ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

یەكێتی لە نزیكبوونەوەی پارتی و گۆڕان نیگەرانە

خەڵك-بەشی هەواڵ

یەكێتی نیشتمانی كوردستان نیگەرانە لە نزیكبوونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە هەنگاوێكی بێ پێشینەدا لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، دوای ململانێیەكی توندی نێوانیان.

فراكسیۆنەكانی پارتی و گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دوو پرۆژەیان بۆ هەڵپەساردنی پۆستی سەرۆكی هەرێم پێشكەشكرد و پرۆژەكە لەلایەن پەرلەمانەوە دوێنێ پەسەند كرا.

جەعفەر ئیمینیكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند، كە پرۆژەكانی پارتی و گۆڕان لێكتێگەیشتنی هاوبەش بووە.

بزوتنەوەی گۆڕان بە پشت بەستن بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی 2013 كە دووهەم حزب بوو لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەم براوەی هەڵبژاردن رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی هەشتی حكومەتیان كرد و گۆڕان زۆرینەی پۆستەكانی یەكێتی وەك سەرۆكی پەرلەمان، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی پێشمەرگە و پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیشی بە پشتیوانی پارتی وەرگرت.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوای نیگەرانییەكی زۆر بە نا بەدڵی چووە نێو حكومەتەوە كە تەنها پۆستی باڵا كە وەریگرت جێگری سەرۆكوەزیران بوو، كە دوای ماوەیەك زۆرینەی دەسەڵاتەكانی پێشووش لە جێگری سەرۆك وەزیران سەندرایەوە كە لە ئیدارەی ناوچەی سلێمانی هەیبوون.

لە 23ی حوزەیرانی 2015 یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتوو و بزوتنەوەی ئیسلامی پرۆژەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیان بردە پەرلەمان و خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كرد.

بەم هۆیەوە پەیوەندییەكانی گۆڕان و پارتی كە رۆژ بەرۆژ بەرەو هەڵكشان دەچوون، هاتنەوە خاڵی سفر تاكارگەیشتە دەركردنی گۆڕان لە حكومەت لەلایەن پارتییەوە لە مانگی 10ی 2015دا.

لەوكاتەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەگەرچی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كرد لە 2016 و جێبەجێنەكرا و لەلایەن گۆڕانەوە هەڵپەسێردرا، بەڵام بەردەوام یەكێتی هاوسەنگی لەنێوان گۆڕان و پارتیدا راگرتووە و زیاتریش لە زۆر هەنگاودا لە پارتییەوە نزیكتربووە بەتایبەت لە پرسی سازكردنی ریفراندۆمی سەربەخۆییدا.

ماوەیەكە لە مێدیای فەڕمی بزوتنەوەی گۆڕانەوە باس لە رێككەوتنی نوێی ستراتیژی پارتی و یەكێتی دەكرێت و بەرپرسانی یەكێتی و پارتیش نایشارنەوە كە لێكتێگەیشتن هەیە، بەڵام رێككەوتن نییە.

لە نوێترین پێشهاتیش پارتی و گۆڕان لە پرۆژەیەكی هاوبەشدا بۆ هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم كۆبوونەوە، بەپێی زانیارییەكانی گەیشتوو بە (خەڵك) یەكێتی لەم نزیكبوونەوەی پارتی و گۆڕان نیگەرانە و مەترسی هەیە هەمان سیناریۆكەی 2014 دووبارە ببێتەوە.

پەرلەمانتارێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرایدەكات “ئەگەر ئێمە رێكەوتنمان لەگەڵ پارتی هەبوایە، دەبوو ئێمە پڕۆژە یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێمان بناردایەتە پەرلەمان”.

هەرچەندە پارتی و یەكێتی بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی عێراق لێكتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوانیاندا هەیە و دەیانەوێ پێكەوە پۆستەكانی بەغدا وەرگرن و دابەشیان بكەن و پێكەوەش بەڕێوەیان بەرن، بەڵام وەك پەرلەمانتارێكی یەكێتی ئاماژەی بۆ دەكات هیچ رێكەوتنێكیان لەگەڵ پارتی نییە.

عەباس فەتاح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بە (خەڵك)ی راگەیاند “ئەگەر رێكەوتنامەی ستراتی لەنێوان ئێمە و پارتی هەبوایە، ئەوكات ئێمە پڕۆژەی سڕكردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمان دەكرد كە لە مێژە پارتی داوای دەكات”.

