“ئەوەی بەرامبەر سزاکەی شێروان بێدەنگبێت هاوبەشە لەو تاوانە”



ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا چۆنیەتی دادگاییکردنی شێروان شێروانی بڵاوکردەوە، پڕۆسەکە سەربازی بووە و بە تەواوی نادادپەروەرانە بووە.

ئەمڕۆ لە کۆنگرەکەی ڕۆژنامەنووسیدا ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی کە ئامادەیی سەرجەم ٢٤ دانیشتنی دادگاییکردنەکەی شێروان شێروانی بوون،چۆنیەتی دادگایکردنەی پێنج شەممەی ڕابردوویان ئاشکراکرد.

لە کۆنگرەکەدا جولیان فلۆید، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی سی پی تی ڕایگەیاند، لەناو هۆڵی دادگاکەدا ١٥ سەربازی لێبووە، لە دەرەوەی هۆڵەکەش دوو هێندە، هیچ دەرفەتێک بۆ بەرگریکردن نەبووە.

پارێزەرانی بەرگریکار پێش دادگاییکردنەکە ڕێگریان پێنەدراوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە ببینن تا بزانن بەرامبەر چ تۆمەتێک بەرگری بکەن، پڕۆسەکە بەتەواوی نادادپەروەری بووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، گەواهیدەرەکان سەرجەمیان بێتاوانی شێروان شێروانیان سەلماندووە، دادگایکردن و سزادانەکەش زۆر نادادپەروەرانە بووە.

لە دانیشتنەکەدا نوێنەری یاسایی چاکسازی گەورانی هەولێر تۆمەتی زڕاندنی ناوبانگی چاکسازیەکەی داوەتە پاڵ شێروان، لە کاتێکدا پەڕاو و دۆکۆمێنتەکان تەنها لەناو زیندانەکە بووە، هیچ زیانێکی بۆ ناوبانگی زیندانەکە نییە.

نوێنەرانی سی پی تی ئاشکرایان کرد، چالاکوانان لە زیندان ئەشکەنجە دەدرێن، نیگەرانی دۆخی تەندروستیانن، حزبەکان بەتەواوی دەستێوەردان لە بڕیاری دادگا و دادوەرەکان دەکەن، وەک کەرەستەیەکی سیاسی بەکاریدەهێنن، حکومەت بۆ سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین دادگا بەکاردەهێنێت.

جولیان فلۆید دەڵێت “نێچیرڤان بارزانی وتی سیستمی دادپەروەری سەربەخۆیە، بەڵام ئومێد بەرپۆشکی لە نیوە شەودا لە ماڵەکەی خۆیدا ڕفێندرا، دواتر ئاماژە بەوەکرا، کە بە بڕیاری مەسرور بارزانی ئازادکراوە، کەواتە ئەگەر بریاری ئازادکردن بەدەست ئەوبێت، بڕیاری دەستگیرکردنیش بەدەست ئەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەجێندایەکی باڵا و بەرزتر لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەم دۆسیەیەدا بەرامبەر شێروان شێروانی و هاوڕێکانیشی لەم دۆسیەیەدا هەیە، تەنها دوو مانگ بەر لە ئازادکردنی شێروان چوار ساڵی بۆ نوێ کرایەوە.

دەڵێت “هەرێمی کوردستان سەلامەت نییە بۆ ڕۆژنامەنووسان، لە شەش مانگی ڕابردوودا ٩ ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ هەرێمی کوردستانی بەجێهێشتووە”.

لە کۆتایشدا پەیامی بۆ سەرجەم لایەنەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، نوێنەری سی پی تی دەڵێت “نەنواندنی هیچ هەڵوێست و هاوبەشیەک لە دۆسیەی شێروان شێروانی هاوبەشی و هاوکارییە لەوتاوانە”.

ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە ٢٤ دانیشینی دادگاییکردنی شێروان شێروانی ئەنجامدرا، شێروان شێروانی بە چوار ساڵ زیندانیکردن بەپێی ماددەکانی ٢٩٥ و ٢٩٨ لە یاسای سزادانی عێراقی سزادرا.

ئۆکراینا چەکێکی مەترسیداری لە دژی ڕوسیا بەکارهێنا
پێشت ئۆکراینا چەکێکی مەترسیداری لە دژی ڕوسیا بەکارهێنا
زنجیرەی سامسۆنگ گالاکسی Z گەڕایەوە، بەشداری لە دیوەکەی تری بکە” وەرزی دووەم
دواتر زنجیرەی سامسۆنگ گالاکسی Z گەڕایەوە، بەشداری لە دیوەکەی تری بکە” وەرزی دووەم
ەیوەندیدار