توركیا بەرەو ڕۆژئاوا جووڵا



درز لەنێوان پلێتی ئەنادۆڵ و پلێتی عەرەبیدا دروستبوو و پلێتی ئەنادۆڵ كە توركیای لەسەرە بەرەو دەریای ئیجە جووڵا

تا دێت ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزە لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان، توركیا و سووریا زیاتر بەرز دەبێتەوە، لە باكووری كوردستان و توركیا ژمارەی قوربانیان بۆ 6234 گیانلەدەستدان و 37011 بریندار بەرز بووەوە.

شارەزایان دەڵێن، بوومەلەرزە گەورەكان كە ڕۆژی دووشەممە توركیای گرتەوە، گۆڕانكارییەكی گەورەی لە پلێتە تەكتۆنیەكاندا هێنایە ئاراوە كە توركیا لەسەری ڕاگیراوە یان لەسەری هەڵكەوتووە، ئەمەش بووەتە هۆی پاڵنانی ئەو وڵاتە بۆ ڕۆژئاوا بە ئەندازەی سێ مەتر.

زانایان ئاشكرایانكردووە، 140 میل (225 كیلۆمەتر) درز لە نێوان پلێتی ئەنادۆڵ و پلێتی عەرەبیدا دروستبووە، چونكە وڵاتەكە لەسەر هێڵی درزە گەورەكان هەڵكەوتووە كە هاوسنوورن لەگەڵ پلێتی ئەنادۆڵ و پلێتی عەرەبی و پلێتی ئۆراسیا.

دكتۆر كارلۆ دۆگلۆنی، زانای بومەلەرزەزانی ئیتاڵی بە ماڵپەڕی هەواڵی ئیتاڵیا ٢٤ی ڕاگەیاندووە، لە ئەنجامی بوومەلەرزەكەدا پێشبینیكراوبوو توركیا بخلیسكێت و جوڵە بكات، تا پێنج بۆ شەش مەتر.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەموو ئەمانە پەیوەستن بە داتای سەرەتاییەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا زانیاری وردتر لە مانگە دەستكردەكانەوە دەستدەكەوێت.

دكتۆر بۆب هۆڵدسۆرس، مامۆستای جیۆلۆژی لە زانكۆی دورهام لە بەریتانیا، ڕایگەیاندووە، ڕەنگە بڕی جوڵەی پلێتەكان تەواو لۆژیكی بێت بە لەبەرچاوگرتنی بەهێزی بوومەلەرزەكە و ئەو زیانانەی بەهۆیەوە كەوتوونەتەوە.

ناوبراو بۆ ڕۆژنامەی مەیل ئۆنلاینی بەریتانی ئاماژەی بەوەدا، پەیوەندییەكی پێشبینیكراو و بە شێوەیەكی بەرفراوان ‌و بەڵگەدار لە نێوان بەهێزی بوومەلەرزەكەدا هەیە و ڕێژەی جووڵانی پلێتی تەكتۆنی دەتوانرێت ڕووبدات.

دەشڵێت “وەك بنەمایەكی گشتی، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٦.٥ بۆ ٦.٩ پەیوەندی بە جووڵەی نزیكەی یەك مەترەوە هەیە، لە كاتێكدا گەورەترین بوومەلەرزە ناسراوەكان دەتوانن جووڵەی ١٠ بۆ ١٥ مەتر لەخۆبگرن.”

“جێگۆڕكێی پلێتی ئاسۆیی دەتوانێت ببێتە هۆی لەناوچوونی ژێرخانی سەرەكی ژێرزەوی و ڕووی زەوی، لەوانە بۆری ئاو، كێبڵی كارەبا، بۆری غاز و تونێلەكان.”

دكتۆر ئەناستاسیۆس سیكستوس، مامۆستای ئەندازیاری بوومەلەرزە لە زانكۆی بریستۆڵ، بە ماڵپەڕی (MailOnline)ی ڕاگەیاندووە، لە ڕووی مێژووییەوە ناوچەكانی حەلەب و گازی ئەنتاپ زنجیرەیەك بوومەلەرزەی وێرانكەریان بەخۆوە بینیوە و ئەمەش نزیكەی دوو سەدە لەمەوبەر بە هەمان شێوە ڕوویداوە.

زۆرینەی زەوی توركیا لەسەر پلێتی ئەنادۆڵە كە لە نێوان سێ پلێتی گەورەی دیكەدا پاڵەپەستۆی لەسەرە. لە باكووری پلێتەكە پلێتی ئۆراسیا و لە باشوور پلێتی ئەفریقا و لە ڕۆژهەڵاتیش پلێتی عەرەبی هەیە. لەبەر ئەوەی پلێتی عەرەبی پاڵ بە باكوورەوە دەنێت بۆ ناو پلێتی ئۆراسیا، پلێتی ئەنادۆڵ بەرەو ڕۆژئاوا ‌و بەرەو دەریای ئیجە فشاری دەخرێتە سەر.

بە گوتەی دكتۆر دەیڤید ڕۆتەری، زانای جیۆلۆژی، توركیا ساڵانە نزیكەی 0.8 ئینج (دوو سانتیمەتر) بەرەو ڕۆژئاوا بە درێژایی درزەكانی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ دەجوڵێت.

 

تەرمی گەنجێكی كورد لە ئەوروپاوە دەگەڕێندرێتەوە هەرێم
پێشت تەرمی گەنجێكی كورد لە ئەوروپاوە دەگەڕێندرێتەوە هەرێم
سووپای توركیا خرایە ئامادەباشییەوە
دواتر سووپای توركیا خرایە ئامادەباشییەوە
ەیوەندیدار