جەنگە قوورسەكەی ڕووسیا و ناتۆ دەستپێدەكات



چەكی ڕۆژئاوا لەڕێگایە و هێرشی پێچەوانەی ڕووسەكان یەكەم سەركەوتنی تۆماركرد

هاوكارییە سەربازییەكانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بەخێرایی خەریكە دەگەنە ئۆكراین، هەفتەی داهاتوو، ئۆكراینییەكان دەچنە ئەمریكا، لەوێ ڕاهێنان لەسەر سیستمی مووشەكی پاتریۆت دەكەن، لەبەرامبەردا كاربەدەستێكی ڕووسی دەڵێت جەنگ لەئۆكراین لەگەڵ ناتۆیە، ئێمە بەرەنگاری ناتۆ دەبینەوە، ڕووسیاش هێرشی پێچەوانەوەی دەستپێكرد بە یەكەم سەركەوتن هاوكێشەی جەنگەكەی دوای چەند مانگێك گۆڕی.

دوای چەند مانگێك سووپای ڕووسیا لە ڕێگای گرووپە چەكدارەكانی ڤاگنەرەوە توانی شارۆچكەیەكی ستراتیژی بەناوی سۆلیدار لە ڕۆژهەڵاتی ئۆكراین داگیربكات، ئەوەش بە گۆڕانی هاوكێشەی جەنگ دادەنرێت لە دوای چەند مانگێك لە پاشەكشەی سووپای ڕووسیا لەبەرەكانی جەنگ لەبەرامبەر ئۆكرایندا، گۆڕانێك هاوكاتی بڕیاری دەوڵەتانی ڕۆژئاوایە بە پڕچەككردنی ئۆكراین بە چەكی جۆری لەوانە سیستمی پاتریۆتی ئەمریكایی، كە بەمنزیكانە ئۆكراینییەكان دەچنە ئەمریكا بۆ ڕاهێنان لەسەر سیستمی پاتریۆت.

لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕووسیا توندترین هێرشی سەر شارۆچكەی سۆلیداری كرد، سۆلیدار لە هەرێمی دۆنباس لە خۆرهەڵاتی ئۆكراین بە دووری 15 كیلۆمەتر لە شاری باخمووتەوە هەڵكەوتووە، كە ئامانجی دووەمی ڕووسیایە لە ئەو هێرشە تازەیەیدا.

بەر لە چەند ڕۆژێك ڕووسیا ئاگربەستێكی دوو ڕۆژی ڕاگەیاند بۆ جەژنی مەسیحییەكان، بەڵام ڕۆژئاوا گومانی هەبوو، باسیلەوەكرد ئەوە بۆ خۆڕێكخستنەوەیە.

لە دەستپێكردنەوەی هێرشەكاندا ڕووسیا لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هێرشی سەر سۆلیداری كرد، هێرشێك بە تووندترین هێرش لە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگەوە لە مانگی شووباتەوە وەسفكراوە.

سۆلیدار لەسەر هێڵی ستراتیژی نێوان هەرێمەكانی دۆنێتسك و لوهانسك لە ناوچەی دۆنباس هەڵكەوتووە، كە هێزەكانی ڕووسیا لە دەوروبەری شەڕی توند دەكەن، بەتایبەتی لە لایەنی باشوور و ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی.

سەرچاوەكان دەڵێن ئامانجی ڕووسیا سۆلیدار نییە، هەرچەندە گرینگی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام ئامانجی ڕووسیا شاری باخمووتە.

هەنگاوێكی لەو شێوەیە لەسەر زەوی هێزەكانی ئۆكراین دەخاتە دۆخێكی زۆر مەترسیدارەوە، چونكە گردە بەرزەكانی سۆلیدار دەڕوانن بەسەر هەموو هێڵەكانی دابینكردنی هاوكاری و پشتیوانی ئۆكراین بۆ بەرەكانی جەنگ لە سنوورەكە.

هێزەكانی ئۆكراین ڕایانگەیاند هاوتا ڕووسییەكانیان لە ماوەی ٢٤ كاتژمێردا زیاتر لە ٨٦ جار بە تۆپی قوورس بۆردوومانی سۆلیداریان كردووە.

سەرۆكی ئۆكراین ڤۆلۆدێمیر زێلێنسكی ئاشكرایكرد، هێزەكانیان لەوێ تووندترین شەڕ دەكەن.

هاوكات سەرۆكی گرووپی ڤاگنەری سەربازی تایبەتی ڕووسیا، یڤگنی پریگۆژین، ڕایگەیاند، گرنگی سۆلیدار لە بوونی تونێلدایە، كە لە ژێر زەویدا درێژدەبنەوە و دەتوانن سەرباز و تانكی تێدا جێگیر بكەن.

سەبارەت بە پێشهاتە مەیدانییە نوێیەكان، دێنیس پریشیلین، سەرۆكی كاتی كۆماری دۆنێتسكی لایەنگری مۆسكۆ، ڕایگەیاند، هێزەكانی ڕووسیا ناوەندی شارۆچكەی سۆلیداریان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆكراین داگیركردووە و سووپای ئۆكراین كشاوەتەوە.

هێشتا شەڕ لەنێوان هێزەكانی ڤاگنەر و سووپای ئۆكراین بەردەوامە لە ڕۆژئاوای شارەكە، لەكاتێكدا هێزەكانی ڕووسیاش لە ڕۆژئاوای شارەكەوە گەمارۆی هێزە ئۆكراینییەكانیان داوە.

سەرۆكایەتی ئەركانی گشتی سووپای ئۆكراین ئاماژەی بەوەدا كە هێزەكانی ڕووسیا بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەكانیان بەرەو باخمووت و ئەڤدیڤ.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕووسەكان گرووپیان دروستكردووە و یەكەی هێرشبەر و چەكی دیكەی زیاتریان بۆ بەرەكانی جەنگ ڕاگواستووە.

ڕوونیشیكردەوە كە ڕووسیا ژمارەیەكی زۆر لە یەكەكانی هێرشبەری جێگیر كردووە كە لە باشترین یەدەگەكانی گرووپی ڤاگنەر پێكهاتوون.

لە ئەوبارەیەوە سكرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیا نیكۆلای پاترۆشیڤ، ڕایگەیاند، شەڕ لە ئۆكراین، ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ هاوپەیمانی ناتۆ.

ڕاشیگەیاند، ڕووسیا پێویستی بە سوپاو هەواڵگریییەكی بەهێز هەیە بۆ سنوورداركردنی هەڕەشە سەربازییەكان، توانا پێویستەكانی ڕووسیاشن كە ڕۆژئاوایان بێزاركردووە و هەوڵی دابڕینی دەدەن.

كارەبای نیشتمانی بۆ دوو كاتژمێر كەمبووەوە
پێشت كارەبای نیشتمانی بۆ دوو كاتژمێر كەمبووەوە
سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەرەو بەغدا بەڕێكەوت
دواتر سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەرەو بەغدا بەڕێكەوت
پەیوەندیدار