پارێزگای سلێمانی نیوە پێویستییەکانی غازی بۆ دابیندەکرێت



ئێستا بڕی ئەو غازەی بۆ سلێمانی دابین دەکرێت نیو هێندەی ئەو بڕەیە کە خواستی لەسەرە، لە گەرمیانیش نرخی بتڵێک غاز بووەتە ١٥ هەزار دینار.

بەهۆی دابیننەکردنی غاز کێشە لە سلێمانی و گەرمیان سەریهەڵداوە، ترس لە دروستبوونی قەیرانی غاز هەیە.

بەپێی زانیارییەکانی (خەڵك) لە گەرمیان شەش وێستگەی دابەشکردنی غاز هەیە، بەڵام ئێستا غاز تەنها بە سێ وێستگە دەدرێت، بە دوو ڕۆژ جارێک ١٧ تۆن غاز بۆ گەرمیان دابیندەکرێت، ئەمەش وایکردووە کێشەی کەمی غاز لە گەرمیان سەرهەڵبدات، نرخی بتڵێک غاز گەیشتووەتە ١٥ هەزار دینار.

لە سلێمانیش دۆخەکە هێندە لەبارنییە، لە پاش کاتژمێر نۆی بەیانی لە فولکەی مامەڕیشە هیچ غازێک دەستناکەوێت، ئەمەش بۆ دابیننەکردنی بڕی غازی پێویست دەگەڕێتەوە، بەیانیان بۆ وەرگرتنی غاز دەبێت هاووڵاتیان سەرەبگرن.

کۆچەر تاهیر، نوێنەری خاوەن کارگەکانی غازی سلێمانییە، لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵك) ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بڕی ئەو غازەی بۆ کارگەکان دابین دەکرێت نزیکی نیوەی پێداویستییەکانە، لە کاتێکدا سلێمانی مانگانە پێویستی بە ٤٠٠ بۆ ٤٥٠ تۆن غاز هەیە، بەڵام تەنها ٢٥٢ تۆن غازی بۆ دابیندەکرێت.

ئەمەش بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی غاز لە پارێزگای سلێمانی، هاوکات ئەمڕۆ بە خاوەن کارگەکانی غاز ڕاگەیەندراوە، دەتوانن ئەو بڕە غازەی هەیە لە ماوەی ڕۆژێکدا دابەشیبکەن، بەڵام بەپێی وتەکانی کۆچەر تاهیر، ئەگەر بەم سیستمە غاز دابەشبکرێت ئەوا هاووڵاتیان ڕووبەڕووی قەیرانێکی زۆر زیاتر دەبنەوە.

دەشڵێت “هێشتا نرخی غاز لە سلێمانی وەک خۆیەتی، بەڵام بڕەکەی کەمبووەتەوە، هاووڵاتیان ئەگەر غازیان بوێت دەبێت سەرە بگرن، بریکارەکانی ناو گەڕەکەکان سەرەیەکی زۆریان نوسیوە، دەبێت هاووڵاتیان ١٠ ڕۆژ پێشتر تەلەفۆن بۆ بریکارەکان بکەن”.

توانەوەی سەهۆڵ جیهانی تووشی مەترسیكردووە
پێشت توانەوەی سەهۆڵ جیهانی تووشی مەترسیكردووە
خۆشبەخت و بێبەختانی جیهان كێن؟
دواتر خۆشبەخت و بێبەختانی جیهان كێن؟
پەیوەندیدار