وەزارەتی كارەبا: بەرهەمهێنانی كارەبا كەمدەكات



وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەردوو كێڵگەی نەوت لە گەرمیان و خۆرمەڵەی سنووری هەولێر بەرهەمهێنانی كارەبا بەبڕی 330 مێگاوات كارەبا كەمیكردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن وەزارەتی كارەباوە بڵاوكرایەوە”بڕیارەكەی دادگای پاریس بوە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لەچەند كێڵگەیەكی كوردستان و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی كارەبا كەمیكرد، لەئێستادا لە وێستگەی كارەبا لەگەرمیان كە بەغازی كێڵگەی نەوتی حەسیرە كارەبا بەرهەمدەهێنێت 80 مێگاوات كارەبا كەمیكردوە و لە وێستگەی خۆرمەڵەش لەهەولێر بەبڕی 250 مێگاوات كارەبا كەمیكردوە”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”بەمەش بەرهەمهێنانی كارەبا 330 مێگاوات لەتۆڕی كارەبای نیشتمانی كەمیكردوە، وەزارەتی كارەبا لەهەوڵدایە بەپشت بەستن بە كارەبای هایدرۆپاوەری هەردو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان و وێستگەكانی غازی سلێمانی و هەولێر قەرەبوی ئەو كەمبونەوەیە بكاتەوە”.

بەر لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا لە 25ی ئەم مانگە، هەرێمی كوردستان رۆژانە زیاتر لە 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد، بەڵام بەهۆی بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، هەناردەكردن بەتەواوی راگیرا و بەشێك لە كۆمپانیاكانی نەوتیش، كارەكانیان لە كێڵگە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان هەڵپەسارد، لەلایەن حكومەتی عێراقیشەوە هۆشداریان پێدراوە، بەبێ مۆڵەت نابێت كار لەسەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمدا بكەن.

موسڵ، 12 تەرم دۆزرانەوە
پێشت موسڵ، 12 تەرم دۆزرانەوە
نێچیرڤان بارزانی پەیامێكی بڵاوكردەوە
دواتر نێچیرڤان بارزانی پەیامێكی بڵاوكردەوە
ەیوەندیدار