ناڕەزایەتییەكان لە ئێران گەرمبوونەوە



لەسێدارەدانی دوو گەنج ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەرەو گرژیی دەباتەوە

دوای ماوەیەك لە هێوربوونەوەی ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران و خاوبوونەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكان، لەسێدارەدانی دوو كەس لە خۆپیشاندەران كە یەكێكیان خەڵكی شارۆچكەی بیجاڕە، شەپۆلی ناڕەزایەتییەكانی لە ئەو وڵاتە تووندكردەوە.

شەوی ڕابردوو لە ناوەڕاستی شاری تارانی پایتەختی ئێران، خۆپیشاندان بۆ شەرمەزاركردنی لەسێدارەدانی ئەو گەنجانە بەڕێوەچوو.

چالاكەوانان بانگەوازیانكردووە، ئەمڕۆ یەك شەممە لە تەواوی شارەكانی ئێران هاووڵاتیان بڕژێنە سەر جادەكان و ناڕەزایەتیی بەرامبەر لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران دەرببڕن و ئەمڕۆشیان ناوناوە ڕۆژی تۆڵە.

بەیانی دوێنێ شەممە، دەوڵەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران دوو خۆپیشاندەری بەناوەكانی محەمەد مەهدی و محەمەد حوسێنی بە تۆمەتی كوشتنی ڕووحووڵا عەجەمیان پاسداری دەوڵەتی ئێران لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا لەسێدارەدا.

لە ئەمریكا و نەمسا و دانیمارك و لەندەن ڕەوەندیی كوردی و ئێرانی لە دەرەوەی وڵات خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد، شەرمەزاری لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانیان كرد.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئەمریكا سەركۆنەی ئەو هەنگاوەی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیان كرد و داوای ڕاگیرانی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانیان كرد.

لای خۆشییەوە هۆڵەندا بانگێشتی باڵوێزخانەی ئێرانی لە وڵاتەكە كرد تا نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە ئەو هەنگاوەی تاران پێڕابگەیەنێت.

یەكێتیی ئەوروپاش نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە، دەڵێت، تووشی شۆكبووین بەلەسێدارەدانی دوو لەناڕازییان، ئەوە نیشانەیەكی دیكەی سەركووتی تووندی ناڕەزایەتییەكانی ئێرانە.

لە مانگی ئەیلوولی ڕابردووەوە كە ناڕەزایەتییەكان بەهۆی كوژرانی ژینا ئەمینی لەسەر دەستی پۆلیسی ئێرشاد سەریهەڵداوە، دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران 14 كەس لە ناڕازییانیان بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەسێدارە داوە، لە پێشیانەوە تۆمەتی دەستدرێژیی بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان.

بەفر و بارانبارین بەردەوام دەبێت
پێشت بەفر و بارانبارین بەردەوام دەبێت
ڕووداوێكی شەمەندەفەر نزیكەی 60 قوربانی لێكەوتەوە
دواتر ڕووداوێكی شەمەندەفەر نزیكەی 60 قوربانی لێكەوتەوە
ەیوەندیدار