چین و ئەمریكا لەبارەی باڵۆنەكەوە گفتووگۆیانكرد



 

وەزیری دەرەوەی چین، وانگ یی كاردانەوەی وڵاتەكەی بە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەنتۆنی بلینكن سەبارەت بە “قەیرانی باڵۆنە سیخوڕییەكە” نیشان دا.

وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە وانگ و بلینكن لە پەراوێزی ٥٩هەمین كۆنفرانسی ئاسایشی میونخ كە لە ئەڵمانیا لەسەر داوای لایەنی ئەمریكا بەڕێوەچوو، كۆبوونەوەیەكی نافەڕمییان ئەنجام دا.

لە كۆبوونەوەكەدا وانگ بە بلینكنی راگەیاندووە “چین لەبارەی رووداوی باڵۆنەكە، ناڕەزایەتیی دەربڕیوە بەرامبەر بە هەڵوێستی ئەمریكا و داوای لە ئیدارەی واشنتۆن كردووە “هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت و قەرەبووی ئەو زیانانە بكاتەوە كە بەهۆی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەوە بە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و چین گەیشتووە”.

كۆبوونەوەكەی نێوان بلینكن و وانگ بوو بە یەكەم كۆبوونەوەی رووبەڕووی لایەنەكان دوای خستنەخوارەوەی باڵۆنێكی چینی لەلایەن ئەمریكاوە كە لە چواری شوباتدا كایەی ئاسمانیی ئەو وڵاتەی بەزاندبوو.

لەلایەكی دیكەوە ئەمریكا سەبارەت بە كۆبوونەوەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوە داوە، بلینكن بۆ دیپلۆماتكار‌و وەزیری دەرەوەی چین جەختی كردووەتەوە “بەزاندنی كایەی ئاسمانیی ئەمریكا لەلایەن باڵۆنەكە پێشێلكردنی سەروەریی ئەمریكا و یاسا نێودەوڵەتییەكانە” و هەرگیز نابێت رووداوی لەو جۆرە دووبارەببێتەوە.

بلینكن بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو، ئەمریكا دەستەوەستان نابێت بەرامبەر هەر پێشێلكارییەك بۆسەر سەروەری وڵاتەكەی، هەروەها لەگەڵ ئەم رووداوە بەرنامەی سیخوڕیی چین كە لە رێگەی باڵۆنە بەرزەكانەوە ئەنجامدراوە كە چوونەتە ئاسمانی زیاتر لە ٤٠ وڵات لە پێنج كیشوەردا، بۆ جیهان ئاشكراكرا.

وەزیری دەرەوەی چین، وانگ یی لە گوتارێكیدا كە لە دانیشتنی پێگەی چین لە جیهاندا لە چوارچێوەی كۆنفرانسی ئاسایشی میونخ پێشكەشی كرد، رەخنەی لە هەڵوێستی ئەمریكا سەبارەت بە قەیرانی باڵۆنەكە گرت و بە “بێمانا و گاڵتەجاڕانە” ناوی برد.

وانگ یی بەرگریی لە وڵاتەكەی كردبوو بەوەی خستنەخوارەوەی باڵۆنەكەی چین لەلایەن ئەمریكاوە، نموونەی پێشێلكردنی یاساكانی فڕۆكەوانیی مەدەنی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتە.

بوومەلەرزە شەڕی ئەردۆغان و ئۆپۆزسیۆنی گەرمكردووە
پێشت بوومەلەرزە شەڕی ئەردۆغان و ئۆپۆزسیۆنی گەرمكردووە
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كرێی كارەباشی گران كرد
دواتر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كرێی كارەباشی گران كرد
ەیوەندیدار