وتیشی “كێ ناڵێت لایەنیتر ئەو رێكەوتنامەیە دەكات، بۆیە پڕۆژەی بۆ پێشكەش دەكات، ئەمە تەنها بۆچونی خۆمەو هیچ شتێكم نەبیستووە كە رێكەوتنێك هەبێت لەنێوان یەكێتی‌و پارتی”.

رونیشیكردەوە “ئەو قسەیەی دەیكەم بەو مانایە نییە كە یەكێتی‌و پارتی بەردەوام شەڕیان بێت، پێمباشە هەمیشە رێكەوتنیان هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵك، رێكەوتن باشە هەموو لایەنێك بیكات، نەك لایەنێك بیكات لەسەر حیسابی لایەنێكیتر، بەڵكو پێویستە هەموومان بیكەین لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی”.

ئاشكراشیكرد “لە سیاسەتدا هەموو شتێك هەیە، ئەگەر رێكەوتنێكی ژێربەژێر هەبێت، سبەی ئاشكرا دەبێت، با چاوەڕێ بكەین‌و تەنها بیر لەوە نەكەینەوە كە یەكتر بشكێنین، بەڵكو هەموو واقیعەكە بۆ خەڵكی كوردستان دەردەكەوێت”.

پارتی دوو رێگای لەبەردەمدایە نزیكبوونەوە لە گۆڕان یان یەكێتی، هەردووكیشیان ئەگەرچی دەبنە كۆڵەكەیەك بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتەكەی و ناچارە لەگەڵ یەكێكیان درێژە بە دەسەڵاتەكەی بدات، بەڵام دڵی پارتیش رازی ناكەن، بۆیە ئێستا پارتی دوو دڵە، كە كامیان هەڵببژێرێت.

راپۆرت

یادی لەدایكبوونی پێغەمبەرە (د.خ)
(خەڵك) ڕاپۆرتێكی ورد لەسەر ژیانی پێغەمبەری ئیسلام بڵاودەكاتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

موحەممەدی كوڕی عەبدوڵڵا كوڕی عەبدولموتەلیب، موسڵمانان بە پێغەمبەری خوای دادەنێن بۆ ھەموو مرۆڤایەتی تا خەڵك بگەڕێنێتەوە بۆ یەكتاپەرستی و پەرستنی خوا لەسەر ڕیبازی ئیبراھیم و لەو باوەڕەدان، كە باشترینی دروستكراوانی خوایە و پێشەوای مرۆڤە، لەگەڵ ناوھێنانیدا دەڵێن «صلی اللە علیە وسلم» واتە « دروودی خوای لێبێت»، كە لە قورئان و سوننەتدا ئەوە ھاتووە، وایان لێدەكات سڵاواتی لەسەر بدەن.

نووسەری یەھوودی مایكل ھارت لە دانانی كتێبی مەزنترین ١٠٠ كەسایەتی مێژوودا، پێغەمبەر موحەمەد (د.خ)ی داناوە بە مەزنترین كەس بەو بڕوایەی، كە “تەنھا كەسە لە مێژوودا بە تەواوی سەركەوتوو بووە لەسەر ئاستی ئایینی و دونیایی” و دەڵێت: “موحەمەد كاریگەرییەكی گەورەی لە دەروونی موسڵمانان بە جێھێشتووە، ئەمەش دەردەكەوێت لە یادكردنەوە و شوێن پێ ھەڵگرتنییاندا لە شێوازی ژیان و پەرستشەكانی و ھەروەھا لە ھەستانیان بە لەبەركردنی ووتە و ھەڵسوكەوت و سیفەتەكانی”.

پێغەمبەری ئیسلام لە دایك بووە لە مەككە لە مانگی ڕەبیع ئەلئەوەلی ساڵی فیل، بەرامبەر ساڵی ٥٧٠ یان ٥٧١ی زایینی، پێش ئەوەی لە دایك بێت باوكی كۆچی دوایی كردووە و ھەر لە مناڵیشدا دایكی لەدەست دەدات، پەروەردە دەبێت لای عەبدول موتەلیبی باپیرەی پاشان لای ئەبو تالیبی مامی، كە لەو ماوەیەدا خەریكی شوانی دەبێت، پاشان بازرگانی دەكات، لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا ژیانی ھاوسەری پێك ھێناوە لەگەڵ “خەدیجە كچی خووەیلید”، كە دایكی ھەموو مناڵەكانی بووە بێجگە لە ئیبراھیم.

