عەلاق بۆ پێدانی دۆلار بە هاووڵاتیان و هەرزان كردنی چی بە پەرلەمانتاران وت؟



ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندی ڕایگەیاندووە، لەهەوڵدان بەئاسانكاری زیاتر بۆ پێدانی دۆلار بە هاووڵاتیان و بازرگانان بەنرخی فەرمی و بڕیاریشی دا، “بەئاسانكردنی حەواڵەی هاووڵاتیان بۆ دەرەوەی وڵات لەڕێگەی وێسترن یونیۆن بەبڕی ۷٥۰۰ دۆلار مانگانە بەنرخی فەرمی”.

د. بڕیار ڕەشید، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی د.عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیمان كرد و لەگەڵیدا كۆبووینەوە، گفتوگۆی چڕ كرا لەسەر هەوڵەكانی بانكی ناوەندی بۆ سەقامگیركردنی بەهای دۆلار، هەروەها كۆمەڵێك داواكاریمان پێشكەش كرد، كە لەداهاتوویەكی نزیكدا بەڵێنی دا جێبەجێ بكرێت.

ڕاشیگەیاند، پارێزگاری بانكی ناوەندی دڵنیایی دا، كە كۆبوونەوەكانیان لەئەمریكا زۆر ئەرێنی بووە و هەنگاوی باشی ناوە بۆ سەقامگیركردی بەهای دۆلار.

وتیشی، ” پارێزگاری بانكی ناوەندی بڕیاریدا بەئاسانكردنی حەواڵەی هاووڵاتیان بۆ دەرەوەی وڵات لەڕێگەی وێسترن یونیۆن بەبڕی ۷٥۰۰ دۆلار مانگانە بەنرخی فەرمی و ڕوونیكردەوە، كە لەهەوڵدان بەئاسانكاری زیاتر بۆ پێدانی دۆلار بەهاووڵاتیان و بازرگانان بەنرخی فەرمی بۆ جێبەجێكردنی ئەو پابەندیانە لەسەریانە بە دۆلار”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەر داواكاری ئێمە و پشت بەست بەداواكارییەكی بانكی ناوەندی هەرێم/سلێمانی، پارێزگاری بانكی ناوەندی پێی وتوون، كە كار دەكەن بۆ پێدانی مۆڵەت بەو بانكە و بانكەكانی تری سنوری سلێمانی.

سەبارەت بە مامەڵە لەگەڵ چین، بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، “عەلی عەلاق بەڵێنی دا بەئاسانكاری تەواو بۆ هەموو ئەو بازرگانانەی لـە چینەوە كاری هاوردە دەكـەن راستەوخۆ مامەڵەی ( دینار _ یوان) دروست دەكەن”.

سەبارەت بە گرانفرۆشی هەندێك بانك و كۆمپانیای دۆلار، پارێزگاری بانكی ناوەندی بەو پەرلەمانتارانەی وتووە، “هەر كەسێك دۆلاری بەنرخی گرانتر لەنرخی فەرمی كڕیوە لەبانكەكان، وەسڵەكەی بهێنێ‌ بۆ بانكی ناوەندی جیاوازیەكەیان بۆ قەرەبوو دەكەین و لێپێچینەوە لەگەڵ بانكەكە دەكەین”.

د. بڕیار وتیشی، “پارێزگاری بانكی ناوەندی وتویەتی، “سەرجەم هەوڵەكانمان بۆ ئەوەیە ڕێگری بكەین لە بردنە دەرەوە دۆلار بەڕێگای ناشەرعی، كە لەماوەی ڕابردوو دۆلارێكی زۆرمان خستە بازاڕ هەندێك لەبازرگانەكان خێرا كڕیانەوە بەرەو توركیا بردران ئەم پارانە و دواتر لەوێشتەوە بۆ وڵاتانی تر”.

لای خۆشیەوە، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پارێزگای بانكی ناوەندی پێی وتوون، كە کاتی پێویستە تاکو هەموو بازرگان و کۆمپانیا و کارگە و کارخانەکان داخڵی سیستمی نوێی ئەلکترۆنی دەبن ئەو کاتە جیاوازی نرخی دۆلار لەبانکی ناوەندی و بازاڕ کۆنترۆڵ دەکرێ.

وەك سۆران عومەر ئاشكرای كرد، عەلی عەلاق وتویەتی، “ئێستە دینار مانگانە ٩٢ ترلیۆن لەبەردەستە و ڕێمان نەداوە پارە چاپ بکرێ، پێشتر ٤٥ ترلیۆن مانگانە بەردەست بوو ئێستە دیناری زیاترمان لەبازاڕ گەڕاندۆتەوە”.

پارێزگاری بانكی ناوەندی جەختیشی كردۆتەوە، وردە وردە بردنە دەرەوەی دۆلارمان کۆنترۆڵ کردووە و خستنەڕوی دۆلار بۆ ناوخۆ زیاتر دەکەین.

حكومەتی هەرێم بۆ دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان بڕیاریدا
پێشت حكومەتی هەرێم بۆ دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان بڕیاریدا
بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بڕیارێكی دەركرد
دواتر بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بڕیارێكی دەركرد
ەیوەندیدار