ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان
ریکلام

کوردستان

داوا دەكرێت لایەنە ناڕازییەكان واز لە بەیاننامە دەركردنن بهێنن

خەڵك-بەشی هەواڵ

دامەزرێنەرێكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری داوا دەكات لایەنە ناڕازییەكان بە یەك فراكسیۆن بچنە بەغداو بە یەك لیستیش بەشداری هەڵبژاردنەكانی هەرێم بكەن.

سەرگوڵ قەرەداغی ئەندامی دامەزرێنەری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری بە (خەڵك)ی راگەیاند، ئەم دۆخەی ئێستا ئەوە دەخوازێت كە چیتر ئەو لایەنانەی دەرەوەی دەسەڵات سەیركەر نەبن‌و پێویستە دەربچن لەو ستایلەی خۆیان كە تەنها بەیاننامە دەركردن بێت لە راگەیاندنەكان.

وتیشی “باشترین هەنگاو ئەوەیە كە بەرەیەكی سیاسی پێكەوە دروست بكەن‌و لە داهاتوودا پێكەوە كار بكەن‌و بڕیار بدەن بە یەك فراكسیۆن بچنە بەغداو بڕیاری ئەوەش بدەن بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكانی هەرێم بكەن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەمە كاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی ئەو خەڵكەی نائومێد بووە لە دەنگدان ئومێدی بۆ بگەڕێتەوە.

سەبارەت بە هاوهەڵوێستی ئەو لایەنانە لەكاتێكدا پێشتر هەڵوێستی جیاوازییان هەبوو لەمەڕ دۆخی هەرێم، قەرەداغی رایگەیاند، ئەو ساختەكارییەی لە هەڵبژاردنەكان كرا هەموویان بە ئامانج گیرابوون‌و ئەوەش زەنگێكی ئاگاداركردنەوەیە بۆ ئەو لایەنانە كە چیتر بەئومێدی ئەوە سیاسەت نەكەن ئەو دوو لایەنەی كە دەسەڵاتیان هەیە، پشكێكی دەسەڵاتیان بدەنێ، ئەوان هەمیشە لە كەمیندان بۆ بچوككردنەوەی ئەو لایەنانەو پێویستە ئەمانیش پڕۆژەیان هەبێت‌و خۆیان لەو چەقبەستووییە رزگار بكەن.

ئاشكراشیكرد، ناكرێت ئێمە چاوەڕێ بكەین پارتی‌و یەكێتی بەردەوام كار بكەن‌و بە ئارەووی خۆیان هەر بابەتێك بیانەوێت لە هەرێم كاری لەسەر بكەن، ئەگەر ئەو لایەنانە ئیرادەیان هەبێت بە هەمویانەوە هێزێكی زۆر گەورە بن‌و خەڵكیش ئەوەی دەوێت‌و لایەنەكانیش گەیشتونەتە قەناعەتێك كە پێویستە پێكەوە بن، چونكە بە تەنها هیچیان پێ ناكرێت‌و دەسەڵاتێش بە یەك چاو سەیری هەموویان دەكات.

رونیشیكردەوە، كاتی گۆڕانكاری هاتووەو هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەیە ئەگەر ئەو لایەنانە پێكەوە بن دەتوانن زۆرینە بەدەست بهێنن، بەڵام پرسیارە قورسەكە ئەوەیە ئایا ئەگەر زۆرینەیان بەدەست هێنا دەتوانن دەستاودەستی دەسەڵات بگرنەدەست، پێموایە دۆخی ناوچەكەو عێراق ئەوە دەخوازێت‌و دواتر ئیرادەی حەق هەر سەردەكەوێت.

کوردستان

سلێمانی.. پۆلیس دەستی بەسەر چەند پارچە چەکێکدا گرت

خەڵک-

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، ئەمشەو ھێزەکانیان توانیویانە دەست بگرن بەسەر ژمارەیەک پارچە چەک و دوو تۆمەتباریشیان دەستگیر کردووە کە تەقەیان کردووە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند: “لە چوارچێوەی هەڵمەتەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەمشەو لە هەڵمەتێکی دانانی مەفرەزەی هاوبەشی هێزی تایبەتی پۆلیس و مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن، توانرا دەست بەسەر ١ کڵانشیکۆف و ١ ویزە و ٢ دەمانچەی کڵۆک و ١ دەمانچەی چواردەخۆردا بگیرێت، خاوەنەکانیشیان ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە، تۆمەتبارەکان لە ئێستادا بە فەرمانی دادوەر و بە پێی مادەی ۲۱ ی چەک لە یاسای سزادانی عێراقی بەندن.”