سبەینێ‌ سێ‌ شەممە، 20ی تشرینی دووەمی 2018، كە بەرامبەرە بە 12ی ربیع الأولی ساڵی كۆچی، یادی ئەو پێغەمبەری ئیسلام لە سەرتاسەری جیهانی ئیسلامی و لەناو موسڵمانان لە جیهاندا دەكرێتەوە.

پێغەمبەر لە پێش ئیسلامدا حەنیفی بووە و خوای پەرستووە لەسەر ڕیبازی ئیبراھیم و پەرستنی “بت”ی ڕەتكردۆتەوە، كە لەو كاتانەدا بەربڵاوبووە لە مەككەدا، موسڵمانان لەو باوەڕەدان، كە نیگای خوای پێ گەیشتووە كاتێك لەتەمەنی 40 ساڵیدا بووە، سێ ساڵ بە نھێنی بانگەوازی كرد، پاشان 10 ساڵی لە مەككە بە سەر برد بە بانگ كردنی خەڵكەكەی و بازرگانەكان و سەردانكەرانی كەعبە، كە دەھاتنە مەككە و لە ساڵی ٦٢٢ز كۆچی كرد بۆ شاری مەدینە، كە ناودەبرا بە “یەسرب”، دوای ئەوەی گەورەكانی قوڕەیش كەوتنە پیلان گێڕان لێی و بانگەوازەكەیان ڕەت دەكردەوە، 10 ساڵی كۆتایی ژیانی لە مەدینە بەسەر برد بە بانگەوازی ئیسلامی و بناغەی شارستانی ئیسلامی دانا، كە دواتر فراوان بوو و مەككە و ھەموو شار و ھۆزە عەرەبیەكانی گرتەوە، و بۆ یەكەم جار عەرەبی یەكخست لەسەر یەك ئاینی یەكتاپەرستی و لە دەوڵەتێكی یەكگرتوودا.

نەژادی پێغەمبەر (د.خ):
ئەبوو قاسم موحەمەدی كوڕی عەبدولڵای كوڕی عەبدولموتەلیبی كوڕی ھاشمی كوڕی عەبدولمەننافی كوڕی قوسەیی كوڕی كیلابی كوڕی مڕەی كوڕی كەعبی كوڕی لوئەیی كوڕی غالیبی كوڕی فەھری كوڕی مالیكی كوڕی نەزڕی كوڕی كینانەی كوڕی خەزیمەی كوڕی مدركەی كوڕی ئلیاسی كوڕی مزڕی كوڕی نزاری كوڕی موعدی كوڕی عەدنانە (تا ئێرە ڕێكەوتوون لەسەری زانایان)، لەگەڵ ئەوەی سەلمێنراوە دەچێتەوە سەر نەسەبی ئیسماعیلی كوڕی ئیبراھیم.

ھیچ لقێك نییە لە قوڕەیشدا، كە نزیكاتی لەگەڵ موحەمەددا نەبێت و موسڵمانان لەو باوەڕەدان، كە خوا ھەڵیبژاردووە لە باشترین ھۆز و پشت و نەسەبدا.
باوكی؛ عەبدولڵای كوڕی عەبدولموتەلیب بووە، كە لە چاكترین كوڕەكانی باوكی بووە و لێبوردەترین و نزیكترینیان بووە لێوەی و بچوكترینیان بووە.
دایكی؛ ئامینەی كچی وەھب كوڕی عەبد مەناف كوڕی زەھرە كوڕی كیلاب بووە، كە لەو ڕۆژانەدا باشترین ژنی قوڕەیش بووە لە نەسەب وشوێندا و باوكی پێشەوای بەنی زەھرە بووە لە نەسەب و شەرەفدا.

