بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامادەیی بۆ گفتووگۆ لەگەڵ حكوومەتی سووریا راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری رەقە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە “نێوەندە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكانی وەك ژنێڤ، ئاستانە و لیژنەی دەستووری هیچ ئەنجامێكیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی سووریا بەدەستنەهێناوە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی هەڵسەنگاندن و لێكدانەوەیەكی دروست بۆ ململانێی سووریا بووە، هەروەها جێبەجێنەكردنی بەرنامەی چارەسەری ئاشتیانە و دیموكراسی و بەهۆی بەشدارینەكردنی هەموو هێزە چالاكەكانی سووریا لە گفتوگۆ و پێداگری لەسەر ئەو چارەسەرانەی كە لە دەرەوە پێشكەش دەكرێن”.
راشیگەیاند “پێویستە لە ناوخۆی وڵاتدا بەدواداچوون بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا بكرێت، حكومەتی سووریاش دەبێت هەڵوێستی بەرپرسیارانە نیشان بدات و ڕێوشوێنی بەپەلە بگرێتەبەر كە دەتوانێت ببێتە هۆی سەركەوتنی دۆزینەوەی چارەسەری ناوخۆیی.”
ئاماژە بەوەش دەكات “گرنگە هەموو هێزە سیاسییەكان، بە پارتە سیاسییەكان و ڕێكخراوەكانی ژنان و گەنجانەوە، دەنگیان ببیسترێت لە كێشانی نەخشەی بەڕێوەبەرایەتی داهاتووی سووریا، ئەمەش لە هەموو شتێك گرنگترە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری.”
ئەوە لە حاڵێكدایە تادێت حكوومەتی سووریا لەناو نێوەندی عەرەبیدا پێگەی بەهێز دەبێـتەوە بەتایبەت لە دوای بوومەلەرزەكانی شووبات.
دوێنێ بۆ یەكەمجار دوای زیاتر لە 12 ساڵ فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودیە گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریادا كۆبووەوە.