ڕێكارێكی دیكە بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەگیرێتەبەر



ئەندامێكی لیژنەی كۆكردنەوەی واژۆی فەرمانبەران و مامۆستایان بۆ پلەبەرزكردنەوە ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی ڕابردوودا 15 هەزار واژۆی زیندووی فەرمانبەران و مامۆستایانیان كۆكردۆتەوە و بەمەبەستی داواكاری پلەبەرزكردنەوەكانیان و دەشڵێت: “هەفتەی داهاتوو ئاڕاستەی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی دەكەن و ئەگەر گوێی بۆ نەگیرا وەك سكاڵا لەبەغدا داوای مافەكانیان دەكەن”.

عوسمان گوڵپی، ئەندامی لیژنەی كۆكردنەوەی واژۆی فەرمانبەران و مامۆستایان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ماوەی چەند ساڵێكە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان وەستاوە، لەماوەكانی ڕابردوودا بەچەندین شێوە ناڕەزایی بۆ ئەو مەبەستە دەربڕاوە، هەم بۆ پاشەكەوت و هەم بۆ پلەبەرزكردنەوە.

وتیشی، “دواین هەوڵ بۆ ئەو مەبەستە ئەوەیە، كە15 هەزار واژۆی زیندووی مامۆستایان و فەرمانبەران كۆكراوەتەوە و فۆڕمەكان چوونەتە نێو فەرمانگە و خوێندنگەكان بۆ خۆیان واژۆیان كردووە، لە هەفتەی داهاتوودا ئاڕاستەی هەر سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم دەكرێت، ئاڕاستەی ئەنجوومەنی ڕاژەش دەكرێت”.

ڕاشیگەیاند، دەبێت گفتوگۆی لەسەر بكرێت، ئەمانە مافی ڕەوای فەرمانبەران و مامۆستایانە و هیوادارین بەدەنگ داواكارییەكانمانەوە بێن و چارەسەرێكی بۆ بدۆزنەوە و پلەبەرزكردنەوە دەست پێ بكاتەوە و مافی چەند ساڵەیان بۆ بگەڕێتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەگەر هیچ بەدەنگەوە هاتنێكمان نەبینی لە بەرپرسانی هەرێم ئەوا داوایەكی یاسایی لە ڕێگەی تێمێكی پارێزەرانەوە ئامادە دەكرێت و ئاڕاستەی دادگای ئیداری دەكرێت و ئەگەر لەوێش وەڵاممان دەست نەكەوت ، ئەوا ڕوو لە دادگای بەغدا دەكەن، بۆیە هیوادارین نەگاتە ئەوەی سكاڵا لە بەغدا بكەین.

ئەو ئەندامەی لیژنەی كۆكردنەوەی واژۆی فەرمانبەران و مامۆستایان باسی لەوەشكرد، هیوادارین حكومەتی هەرێم بایی ئەوە بەرپرسیارێتی لە خۆی بگرێت، كە سەرەتایی ترین ماف بۆ ئەو توێژە بگەڕێنێتەوە.

حاكم قادر: ئەو دۆخەی ئێستا دروستبووە خەڵكی خستۆتە دڵەڕاوكێ و نا ئارامییەوە
پێشت حاكم قادر: ئەو دۆخەی ئێستا دروستبووە خەڵكی خستۆتە دڵەڕاوكێ و نا ئارامییەوە
بەرپرسێكی باڵای ڕووسیا: جیهان لە سێیەمین جەنگی جیهانی نزیكبۆتەوە
دواتر بەرپرسێكی باڵای ڕووسیا: جیهان لە سێیەمین جەنگی جیهانی نزیكبۆتەوە
پەیوەندیدار