لە دایكبوونی پێغەمبەر (د.خ):
موحەمەد لە دایك بووە لە مەككە (بە پێی گێڕانەوەكانی سوننە لە دایك بووە لە ڕۆژی دوو شەممە، ١٢ی ڕەبیع ئەلئەوەلی ساڵی فیل، بەرامبەر ٢٠ یان ٢٢ی نیسانی ساڵی ٥٧١ یان ٥٧٠ی زایینی). شەش مانگ پێش لە دایكبوونی باوكی كۆچی دوایی كردووە، كاتێك لە دایك دەبێت ئامینەی دایكی دەنێرێت بۆ لای عەبدول موتەلیب مژدەی بدەنێ ئەویش زۆری پێ خۆش دەبێت و دەچێتە كەعبەوە سوپاسی خوا ئەكات و ناوی موحەمەدی بۆ ھەڵدەبژێرێت، كە لەو كاتەدا ئەو ناوە لە ناو عەرەب باو نەبووە.

پەروەردە بوونی:
یەكەم كەس، كە شیری پێدا لە دوای دایكی سویبەی خزمەتكاری ئەبولەھەب بووە و پاشان بردیانە لای حەلیمەی سەعدی و ئەو گرتیەخۆی و چەند مانگ جارێك دەیھێنایەوە بۆ لای دایكی، دوو ساڵ لە بەنی سەعد مایەوە پاشان حەلیمە ھات بۆ لای دایكی تا داوای لێبكات زیاتر لایان بمێنێتەوە تاكو گەرمای مەككە كاری تێ نەكات و ھەروەھا لەبەر ئەو بەرەكەتەی ڕووی تێكردبوون بە ھۆی ئەوەوە، بەڵام لە دوای ڕووداوی لەتكردنی سنگی موحەمەد ترسان و گەڕاندیانەوە بۆ لای دایكی.

لاوێتی پێغەمبەری ئیسلام چۆن بووە؟
مامی ئەبوتاڵیب داھاتێكی زۆری نەبوو، لەبەرئەوە موحەمەد سەرەتا شوانی دەكرد لە بەنی سەعد لە سەر چەند قیڕاتیك بۆ خەڵكی مەككە (قیڕات بەشێكە لە درھەم یان دینار). “لەگەڵ ئەوەی شیعە ھەواڵی شوانییەكەی ڕەت دەكەنەوە”، كاتێك گەیشتە تەمەنی ١٢ ساڵی لەگەڵ مامی ڕۆیشت بۆ شام بۆ بازرگانی، ناونرا بە ئەمین و ڕاستگۆ و خەڵك ئەمانەتیان لەلا دادەنا و كاتێك قوڕەیش بینای كەعبەیان نوێكردەوە، جیاوازیان كەوتە نێوان لەسەر دانانەوەی بەردە ڕەشەكە لە شوێنی خۆی، بۆیە ڕێكەوتن یەكەم كەس ھاتە ژوورەوە دایبنێت، موحەمەد ھاتە ژوورەوە وتیان ئەمین ھات و ڕازی بوون، كە ئەو دایبنێت، داوای پۆشاكێكی كرد و بەردەكەی خستە سەری و ھەموو تیرە و ھۆزەكانی شاری مەككەی بانگ كرد و ھەر یەكەی چەمكێكیان گرت و ھەڵیان گرت، پاشان بە دەستی خۆی بەردەكەی خستەوە شوێنی خۆی.

ھاوسەرگیری لەگەڵ خەدیجە:
خەدیجە كچی خووەیلید، ئافرەتێكی بازرگانی سەروەر و سەرفرازی شاری مەككە بوو، كاتیك ھەواڵی دەست پاكی موحەمەد گەیشت پێی، ناردی بە شوێن موحەمەدا و پێشنیاری خستە بەردەمی، كە بەشداری بكات لە بازرگانیەكەیدا بۆ شام، موحەمەد ڕازی بوو و دەرچوو بۆ شام و شتومەكی كڕی و گەڕایەوە بۆ مەككە قازانجێكی زۆری كرد، بۆیە لە دوای گەڕانەوەكەی لە شام خەدیجە پێشنیاری ھاوسەرگیری خستە بەردەمی، موحەمەدیش دوای ئەوەی داواكەی خستە بەردەم مامەكانی، خەدیجەی خواست كاتێك لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا بوو خەدیجە لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا یان ھەندێك ئەڵێن ئەویش لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا بووە.

“خەدیجە” دایكی ھەموو مناڵەكانی بوو بێجگە لە “ئیبراھیم” كە دایكی ئەو “ماریە قەبتی” بوو، مناڵەكانی تری قاسم و عەبدولڵا و زەینەب و ئوم كەلسوم و فاتمە بوون. قاسم و عەبدولڵا لە سەردەمی نەفامیدا مردن، بەڵام ھەموو كچەكانی ئیسلام بوون و لە گەڵیا كۆچیان كرد، بەڵام ھەموویان ھێشتا پێغەمبەر لە ژیاندا بوو مردن بێجگە لە فاتیمە.

