پەنجا تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشكیی لە هەولێرەوە رەوانەی توركیا كرا



 

لە درێژەی كۆمەك و هاوكارییەكان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی توركیا، ئەمڕۆ ٥٠ تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشكیی وەك كۆمەك و هاوكاری لە هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی ناوچە كارەساتبارەكانی توركیا كرا.

رێوڕەسمەكە بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان، سامان بەرزنجی؛ پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو؛ كۆنسولی گشتیی توركیا لە هەولێر، مەولود یاقوت و سەرۆكی دەزگای خێرخوازی بارزانی، موسا ئەحمەد بەڕێوەچوو كە تیایدا هەشت ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەرەو توركیا بەڕێكران.

وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان، سامان بەرزنجی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا، رایگەیاند: “دوای بوومەلەرزەكانی توركیا، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەسەر راسپاردەی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، وەكو یەكەمین ھەڵمەت لەسەر ئاستی جیھان گەیشتینە ناوچە كارەساتبارەكان لە توركیا و سووریا و لەماوەی دوو ھەفتەدا، وەكو تیمی تەندروستیی ژمارەیەكی زۆر دەرمان و پێداویستی تەندروستیی پێشكەش كرا”.

دەشڵێت: “لەسەر داواكاری توركیا و لە رێگای كۆنسولی گشتیی توركیا لە ھەولێر داوای ھاوكاریی دەرمان و پێداویستی تەندروستی كرا، چونكە تا ئێستاش ئەم كارەساتە دەرەنجامەكانی درێژەی ھەیە و ھەزاران قوربانی لێكەوتووەتەوە و بە دەیان ھەزاری دیكەش ئاوارەبوون، ھەر بۆیەش ئێمە وەكو وەزارەت ھەڵمەتێكمان راگەیاند بۆ كۆكردنەوەی دەرمان، توانیمان ٥٠ تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشكی ئامادە بكەین، ئەو دەرمانانەن كە رۆژانە لێقەوماوان پێویستییان پێیەتی و دەرمانەكانیش ٢٥٨ بابەتی جیاوازە و تیمی وەزارەت بە فەرمی لەگەڵیان دەبن تا ئەو ھەشت بارھەڵگرە دەگەیەننە شاری ئادانا و لەوێ رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكرێن، ھاوكات تەواوی ئەو دەرمان و پێداویستییانەش بە فلتەری كوالێتی كۆنترۆڵدا تێپەڕیون”.

لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، هەروەها كۆنسوڵی گشتیی توركیا لە هەولێر، مەولود یاقوت سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگای خێرخوازی بارزانی كرد بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان : “ئەو بارھەڵگرانەی ئەمڕۆ دەچنە توركیا، ئەوانە هەر دەرمان و پێداویستی پزیشكی ناگەیەنن بەڵكو پەیامی مرۆڤدۆستی دەگەیەنن، ئەمەش بەلای ئێمەوە پەیامێكی دیكەیە بەو مانایەی ئێمە لەكاتی لێقەوماندا بەتەنیا نین و دۆستمان هەیە”.

هەروەها سەرۆكی دەزگای خێرخوازی بارزانی، موسا ئەحمەد تیشكی خستە سەر هەوڵەكانییان بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان : “دوای بوومەلەرزەكانی توركیا، ئێمە تا ئێستاش بەردەوامین لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و ئێستاش رۆژانە شەش ھەزار ژەمەخۆراكی گەرم پێشكەش بە لێقەوماوان دەكرێت لە ناوچە كارەساتبارەكان “.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە شەشی شوباتی ٢٠٢٣، دوو بوومەلەرزە بەگوڕەكانی ٧،٧ و ٧،٦ پلە توركیایان ھەژاند و سووریایشی گرتەوە.

بوومەلەرزەكان ژمارەیەكی زۆر قوربانی لێكەوتەوە و ژمارەی ئەو كەسانەی لە توركیا و سووریا بەھۆی بوومەلەرزەكەوە گیانیان لەدەستداوە ٥٠ ھەزار كەسی تێپەڕاندووە.

ساڵی جوتیارانە
پێشت ساڵی جوتیارانە
پەرلەمان و حكوومەت تاووتوێی بوودجە دەكەن
دواتر پەرلەمان و حكوومەت تاووتوێی بوودجە دەكەن
ەیوەندیدار