ساڵی جوتیارانە



بارانی زۆر باریوە و بەرهەم زیاددەبێت

ئەمساڵ بەهۆی باران بارینی پێویستەوە لە سنووری هەڵەبجە پێشبینی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی كشتوكاڵی لە سنوورەكە دەكرێت.

لە سنووری هەڵەبجە بڕی 416 ملیم باران باریوە، ئەو ڕێژەش زۆر لەو بڕە زیاترە كە ساڵی ڕابردوو باریوە.

ستار مەحموود، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی هەڵەبجە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە ساڵانی 2020 هەتاكو 2023 بەپێی پێویست باران نەباریوە، بەڵام ناتوانین بڵێین وشكەساڵی بووە، ئەمساڵ هەتا ئەندازەیەك باران باریوە و دابەشبوونی بارانەكەش زۆر باش بووە و سوودی زۆری بە بەهەمی زستانە و دانەوێڵە گەیاندووە.

لە ماوەی ڕابردوودا لە زۆرینەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان پلەكانی گەرما زۆر دابەزین، بەپێی وتەی شارەزایان ئەو دۆخە زیانی بۆ بەرهەمی كشتوكاڵی هەیە، لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری كشتوكاڵی هەڵەبجە دەڵێت، چەند ڕێگەیەك بۆ پاراستنی كشتوكاڵ لە زیانەكانی نزمبوونەوەی پلەی گەرما هەیە، ئەوانیش كردنەوەی ئاگر و داپۆشینیەتی، بەڵام لە سنووری هەڵەبجە نزمبوونەوەی پلەی گەرما زیانی بە زەوی كشتوكاڵی و بەرهەمەكان نەگەیاندووە.

دەشڵێت: لەسەرەتای وەرزی زستانیشەوە، بڕێكی باشی باران باریوە كە هۆكار بووە بۆ بوژاندنەوەی كانی و كارێزەكانی سنوورەكە، پێشبینی دەكەین لە مانگی چواریشدا بڕی باران بارین زیاتر ببێت.

ئاماژەی بەوەشدا، دووجۆر بەرهەممان هەیە زستانە و هاوینە كە زستانەكە دانەوێڵەیە و ساڵانە ڕووبەرێكی بەرفراوانی زەوی لە سنوورەكە دەكرێت بە دانەوێڵە، پێشبینی دەكەین، ئەمساڵ ئاستی بەرهەم لە ساڵانی ڕابردوو زۆر زیاتر بێت و كەشێكی لەبارو گونجاو بێت بۆ جوتیارانی سنوورەكە.

لەبارەی بڕی بارانبارین لە سنووری هەڵەبجە بەڕێوەبەری كشتوكاڵ پارێزگاكە دەڵێت، ئەمساڵ لە سنوورەكە 416 ملیم باران باریوە ئەوەش زۆر زیاترە لە بڕی ئەو بارانەی ساڵی ڕابردوو باریوە.

جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو ئەمساڵ شەپۆلێكی بەهێز و بەردەوامی باران بارین زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە بەجۆرێك هەتا وەرزی بەهاریش باران باری و لە هەندێك ناوچە لە وەرزی بەهاردا بەفر باری.

هۆشداری لە مەترسیداری زیرەكی دەستكرد دەدرێت
پێشت هۆشداری لە مەترسیداری زیرەكی دەستكرد دەدرێت
پەنجا تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشكیی لە هەولێرەوە رەوانەی توركیا كرا
دواتر پەنجا تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشكیی لە هەولێرەوە رەوانەی توركیا كرا
ەیوەندیدار