كۆچی دوایی پێغەمبەر موحەمەد (د.خ):
یەكەم شت، كە پێغەمبەر موحەمەد زانی كاتی وەفاتی نزیك بۆتەوە ئەوە بوو، كە لە فەتحی مەككەدا سورەتی “النصر”ی بۆ دابەزی ﴿إِذَا جَا‌ء نَصْرُ اللَّه والْفَتْحُ﴾ واتە؛ كاتێ یارمەتی و كۆمەكی خوا دێت، شاری مەككە ڕزگار دەكرێت و دەرگای ئازادی واڵا دەكرێت. لە كۆتاییەكانی مانگی سەفەری ساڵی ١١ی كۆچی، موحەمەد توشی تایەكی بەھێز بوو، نەخۆشییەكەی لێی توند بوو، مۆڵەتی لە خێزانەكانی وەرگرت تا لە ماڵی عائیشەی كچی ئەبووبەكر بمێنێتەوە.

پێغەمبەر نوێژی بە موسڵمانان ئەكرد كاتێك نەخۆش بوو ١١ ڕۆژ و كاتێك نەخۆشییەكەی بە تەواوی قورس بوو فەرمانی بە ئەبووبەكر كرد نویژیان پێ بكات و ١٣ ڕۆژ دوای نەخۆشییەكەی كۆچی دوایی كرد لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا و لە ماڵی “عائشە” نێژرا لە تەنیشت مزگەوتی پێغەمبەر.

سەرچاوە: ویكیپیدیا

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

بەوێنەوە، خاشقچی ژنێكی تری بەنهێنی هەبووە
چەند نهێنیەكی نوێ‌ لەسەر ژیانی ڕۆژنامەنووسە سعودیەكە ئاشكرابوو

خەڵك- بەشی هەواڵ
لە پەرەسەندنێكی لەناكاوی كەیسی جەمال خاشقچی، ڕۆنامەنوسی كوژراوی سعودی، خانمێكی میسری ڕایدەگەیەنێت، كە بەر لە مانگێك لە كوژرانی ناوبراو لەنێو كونسوڵخانەی وڵاتەكەی، زەماوەندی هاوسەرگیری نهێنی لەگەڵ خاشقچی كردووە لە ئەمریكا.

ژنەكە بە ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ڕاگەیاندووە، “زەماوەندەكە بە نهێنی سازكراوە بەبێ‌ ئەوەی خەدیجە جەنگیزی دەستگیرانی یان ئەندامانی ڕۆژنامەنووسە كوژراوەكە، ئاگاداربن”.

ئەو ژنە هۆكاری ئاشكراكردنی پەیوەندی هاوسەرگریی لەگەڵ جەمال خاشقچی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە ئەویش وەك ژنێكی موسڵمان، مافی تەواوی خۆی دەوێت و خواستی هەیە دانی پێدا بنرێت.

(واشنتۆن پۆست) كە وتارەكانی خاشقچی بڵاودەكردەوە دەڵێت، “ئەو ژنە نامە نوسراوەكانی خۆی و خاشقچی و وێنەكانی بۆ ڕۆژنامەكە خستۆتەڕوو، بە تایبەت ئەو وێنانەی، كە لەكاتی زەماوەندی هاوسەرگیرییەكەیدا لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو لە واشنتۆن گرتویانە”.

هاوڕێیەكی خاشقچی تەئكیدی لەسەر ئەو هاوسەرگیرییە كردووە، كە خۆی وەك شاهید ئامادەی بووە، بەڵام لەبەر هۆكاریی ئەمنی ناوی خۆی ئاشكرا نەكردووە.

