جەبار یاوەر: ئەگەر پێشمەرگە یەك نەخرێت مەترسی گەورە لەسەر هەرێم دروست دەبێت


ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە و شارەزای سەربازی ڕایدەگەیەنێت، كە دەبێت عێراق و هەرێم ڕێكبكەون لەسەر كردنەدەرەوەی سوپای توركیا و دەشڵێت: “ئەگەر بمانەوێت دەوڵەتداری بكەین، نابێت هیچ هێزێكی چەكدار بەدەست حزبەكانەوە بێت، چونكە ئەوە مەترسی گەورەیە لەسەر نەمانی هەرێمی كوردستان”.

جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێكی بۆ میدیاكان، كە پەیامێری (خەڵك) ئامادەبوو ڕایگەیاند، خاك و ئاسمانی هەرێم بەشێكە لە ئەركی سیادی و دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی عێراق، بۆیە هاتنە ناوەوەی توركیا بۆ خاكی هەرێم بە قوڵایی ٣٠ كیلۆمەتر و درێژی ٢٠٠ كیلۆمەتر كێشەیە و دەبێت چارەسەر بكرێت.

ڕاشیگەیاند، دەبێت عێراق بە هەماهەنگی حكومەتی هەرێم وابكەن سوپای توركیا خاكی هەرێم بەجێ‌ بهێڵێت و ئەوەش بە هەماهەنگی تەواو دەبێت و هیچ هێزێك لەناو خاكی هەرێم نەمێنێت و عێراق پابەند بێت بە پاراستنی سنوورەكانی، چونكە هیچ ڕێككەوتنێك لەنێوان عێراق و توركیا نییە بۆ بەزاندنی سنوور و خاكی هەرێم، كە بەشێكە لە عێراق.

سەبارەت بە یەكخستنەوەی پێشمەرگە وتی، “پڕۆسەی یەكگرتنەوە و یەكخستنی پێشمەرگە بەردەوام لە بەرنامەی وەزارەتی پێشمەرگە بووە و لەدوای ڕاپەڕین یەك هێزی پێشمەرگەی یەكگرتوو دروست كرا، بەڵام دوای ساڵی ١٩٩٤ بەهۆی شەڕی ناوخۆوە دابەشبوونی حزبی بەسەر پێشمەرگەدا هات و ئێستاش دوای یەكگرتنەوەی ئیدارە لەدوای ساڵی ٢٠١٠ەوە كار لەسەر یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەكرێت”.

دەشڵێت: “دەبێت بۆچوونی ئەوە بۆ پێشمەرگە دروست بكرێت، كە ئەو چەكەی بەدەستیەوەیەتی بۆ بەرگری لە خاك و نیشتمان بێت نەك بۆ حزب و لایەنێكی دیاریكراو، بەڵام تا ئێستا ئەوە نەكراوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر حزبەكان و حكومەت بڕوایان بەوەیە بمانەوێت دەوڵەتداری بكەین، ئەوە دەبێت هیچ هێزێكی چەكدار بەدەست هیچ حزبێكەوە نەبێت، بەڵكو دەبێت هێزی نیشتمان بێت.

ئاشكراشی كرد، بوونی هێزی چەكدار لەلایەن حزبی سیاسییەوە، ئەوا لە هەر ململانێیەك لەنێوان حزبەكان تووشی شەڕی ناوخۆ دەبینەوە و ئەو ئەزموونەی لە هەرێم هەیە نامێنێت، بۆیە ئەوە مەترسییەكی زۆر گەورەیە.

سەرۆك كۆمار عیراقی بەرەو سویسرا بە جێ هێشت
پێشت سەرۆك كۆمار عیراقی بەرەو سویسرا بە جێ هێشت
دوو بنكەی تەندروستی ٢٤ كاتژمێریی بۆ پێشمەرگە دەكرێنەوە
دواتر دوو بنكەی تەندروستی ٢٤ كاتژمێریی بۆ پێشمەرگە دەكرێنەوە
پەیوەندیدار