كارەبای نیشتمانی بۆ دوو كاتژمێر كەمبووەوە



ئێستا شەو و ڕۆژێك تەنها 2 كاتژمێر كارەباى نيشتمانى هەیە، ساڵانی نەوەدەكان لە شەڕی ناوخۆشدا 2 كاتژمێر كارەبا هەبووە

بەشێك لە هاووڵاتیان لە گەڕەكەكانی سلێمانی دەڵێن كارەبای نیشتمانی لە ماوەی 24 كاتژمێر بۆ 2 بۆ 4 كاتژمێر كەمبووەتەوە، بەشێك لە گەڕەكەكان تەنها 2 كاتژمێر كارەبای نیشتمانییان هەبووە، لەكاتێكدا لە ساڵانی نەوەدەكانی ڕابردوودا لە كاتی شەڕی ناوخۆ و گەمارۆ و گرانیدا هەمان دوو كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دراوەتە هاووڵاتیان لە سلێمانی.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان سیستمی زیرەكی داناوە بۆ سنوورداركردنی كارەبا، بەجۆرێك كارەبای ماڵان بووە بە تەنها 30 ئەمپێر و نرخەكەشی لەسەر هاووڵاتیان زۆر بەرزكراوەتەوە و كارەبای زۆر شوێنیش لەسەر نەدانی كرێ بڕدراوە، كەچی كارەبا هەر كەم دەكات.

دوو ڕۆژی ڕابردوو كارەبای سلێمانی، كارەبای سەدان دووكانی لەنێو بازاڕی شاری سلێمانی بڕیوە، گوایە قەرزدارن و هاوبەشی كارەبایان نەكردووە، بۆیە كارەباكەیان بڕدراوە.

بەپێی زانیارییەكان، هەرێمی كوردستان خاوەنی وێستگەی پێویستی بەرهەمهێنانی كارەبایە، خاوەنی غازی سرووشتی و نەوتی خاوە، جگە لە بوونی دوو بەنداوی دووكان و دەربەندیخان كە ئەوانیش پكشیان لە بەرهەمی كارەبادا هەیە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان سیستمی كارەبای زیرەكی بە تێچوویەكی زۆر داناوە، كە كارەبای ماڵانی زۆر سنوورداركردووە، بەجۆرێك هەر ماڵێك دەتوانێت تەنها 30 ئەمپێر كارەبا بەكاربهێنێت، ئەمە ئەو بانگەشەی حكومەتی سفركردەوە كە دەڵێن لە وەرزی زستاندا بەهۆی زیادبوونی خواست و گووشارەوە كارەبا كەمدەبێتەوە.

زۆر جار بەرپرسانی كارەبا و خاوەن مۆلیدە ئەهلییەكان بەجۆرێك باسی كاتژمێرەكانی كارەبا دەكەن، شەو و ڕۆژ لە هەرێمی كوردستان دەگاتە نزیكەی 30 كاتژمێر، بەڵام ڕاستییەكەی بە هەردوو كارەبای نیشتمانی و مۆلیدەشەوە كەمتر لە 20 كاتژمێر كارەبا دابین دەكەن، كارەبای نیشتمانی ئێستا لە دوو بۆ پێنج كاتژمێرە.

ئەوەش لەكاتێكدایە هاووڵاتیان ناچارن بڕەپارەیەكی زۆر بدەن بۆ كرێی كارەبا، كرێی ئەمپێرێك كارەبای مۆلیدە بۆ مانگی دوازدە سەرووی 16 هەزار دیناربووە، هەر ماڵێكیش بە بڕی زۆر قەرزداری كرێی كارەبای نیشتمانیشن.

هاووڵاتیان دەڵێن ئێمە ئامادەین مانگانە كرێی كارەبا بەڕێكوپێكی بدەین وەك كڕینی كارتەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت، بەڵام بەمەرجێك كارەبای 24 كاتژمێری بە باشی هەبێت، بەڵام ئێمە پارەش دەدەین و كارەباكەش نییە، كارەبای مۆلیدە تەنها بۆ ڕووناككردنەوەیە و كارەبای نیشتمانیش تەنها دەتوانرێت چەند ئامێرێك كاریپێبكرێـت.

بەوتەی بەشێك لە هاووڵاتیان بڕی كارەبای دابینكراو لە ئێستا بۆ هاووڵاتیان هەمان ئەو بڕەیە كە لە ساڵی 1992 و دواتر دابینكراوە، كە لە شەووڕژێكدا 2 بۆ 3 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی هەبووە، لەحاڵێكدا ئەو كاتە دوو گەمارۆی نێودەوڵەتی و بەغدا لەسەر هەرێم بووە، حكومەتی هەرێم تەمەنی یەك دوو ساڵ بووە، دوایی شەڕی ناوخۆ دەستیپێكردووە، هیچ دامەزراوەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا نەبووە جگە لە بەنداوە ئاوییەكان.

ئێستا پرسیاری جیدی لای هاووڵاتیان و شارەزایان دروستبووە كە بۆچی كارەبا نییە، حكوومەتیش و كارەباش خەریكی پینەوپەڕۆن و پەڕلەمانیش بێ دەنگە.

پرسیار دەكرێت هەرێمی كوردستان قەیرانی دارایی تێپەڕاندووە، داهاتی نەوت زۆر و نرخەكەی بەرزە، داهاتی ناوخۆ زۆرە، نە جەنگ هەیە، نە كارەساتی سرووشتی، ئایا هۆكار چییە كارەبای نیشتمانی نییە؟

سیروان محەمەد وتەبێژی كارەبای سلێمانی بۆ (خەڵك) دەڵێت پێدانی كارەبای نیشتمانی لە شەو و ڕۆژێكدا بۆ 4 بۆ 5 كاتژمێر كەمبووەتەوە.

دەشڵێت، خواست لەسەر كارەبا زیادیكردووە و لە سلێمانی 2300 مێگاوات پێویستە، بەرهەمی كارەباش كەمبووەتەوە، دەسەڵاتی ئێمە نییە، كارەبامان نییە بیدەینە خەڵك.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد ئەو دووكاندارانەی لەناو بازاڕ قەرزدارن كارەباكەیان بڕدراوە و ئەوانەی قەرزەكەیان داوە كارەباكەیان بۆ گەڕاوەتەوە و بۆ هەندێكیشیان كراوە بە قیست.

لە هێرشێكدا لە پاریس شەش كەس بریندار بوون
پێشت لە هێرشێكدا لە پاریس شەش كەس بریندار بوون
جەنگە قوورسەكەی ڕووسیا و ناتۆ دەستپێدەكات
دواتر جەنگە قوورسەكەی ڕووسیا و ناتۆ دەستپێدەكات
ەیوەندیدار