شاندێكی ئەمریكا سەردانی ڕۆژئاوای كوردستانی كرد



ئەمریكا لەڕۆژئاوای كوردستانەوە دژایەتی بۆ ئاشتبوونەوەی ئەردۆغان و ئەسەد ڕاگەیاند

چەند ڕۆژی ڕابردوو شاندێكی ئەمریكا بەسەرۆكایەتی نیكۆلاس گرانگەری نێردراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەردانی ڕۆژئاوای كوردستانیكرد.

بەپێی زانیارییەكان، شاندەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حیزب و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان كۆبووەتەوە.

سەرچاوە ئاگادارەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان دەڵێن، شاندەكە لە كۆبوونەوەكاندا باسی لە هەڵوێستی ئەمریكا كردووە لەسەر ڕەوشی ناوچەكە و ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا، دووپاتیكردووەتەوە كە دەبێت سەقامگیری ناوچەكە بپارێزرێت، دژی هەر جووڵەیەكن كە ئارامی ناوچەكە تێكبدات.

هاوكات شاندەكە، نیگەرانی خۆشی لە هەوڵەكانی نزیكبوونەوەی ئەنقەرە و دیمەشق نیشانداوە، ئەو هەنگاوانەی بە دژی گەلانی سووریا زانیوە.

چوونی شاندەكە بۆ ڕِۆژئاوا لە حاڵێكدایە، بەپێی زانیارییەكان ئەمریكا پلانێكی نوێی سەربازی لە ڕۆژئاوای كوردستان هەیە، ئەویش خۆڕێكخستنەوە و دووبارە دابەشبوونەوەی سەربازی و دروستكردنی چەند بنكەی سەربازی نوێیە.

هاوكات سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، بەردەوام ئەمریكا هێزەكانی لە ڕۆژئاوای كوردستان زیاد دەكات لە ڕووی هێزی مرۆیی و ئامێر و كەرەستەی سەربازییەوە، دوو ڕۆژی ڕابردوو كاروانێكی دیكەی سەربازی ئەمریكا گەیشتە ڕۆژئاوای كوردستان.

لە ماوەی ڕابردووشدا چەند كاروانێكی دیكەی سەربازی ئەمریكا گەیشتوونەتە ڕۆژئاوای كوردستان و لەسنووری پارێزگەی حەسەكە جێگیركراون.

ئەو جموجۆڵە سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازییانەی ئەمریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان هاوكاتی هەوڵەكانی توركیا و ڕووسیا و سووریایە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتییەك كە ئامانجی یەكەمی ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستانە بە واتایەكی دیكە ناو جێنفووزەكانی ئەمریكا.

كاربەدەستێكی توركیا كە نەیویستووە ناوی بڵاوبكرێتەوە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكردووە، رەنگە بەمنزیكانە كۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و توركیا و سووریا بەڕێوەبچێت، كە ڕەنگە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بێت، بەڵام تا ئێستا كات و شوێنەكەی بە تەواوی دیارینەكراوە.

ئەم كۆبوونەوەیە بە یەكەمین كۆبوونەوەی ئاست بەرزی نێوان سووریا و توركیا دادەندرێـت لە سەرەتای سەرهەڵدانی سووریاوە لە بەهاری 2011دا.

مانگی ڕابردوو كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری توركیا، سووریا و ڕووسیا لە مۆسكۆ بەڕێوەچوو، لەدوای ئەوە پلان بۆ كۆبوونەوەی وەزیرانی  دەرەوە دانرا و دواتریش كۆبوونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریا.

بەڕای شارەزایان ئەم جموجۆڵانەی دەوڵەتانی ڕووسیا و توركیا و سووریا و دواجاریش ئێرانیش هاوڕایانە، بۆ گووشارهێنانە بۆ بوونی سەربازی ئەمریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان و لەنێوبردن یان لاوازكردنی دەسەڵاتی خۆسەری كوردی ڕۆژئاوا.

 

دوو كوردی دیكە لەسێدارە دران
پێشت دوو كوردی دیكە لەسێدارە دران
بوومەلەرزەیەك لە كەلار ڕوویدا
دواتر بوومەلەرزەیەك لە كەلار ڕوویدا
ەیوەندیدار