ئەو ژنە میسرییە، كە بەڵگەی لەسەر هاوسەرگیری لەگەڵ خاشقچی خستۆتەڕوو، ئاماژەی بە پێشكەشكردنی ئەو بەڵگانە كردووە بە هەردوو كونسوڵخانەی سعودی و توركی لە یەكێك لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەو ژنە نهێنییە كە تەمەنی 50 ساڵانە، بە (واشنتۆن پۆست)ی ڕاگەیاندووە، “لە ناوچەی كەنداو نیشتەجێیە و ماوەیەكی لەگەڵ خاشقچی بەسەربردووە كاتێك گەیشتۆتە ئەمریكا بەهۆی كارەوە” و وتوشیەتی، “پێش دەساڵ خاشقچیم بینیوە ئەوەش لە پەراوێزی كۆڕبەندی ڕاگەیاندن، كە لە شەرقولئەوسەت سازكرا، بەڵام ساڵی ڕابردوو پەیوەندی خۆشەویستیمان دەستی پێكرد”.

ئەو ژنە ڕاشیگەیاندووە، كە لە مانگی ئەیلولی ڕابردوو بۆ دوایین جار خاشقچی بینیوە و دەشڵێت: “خاشقچی چەندین جار نیگەرانی خۆی نیشانداوە لەو ڕێوشوێنانەی دەسەڵاتدارانی سعودی لە دژی گرتویانەتە بەر، بەڵام بڕوای بەوە نەكردووە ئەو ڕێوشوێنانە مەترسی بۆ سەر ژیانی دروست بكەن”.

(واشنتۆن پۆست) ئاماژەی بەوەكردووە، كە ئەندامانی خێزانی خاشقچی ڕەتیان كردۆتەوە قسە لەسەر ئەو بابەتە بكەن، بەڵام شێخ ئەنوەر حەجاج وتویەتی، “گرێبەستی هاوسەرگیری بۆ ئەو دوو هاوسەرە كردووە”، كە پڕۆفیسۆری خوێندنی ئیسلامیە لە زانكۆی كراوەی ئەمریكی لە ڤێرجینیا.

لای خۆشیەوەن خەدیجە جەنگیز، دەستگیرانە توركیەكەی خاشقچی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە ڕۆژنامەكەی وتووە، “هیچ زانیارییەكی نییە دەربارەی پەیوەندی خاشقچی بە ژنێكی میسرییەوە”.

وتوشیەتی، “ئەو ژنە دەیەوێت وێنەی خاشقچی لەبەر چاوی هاوڵاتیان ناشرین بكات و دەیەوێت ڕاستگۆیی لەكەدار بكات و زیان بە ناوبانگی بگەیەنێت”.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر ئەو ژنە بانگەشەكەی بسەلمێنێت، ئەوا مافی هەیە بەشێكی ئەو قەرەبووەی دەدرێتە كەسوكاری خاشقچی لەلایەن حكومەتی سعودیەوە بەدەست بهێنێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

هەر حزبێك چەند وەزارەت وەردەگرێت؟
سیناریۆ و خاڵبەندی دابەشكردنی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم ئاشكراكرا

خەڵك – بەشی هەواڵ
پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌ و چۆنیەتی دابەشكردنی كێكی دەسەڵات بەپێی خاڵ، شێوازێكە، كە بەمدواییە لە پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق پەنای بۆ برا، لەم شێوازەدا هەر پۆستێكی باڵا بەهاكەی بە خاڵ دیاری دەكرێت ‌و بەراورد دەكرێت بە ژمارەی كورسی هەر لایەنێك لەناو پەرلەمان.

عومەری حاجی عنایت، ئەندازیار و پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان لەم شیكاریەدا، كە بۆ (درەو میدیا)ی ئامادەكردووە، شێوازی پێكهێنانی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی سیستمی (خاڵ) ڕوندەكاتەوە، تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەو دەرئەنجامانەدا دەكات، كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن‌ و ڕاپرسییەوە بڵاوكراوەتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، بەپشتبەستن بە ژمارەی پۆستە باڵاكان لە هەرێمی كوردستان، بەپێی گرنگی هەر یەكێك لەو پۆستانە، بەشێوەی خاڵ نرخێكی خەمڵێنراو دادەنێین‌ و بەراوردی دەكەین لەگەڵ ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان كە (111) كورسییە.

