پارەی گەنمی جوتیاران دابەش دەكرێت



جوتیاران دوای هەشت ساڵ پارەی گەنمەكەیان وەردەگرن

ئەمڕۆ دوو شەممە لە سنووری هەردوو پارێزگەی دهۆك و هەولێر دابەشكردنی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵەكانی 2015 و 2016 دەستیپێكرد.

جووتیارانی هەرێمی كوردستان بەر لە هەشت ساڵ گەنمیان ڕادەستی حكومەتی بەغدا كردووە، بەڵام ئەمڕۆ دوای چاوەڕوانییەكی زۆر و بیهیوابوونی بەشێكیان، پارەكە وەردەگرن.

كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دوو شەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دوای هەوڵێكی زۆر بۆ گەڕاندنەوەی پارە و مافی جووتیاران، دەست بەدابەشكردنی چەكی پارەی جووتیاران دەكرێت.

ڕاشیگەیاند، ئەو پارەی ئێستا دابەش دەكرێت هی ساڵی 2015یە، دواتر پارەی گەنمی ساڵی 2016 دەستپێدەكات.

لە هەردوو پارێزگەی سلێمانی و هەڵەبجە تا ئێستا دابەشكردنی پارەكە دەستیپێنەكردووە، لەوبارەیەوە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت، ڕێكارە بانكییەكان بۆ گواستنەوەی پارە بۆ سلێمانی كەمی ماوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوو لەوێش دابەشكردنی پارەی جووتیاران دەستپێدەكات.

لەبەر ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە گەنمی جووتیاران ناكڕێتەوە، جووتیاران گەنمەكەیان ڕادەستی بەغدا دەكەن، بەغداش لە كاتی خۆیدا شایستە داراییەكانیان بۆ خەرج ناكات، بۆیە جووتیاران بۆ فرۆشتنی گەنم و بەرهەمەكانی دانەوێڵە ڕوو لەبازاڕی ڕەش دەكەن، لەوێ بازرگانەكان بە نرخێكی كەم لێیان دەكڕنەوە.

لەلایەكی دیكەوە نەوزاد كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لە شاری هەولێر ڕایگەیاند، شایستەی دارایی جوتیاران هەمووی گەیشتووە و راستاندنی بانكەكانی بۆ كراوە، لە ڕۆژی یەكشەممەوە لە دهۆك و دوو شەممەش لە هەولێر دابەشدەكرێت.

سەبارەت بە بڕی پارەكە نەوزاد كامیل دەڵێت: بڕی پارەكە 271 ملیار دینارە بۆ ساڵەكانی 2015 و 2016.

 

ڕووداوێكی هاتووچۆ قوربانی لێكەوتەوە
پێشت ڕووداوێكی هاتووچۆ قوربانی لێكەوتەوە
نرخی دۆلار بەرز بووەوە
دواتر نرخی دۆلار بەرز بووەوە
پەیوەندیدار