بوومەلەرزە شەڕی ئەردۆغان و ئۆپۆزسیۆنی گەرمكردووە



بوومەلەرزە بووەتە كەرەستەیەكی گرنگی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان

بوومەلەرزەكانی باكووری كوردستان و توركیا كە زیاتر لە 40 هەزار كەسی تێدا بووە قوربانی، شەڕی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و ئۆپۆزسیۆنی گەرمكردووە، بەتایبەت لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكان كە تا ئێستا بڕیارێك بۆ دواخستنی لەئارادا نییە.

فەرمانڕەوای توركیا و ئۆپۆزسیۆن تۆمەتی كەمتەرخەمی لە قەیرانی بوومەلەرزەكان ئاڕاستەی یەكدی دەكەن، ئەوان خوازیارن بوومەلەرزە وەك كارتێكی گرنگی بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاربهێنن.

پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن لە ڕەخنەبارانكردنی سیاسەتەكانی حكومەت بەرامبەر بوومەلەرزەكان بەردەوامن، دەڵێن، كارەساتی بوومەلەرزە كەمتەرخەمی حكومەتی دەرخست.

لێكەوتەكانی بوومەلەرزە بۆ درێژمەودا بەردەوام دەبن، دەبنە خاڵێكی بەهێزی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی لە مانگەكانی داهاتوودا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كاری زۆری دەوێت بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی گەورەترین ئاستەنگ كە لە دەرئەنجامی بوومەلەرزەكانەوە دروستبوون.

ئاژانسی بلۆمبێرگ لە زاری سەركردەیەكی ئۆپۆزسیۆنەوە بڵاویكردەوە، دەسەڵاتی سیاسی لاوازبوو لە وەڵامدانەوەی خێرای كارەساتی بوومەلەرزە.

لەگەڵ ئەوەی ئەردۆغان دانی بە سستی وەڵامدانەوەی كارەساتی بوومەلەرزەدا ناوە و بەڵێنی لێكۆڵینەوەی لە هۆكارەكانی داوە، بەڵام دەڵێت ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت سەرمایەگوزاری بەسەر بوومەلەرزەكانەوە بكات و دەستكەوتی سیاسی بەدەستبهێنێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەلێدوانێكدا لە باكووری كوردستان ڕووی قسەكانی كردە كەمال كلیچدار ئۆغلۆ سەرۆكی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن پارتی گەلی كۆماری جەهەپە، ڕایگەیاند “ئەو درۆزنە، هەموو شتێكی لەسەر درۆ بنیاتناوە”.

بوومەلەرزەكان كە بوونەهۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 40 هەزار كەس، برینداربوونی زیاتر لە 100 هەزار كەس و وێرانبوونی هەزاران باڵەخانە و ئاوارەبوونی سەدان هەزار كەس، دەبێتە كەرەستەیەكی گرینگی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا.

توركیا چاوەڕوانی هەڵبژاردنێكی سەخت دەكات، كاتێك وڵات بە ڕەوشێكی قورسی ئابووری و سیاسییدا گوزەردەكات.

سەرچاوەكانی نزیك لە پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدار ئاكپارتییەوە دەڵێن دەسەڵاتدارانی توركیا هەڵبژاردنەكان دواناخەن بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە، لەوادەی خۆی كە 14ی ئایارە بەڕێوەدەچن.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، لە كۆبونەوەی هاوپەیمانی دەسەڵاتدا ئەو بابەتە گفتووگۆی لەسەر دەكرێت.
لە 22ی كانوونی دووەمی 2023 سەرۆكی توركیا ڕایگەیاند هەڵبژاردنەكان لە 14ی ئایار بەڕێوەدەچن لەبری 18ی حوزەیران.

شاندی هەرێم لە بەغدایە
پێشت شاندی هەرێم لە بەغدایە
چین و ئەمریكا لەبارەی باڵۆنەكەوە گفتووگۆیانكرد
دواتر چین و ئەمریكا لەبارەی باڵۆنەكەوە گفتووگۆیانكرد
ەیوەندیدار