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی ڕاگەیاندووە: “هەر ئەمشەو هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن لە نزیک گردی گۆڕان ماتۆڕسکیلێکیان دەستگیرکردووە کە ٢ سەرنشینی لەسەر بووە و تەقەیان کردووە، هەردوو تۆمەتبارەکە بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی ۲۱ ی چەک بەندن و دەستیش گیراوە بەسەر دەمانچەکەیاندا.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە: “هەر لەو هەڵمەتەدا هێزەکانی پۆلیسی سلێمانی چەند جامی ڕەشی ئۆتۆمبێلیان لێکردەوە، لەگەڵ وەرگرتنی ئەو مۆڵەتەی ڕێگای پێداون بە ڕەشکردنی جامی ئۆتۆمبێلەکەنیان.”

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن ھۆشداریی دەدات بە فەرمانبەرەکانی

خەڵک-

بڕیاردەری کۆمسیۆن ھۆشداریی دەدات بە کارمەندەکانی کۆمسیۆن بۆ رۆژی ھەڵبژاردن و دەڵێت، ھەر فەرمانبەرێکی کۆمسیۆن کەمتەرخەم بێت، سزا دەدرێت.

ئیسماعیل خورماڵی، بڕیاردەری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکیدا دەڵێت: “هەر فەرمانبەرێکى کۆمسیۆن کەمتەرخەم بێت، سزا دەدرێت بە حەپس بۆ ماوەیەک لە ١ ساڵ کەمتر نەبێت و غەرامەیەکیش لە ١٠٠ هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە ٥٠٠ هەزار دینار زیاتر نەبێت.”

ھەروەھا دەڵێت: “بەپێى خاڵى ١ لە بڕگەى ٦ لە ماددەى ٥٧ ى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، ژمارە ١ ى ساڵى ١٩٩٢ ى هەموارکراو، هەر کەسێک سندوقەکانى دەنگدان یان وەرەقەکانى دەنگدان یان تۆمارەکانى دەنگدانى لەلا بێت و بیشارێتەوە یان لەناویان بەرێت یان خراپیان بکات یان تێکیان بدات یان بیاندزێت یان ئەنجامەکان بەهەر ڕێگەیەک بگۆڕێت، ئەوا سزا دەدرێت بە حەپس بۆ ماوەیەک لە ١ ساڵ کەمتر نەبێت و غەرامەیەکیش لە ١٠٠ هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە ٥٠٠ سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت.”

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ھەڵوەشاندنەوەی گەشتێکی ھێڵی ئاسمانیی تورکیا ناڕەزایی توندی لێدەکەوێتەوە

خەڵک-

بەھۆی ھەڵوەشاندنەوەی گەشتێکییەوە لە فرۆکەخانەی میونخ بۆ شاری ئیستەنبوڵ، ژمارەیەک گەشتیار ناڕەزایی توند دژ بە ھێڵی ئاسمانیی تورکیا دەردەبڕن.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو، ھەڵوەشانەوە (کانسڵ) ـی گەشتەکانی ھێڵی ئاسمانیی تورکیا (Turkish Airlines) وەک دیاردەی لێھاتووە، بەوە ھۆیەوە ژمارەیەک زۆر گەشتیار زیانمەند بوون، لە نێویاندا ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان کە وڵاتی تورکیا وەک ترانزێت لە ئەوروپاوە بۆ ھەرێمی کوردستان و بە پێچەوانەشەوە بەکاردەھێنن.

لە ڤیدیۆیەکدا کە بەدەستی (خەڵک) گەشتووە دەردەکەوێت، بەھۆی کانسڵ بوونی گەشتێکی ھێڵی ئاسمانیی تورکیا ژمارەیەک زۆر لە گەشتیاران لە بەردەم نوسینگەی ئەو ھەڵە ئاسمانییە لە فرۆکەخانەی میونخی ئەڵمانیا کۆبوونەتەوە و داوای ئەنجامدانی گەشتەکەیان دەکەن.

لە ئێستاشدا گەشتەکانی تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان تەنھا فرۆکەخانەی ھەولێر دەگرێتەوە، تورکیا ڕێگەنادات ھیچ فرۆکەیەک بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا تێپەڕ ببێت بیەوێت لە فرۆکەخانەی سلێمانی بنیشێتەوە، ئەوەش بارگرانییەکی زۆری بۆ دانیشتووانی بەشێکی زۆری ھەرێمی کوردستان دروستکردووە.

 

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
ریکلام

کوردستان

دوایین