” ناكۆكییەكانی یەكێتی و پارتی ڕیشەی دارایی و ئابووريیان هەیە”



لەبارەی گرژیی و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەی نێوان یەكێتی و پارتی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت، ناكۆكییەكانی ئەو دوو حیزبە ڕیشەی دارایی و ئابووريیان هەیە.

گرژییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی كە گەیشتنە ئاستێك تیمی یەكێتی لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بایكۆتی دانیشتنەكان بكەن.

ڕۆژی یەكشەممە، 15-01-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیێندراوێكدا سەركردایەتی یەكێتی بەوە تۆمەتبار كرد كە ڕێگربوون لە كۆكردنەوەی داهات لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، بەوە تۆمەتباری كردن كە “هەڕەشەی ئەوەیان كرد كە ئەگەر ئەوە بكرێت شەڕی ناوخۆ ڕوودەدات.”

لە بەرامبەردا، تیمی یەكێتیی لە حكومەت لێدوانەكەی مەسرور بارزانیان بە “چەواشەكاری” لەقەڵەم دا و ڕایانگەیاند، “بە داخەوە ئەم كابینەیە خراپترین كابینە بووە لە مێژووی حوكمڕانی كوردستان.”

لەبارەی ئەو گرژییانەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاندووە، “لەم ماوەی دواییدا بڕیاروابوو گرژیيەكان بەرەو خاوبوونەوە بڕۆن و هەوڵبدەن لەڕێگەی زنجیرەیەك كۆبوونەوە ڕێككەوتنامەیەكی نوێ ئامادە بكەن، ئەو ناكۆكیانەی كە لەسەر بابەتی گۆڕانكاری لەتیمی حكومەت هەردوولا بە ڕێككەوتن جێبەجێی بكەن. بەڵام دیارە ناكۆكیەكان لەوە قوڵترن، ڕیشەی دارایی و ئابوریيان هەیە بۆیە لە دوێنێیەوە بەداخەوە فۆڕمێكی نەخوازراوی بەخۆوە بینیووە.”

سەعدی پیرە ئەوەشی وتووە، ” پێموایە كاك مەسرور ئەو وتارەی نەدایە زۆر قازانجی زیاتر دەبوو.”

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەوەشی نەشاردەوە كە وڵاتانی هاوپەیمان و دۆستەكانیان هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر دەدەن بۆ كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و ڕایگەیاند، “ئەوانەی كە لێرەن لە ئاستی باڵوێزەكان كە هەیانە و لەئاستی تیمە سەربازییەكانی كە لێرە هەن بۆ ئیشی ڕاهێنان لە بەغداد و لە هەرێمی كوردستانن بەردەوام خەریكن لە ناوبژیوانی و لێك نزیككردنەوه.”

لەوەڵامی پرسیارێكی دەنگی ئەمەریكا سەبارەت بەوەی كە ئایا هیچ كەناڵێكی پەیوەندی لەنێوان پارتی و یەكێتی ماوە، پیرە ڕایگەیاند، پەیوەندییەكان لەسەر ئاستی كادیرەكان بەدەوامن بەڵام لەسەر ئاستی بەرپرسی یەكەمی حزبەكان پەیوەندییەكان “زۆر كزە و خاو بۆتەوە پێموایە پێویستیان بە یارمەتیدان هەیه.”

‌ئەو ڕایگەیاند كە هانی سەركردەكانی هەردوو حیزب دەدات بۆ ئەوەی ڕێگری بكەن لە قوڵتربوونەوەی ناكۆكیان “چونكە بۆ خەڵك لە هەرێمی كوردستان لەپێكەوە ئیشكردنی پارتی و یەكێتی هیچ بەدیلێكی تریان نییە.”

مەترسیدارترین فڕۆكەخانەكان لە جیهاندا
پێشت مەترسیدارترین فڕۆكەخانەكان لە جیهاندا
هەولێر.. دوای ١١ رۆژ لە دیارنەمانی تەرمی پیاوێک دۆزرایەوە
دواتر هەولێر.. دوای ١١ رۆژ لە دیارنەمانی تەرمی پیاوێک دۆزرایەوە
ەیوەندیدار