حكومەتی هەرێم چەند بڕیارێك لەبەرژەوەندی هاووڵاتیان دەردەكات



وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم وردەكاری لێخۆشبوون و داشكاندن لە بڕی باجی سەر چین و توێژەكان بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەو پیشەوەرانەی یەک سەرچاوەی داهاتی سنوورداریان هەیە، هیچ جۆرە باجێک نادەن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەكان و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، باجدەرانی قەزا و ناحیەکان و پیشەوەران، داشکاندنی تایبەتیان لە باجدا بۆ دەکرێ بەجۆرێك لە قازانجی ساڵانە بەڕێژەی (10% و 15%) داشكاندنیان بۆ دەكرێت.

ڕوونیشی كردۆتەوە، ئەو كارگانەی بە یاسای وەبەرهێنان مۆڵەتی پیشەسازییان وەرگرتووە بەڕێژەی جیاجیا بۆ ماوەی 10 ساڵ لە باج دەبەخشرێن.

ئاشكراشی كردووە، سەرجەم پرۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ ماوەی 10 ساڵ لە باج دەبەخشرێن.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەو پیشەوەرانەی یەک سەرچاوەی داهاتی سنوورداریان هەیە، هیچ جۆرە باجێک نادەن، وەک: سەرتاشخانە، نانەواخانە، شوێنی چاککردنەوەی مۆبایل، شوێنی فرۆشتنی پەلەوەر و هتد.

ڕوونیشی كردۆتەوە، زانیاری و ڕاپۆرتی کۆمپانیاکان بنەمای هەژمارکردنی باجی کۆمپانیاکانە، بۆیە هیچ باجێک ناکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیا ئەگەر قازانجی نەکردبێت.

سەبارەت بە باجی دەرامەت، دەڵێت: کەسانی ئاسایی لە قازانجی ساڵانەی پیشەکانیان، بەپێی یاسای باجی دەرامەت ژمارە 113 ساڵی 1982 هەموارکراو، بە ڕێژەی هەڵکشاو کە بریتین لە ڕێژەی 3%، 5%، 10%، 15% باج دەدەن.

خاوەنی موڵک لە کاتی فرۆشتنی موڵک بەپێی یاسای ژمارە (26 ساڵی 2007) و یاسای ژمارە (20 ساڵی 2011) ی پەرلەمانی کوردستان، باجی لێ وەردەگیرێت، دوای داشکاندنی ڕێژەی (50%) لە نرخی خەملێندراوی موڵکەکە بە ڕێژەی (1% بۆ 100 ملیۆنی یەکەم) و (2% بۆ 100 ملیۆنی دووەم) و (3% بۆ 100 ملیۆنی سێیەم) و (50% بۆ ئەو بڕەی سەرووی 300 ملیۆنە).

ڕەشەبایەكی بەهێز هەڵدەكات و كەش فێنك دەبێت
پێشت ڕەشەبایەكی بەهێز هەڵدەكات و كەش فێنك دەبێت
ڤیتامین D دوای تەمەنی 20 ساڵی باڵات بەرز دەکات
دواتر ڤیتامین D دوای تەمەنی 20 ساڵی باڵات بەرز دەکات
پەیوەندیدار