پۆستە باڵاكان بەپێی خاڵ:
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران (لەگەڵ بەشێك لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم: 20 خاڵ
• جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران: 10 خاڵ
• سەرۆكی پەرلەمان: 12 خاڵ
• جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: 6 خاڵ
• جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: 5 خاڵ
• وەزیری دارایی: 4 خاڵ
• وەزیری ناوخۆ: 4 خاڵ
• وەزیری پێشمەرگە: 4 خاڵ
• وەزیری سامانە سروشتییەكان: 4 خاڵ
• وەزیری پلاندانان: 2 خاڵ
• وەزیری گواستنەوە و گەیاندن: 2 خاڵ
• وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی: 2 خاڵ
• وەزیری پەروەردە: 2 خاڵ
• وەزیری داد: 2 خاڵ
• وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی: 2 خاڵ
• وەزیری شارەوانی‌و گەشتوگوزار: 2 خاڵ
• وەزیری شەهیدان‌و ئەنفالكراوەكان: 2 خاڵ
• وەزیری ئەشغال‌و ئاوەدانكردنەوە: 2 خاڵ
• وەزیری كارەبا: 2 خاڵ
• وەزیری تەندروستی: 2 خاڵ
• وەزیری پیشەسازی‌و بازرگانی: 2 خاڵ
• وەزیری ئەوقاف‌و كاروباری ئایینی: 2 خاڵ
• وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو: 2 خاڵ
• وەزیری رۆشنبیری‌و لاوان: 2 خاڵ
• سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران: 2 خاڵ
• دەستەی وەبەرهێنان: 2 خاڵ
• وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە: 1 خاڵ
• فەرمانگەی پەیوەندیۆەكانی دەرەوە: 1 خاڵ
• وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان: 1 خاڵ
• فەرمانگەی میدیاو زانیاری: 1 خاڵ
• فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون: 1 خاڵ
• فەرمانگەی كاروباری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم: 1 خاڵ
• دەزگای كاروباری مین: 1 خاڵ
• ئەنجومەنی باڵای خانمان: 1 خاڵ
• دەستەی گەشتوگوزار: 1 خاڵ
• ئەنجومەنی ئاسایش‌و پاراستنی هەرێم: 3 خاڵ

بەوپێیەی پۆستی سەرۆكی هەرێم لەئێستادا هەڵپەسێردراوە و زۆرینەی دەسەڵاتەكانی دراوە بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران‌ و بەشێكی دەسەڵاتەكانی دراوە بە سەرۆكی پەرلەمان ‌و بەشێكی تری دراوە بە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری، نرخی كورسیی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران (20) خاڵی وەرگرتوە و كورسی سەرۆكی پەرلەمان (12) خاڵی وەرگرتووە، بەشێك لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لای سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەرییە، بەوپێیە دەسەڵاتی دادوەری دەبێت بێلایەن بێت ‌و نایەتە ناو ئەم هاوكێشەیەوە.

گریمانەی پێكهێنانی حكومەت:
لەحاڵێكدا (پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌ و پێكهاتەكان كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنن، كە تائێستا ئەمە بۆچونێكی پێشبینیكراوە، ئەگەر نرخی یەك كورسی پەرلەمان بە (1) خاڵ دیاری بكەین، ئەوا هێزی لایەنەكان بەپێی خاڵەكانیان بەمشێوەیە دەبێت:
• پارتی: 45 كورسی
• یەكێتی: 21 كورسی
• گۆڕان: 12 كورسی
• پێكهاتەكان: 11 كورسی

كۆی گشتی ئەم پێكهاتەیە دەبێت بە (89 كورسی)، واتە (89 خاڵ)، (22) خاڵی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دەمێنێتەوە، بەپێی سەنگی كورسییەكانیان‌ و بەشێوەی ڕێژەیی دابەش دەبێت بەسەر پارتی ‌و یەكێتی ‌و گۆڕاندا وەك سێ براوەی یەكەم ‌و دووەم‌ و سێیەمی هەڵبژاردنەكانی 30 ئەیلولی 2018 بەمشێوەیە:
• پارتی: 12 خاڵ
• یەكێتی: 6 خاڵ
• گۆڕان: 4 خاڵ

پاش دابەشكردنی خاڵەكانی ئەو لایەنانەی، كە دەبن بە ئۆپۆزسیۆن، خاڵەكانی ئەو لایەنانەی كە دەسەڵات پێكدەهێنن بەمشێوەیەی لێدێت:
• پارتی: 57 خاڵ
• یەكێتی: 27 خاڵ
• گۆڕان: 16 خاڵ
• پێكهاتەكان: 11 خاڵ

