دەكەن بۆ توركیا.

پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنە… ”

بەبڕوای پیرە ئەم بڕیارەی توركیا زیاتر پەیوەندی هەیە بە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكان لە توركیا.

سەعدی پیرە وتی: بەداخەوە پڕوپاگەندەیەكی زۆر دەكرێت لەسەر پەكەكە لە سلێمانی بەو مانایە نییە كە پەكەكە بارەگای لەسلێمانی هەیە، ئەم بابەتە من پێموایە زیاتر پەیوەندی بە هەڵبژاردنەكانی توركیا و (مخاگبه) كردنی ناسیۆنالیستی توركە بۆ مەسەلەی دەنگدانە ئەگەرنا ئەوەی كە لە ڕابردوودا هەبووە لە سلێمانی گۆڕانكاری نەهاتووە بەسەریدا.

پیرە ئەوەشی وت: توركیا ئۆفیسی هەبووە لە سلێمانی پەیوەندی باش و توندوتۆڵی هەیە لەگەڵ سلێمانی هەمیشە لەسەر بابەتی چالاكیەكانی لایەنە سیاسیەكان لە نەوەدەكانەوە ئەو موناقەشانە هەیە.

دوێنێ هەینی، 7-4-2023، ئاسایشی فڕۆكەخانەی سلێمانی رایگەیاند ئەم ئێوارەیە لە “سیاجی فڕۆكەخانە” تەقینەوەیەك روویدا و هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبووە، بەڵام ئاگركەوتەوە و تیمەكان هەرزوو ئاگرەكەیان كۆنترۆڵكرد. ئاسایشی سلێمانی لە روونكردنەوەكەیدا ڕایگەیاند كە هێزەكانیان سەرقاڵی بەدواداچوونن لەبارەی لەبارەی تەقینەوەكە و لە داهاتوودا زانیاریی زیاتر بڵاودەكەنەوە.

سەعدی پیرە دەڵێت: ئێمە دراوسێین لەگەڵ توركیا نزیكەی 400 كیلۆمەتر سنور هەیە لەنێوان توركیا و هەرێمی كوردستان هەموو سنوری عێراق لەگەڵ كۆماری توركیا دەكەوێتەناو هەرێمی كوردستان، من پێموایە بیركردنەوە لە دابەزینی ئەو پەیوەندیانە و قسەكردن بەدرۆن و لولەی تفەنگ لەگەڵ هەرێمی كوردستان كارێكی دروست نییە چونكە جوگرافیا ئینكارە.

وتیشی: ئێمە هەرچی بكەین هەر دراوسێ دەمێنین، پێویستە هەم حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و دامودەزگا دیبلۆماسیەكان لەعێراق و لەدەرەوە، وە لایەنە سیاسیەكانی كۆماری توركیا بە (ئاكپارتی)شەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بكەونە گفتوگۆ بۆ سنورێك دانان بۆ ئەو (تجاوزاتە ناڕێكیانه).

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو یەكێتی هەوڵدەدات لە ڕێگای دیبلۆماسییەوە كۆتایی بەكێشەكان بهێنێت.

پیرە دەڵێت: ئەگەر سەیری كاردانەوەكەی كاك بافڵ بكەین هەوڵدەدات لەڕێگەی پەیوەندییە دیبلۆماسیەكان كۆتایی بەم كێشانە بهێنێت، من پێموایە ئەوەی كە ئێستا دەكرێت بەهانەیەكی بێمانایە لەهەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە سلێمانی هیچ بارەگایەك نییە ڕەنگە لەناو سوپای توركیاش خەڵك هەبێت هاوسۆز بێت لەگەڵ هەندێك كێشەی خەڵكی كوردستان.

” ئەگەر ئامانجەكە مەزڵوم كۆبانی بوبێت

لەدوای بۆردومانەكەی دوێنێی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەشێك لەسەرچاوە میدیاییەكان باسییان لەوەكرد، ئامانجی بۆردومانەكە مەزڵوم كۆبانی و بەرپرسێكی تری هەسەدە بووە.

بەڵام سەعدی پیرە دەڵێت: نازانم پاساوەكەی چییه؟‌ تەنانەت ئەگەر (مەزڵوم كۆبانی) لەوێ بێت ئەمە شتێكی نادروستە لە عورفی دەولی شتی وانەبووە (مەزڵوم كۆبانی) خەڵكی توركیا نییە و ئۆپۆزیسیۆنی توركیا نییه.

پەیوەندییەكانی یەكێتی و توركیا:

سەعدی پیرە ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی یەكێتی و توركیا كرد و وتی: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا خراپتر بووە، بەڵام خراپوونی پەیوەندییەكان یەك لایەنەیە ئێمە خوازیاری تێكدان و خراپكردنی پەیوەندی نیین.

ڕاشیگەیاند: ئێمە لەگەڵ لایەنەسیاسیەكانی توركیا پەیوەندیمان زۆر باشە تەنانەت لەگەڵ خەڵكی ناو (ئاكەپە)ش پەیوەندیمان زۆرباشە، پێیانوایە هەموو ئامڕازێك مەشروعە بۆئەوەی دوو دەنگ زیاتر بهێنن لە هەڵبژاردنەكان ئەوە كارێكی خراپه.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا توركیا چ داوایەكی لە ئێوە، وەك یەكێتی هەیە بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەی سلێمانی؟

سەعدی پیرە وتی: هەمیشە لایەنە سیاسیەكان ناكۆكی نێوان خۆیان كەمێك لە سنور تێپەڕاندووە، ڕەنگە پێیان وابێت شێوەی هاوكاری ئێمە لەگەڵ توركیا وەكو شێوەی هاوكاری لایەنە سیاسیەكانی تر نییە ئەمە ئاساییە ئێمە پێمانوایە چارەسەركردنی كێشەی پەكەكە بەئاشتی دەبێت ئەگەر كێشەی كورد لە توركیا چارەسەر بكرێت ئەو مەسەلانە خۆی لەخۆیدا چارەسەر دەبێت.

هەروەها سەعدی پیرە وتی: ئەمەی ئێستا بەتەواوەتی كتوپڕە، پێشتر كونسڵی گشتی توركیا لێرە بووە، زۆر هەوڵیدا و كاری كرد بۆئەوەی هەندێك لەو تەمومژ و گومانانە بڕەوێتەوە و پەیوەندییەكان بەرەوپێش بچێت، ئەمەی ئێستا پەیوەندی نییە بە پەیوەندییەكانی نێوان ئێمە و توركیاوە، بەڵكو پێموایە بەهانەیەكە ئەوەی كە بانگەشە دەكەن پەكەكە لەسلێمانی جموجۆڵی زیاتری هەیە هیچ بنەمایەكی نییە

هیچ بارەگایەكی پەكەكە نییە هەتا ئێمە دایبخەین، ئەو ژمارە و قەبارەیەی كە باس دەكرێت بنەمای نییە و وانییه.

كۆمەڵی دادگەری؛ هێرشی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی دەرهاویشتەی گرژی نێوان هەردوو حزبی ‏دەسەڵاتدارە
پێت كۆمەڵی دادگەری؛ هێرشی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی دەرهاویشتەی گرژی نێوان هەردوو حزبی ‏دەسەڵاتدارە
بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێكی نوێی بڵاوكردەوە
دوات بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێكی نوێی بڵاوكردەوە
پەیوەندیدار