كۆی گشتی خاڵەكان دەبێت بە (111) خاڵ ‌و لەم حاڵەتەدا پارتی ئەم پۆستانە دەبات:
پشكی پارتی:
• سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران (بە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمەوە): 20خاڵ
• جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: 6 خاڵ
• وەزیری سامانە سروشتییەكان: 4 خاڵ
• وەزیری پێشمەرگە: 4 خاڵ
• وەزیری پلاندانان: 2خاڵ
• وەزیری ئەشغال ‌و ئاوەدانكردنەوە: 2 خاڵ
• وەزیری كارەبا: 2 خاڵ
• وەزیری كشتوكاڵ: 2 خاڵ
• وەزیری خوێندنی باڵا: 2 خاڵ
• وەزیری تەندروستی: 2 خاڵ
• وەزارەتی ئەوقاف: 2 خاڵ
• وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە: 1 خاڵ
• وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان: 1خاڵ
• دەستەی گەشتوگوزار: 1خاڵ
• فەرمانگەی كاروباری مین: 1 خاڵ
• فەرمانگەی كاروباری ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم: 1خاڵ
• فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە: 1 خاڵ
• راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم: 3خاڵ
كۆی ئەو پۆستانە كە پارتی دەیبات بەخاڵ دەكاتە (57) خاڵ.

پشكی یەكێتی:
• سەرۆكی پەرلەمان: 10 خاڵ
• جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران: 6خاڵ
• وەزیری ناوخۆ: 4خاڵ
• وەزیری گواستنەوە و گەیاندن: 2 خاڵ
• سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران: 2خاڵ
• فەرمانگەی كاروباری ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم: 1خاڵ
• وەزیری رۆشنبیری ‌و لاوان: 2خاڵ
كۆی ئەو پۆستانەی، كە یەكێتی دەیبات بە خاڵ دەكاتە (27) خاڵ.

پشكی بزوتنەوەی گۆڕان:
• جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: 5 خاڵ
• وەزیری دارایی: 3 خاڵ
• وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی: 2 خاڵ
• وەزیری شارەوانی ‌و گەشتوگوزار: 2 خاڵ
• وەزیری شەهیدان‌ و ئەنفالكراوان: 2 خاڵ
• وەزارەتی پەروەردە: 2 خاڵ
كۆی گشتی ئەو پۆستانەی، كە بزوتنەوەی گۆڕان دەیبات بە خاڵ دەكاتە (16) خاڵ.

پشكی پێكهاتەكان:
پێكهاتەكانی كلدنی، سریانی، ئاشوری كە بە سیتمی كۆتا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، كۆی گشتی خاڵەكانیان (5) خاڵە:
• وەزیری پیشەسازی ‌و بازرگانی: 2 خاڵ
• فەرمانگەی میدیا و زانیاری: 1خاڵ

پێكهاتەی توركمان (5) خاڵ- كۆتا:
• وەزیری داد: 2 خاڵ
• ئەنجومەنی باڵای خانمان: 1 خاڵ

پێكهاتەی ئەرمەن (1) خاڵ- كۆتا:
• فەرمانگەی بەدواداچوون ‌و پەیوەندیەكانی ئەنجومەنی وەزیران: 1 خاڵ

تێبینی یەكەم:
لەبەرئەوەی خاڵی بەدەستهاتووی پێكهاتەكان لە پەرلەمان بەهۆی سیستمی كۆتا هاتووە، لە حكومەتیشدا لە سەنگی خۆیان زیاتریان پێدراوە، ئەكرێت بەهۆی ڕێككەوتنی پێشوەختەوە، هەردوو پۆستی (سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان- 2 خاڵ) و (وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن- 2 خاڵ) بدرێتە یەكێتی ‌و گۆڕان بەدەر لە شایستەی خۆیان، بەپێی ئەم سیستمەی لیرەدا هاتووە.

تێبینی دووەم:
دانانی نرخی پۆستە و زاری‌ و دەستە و فەرمانگەكان زادەی بیری خۆمە، ئەكرێت بەپێی بۆچونی كەسێكی دیكە یان ڕێككەوتنی پێشوەخت ئەم خەمڵاندنە بگۆڕدرێت، بەڵام ئەكرێت سود لەم سیستمە وەربگیرێت‌ و بەرچاوڕونی زیاتر بداتە لایەنەكان ‌و بكرێتە بنەما بۆ پیكهینانی حكومەت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟

کوردستان

دوایین