هەر بنی زەریاکان مابوو، دەستی وێرانکاریی پێ بگات



خالد سلێمان
ئەوەی تا ئێستا بەسەلامەتی لەسەر هەسارە شینەکەمان ماوەتەوە، بنی ڕووبەرە شینەکەیەتی، واتە بنی زەریاکان کە لە زۆر شوێندا قوڵایەکانیان دەگاتە ١٣ کیلۆمەتر. لەماوەی ١٢ هەزار ساڵی ڕابوردوودا، واتە لەدەرکەوتنی کشتوکاڵ و یەکەم بازدانی گەورەی مرۆڤ لە ژیانی ڕاوشکاری و چینینەوە بۆ ژیانی کشتوکاڵ و جێگیربوون، تەنانەت دەسکاری جیۆلۆجیای زەویش کراوە. هەر لەبەر ئەمەشە ئەم چاخە جیۆلۆجییەی تیایدا دەژین و لەساڵی ڕابوردوەوە بەڕەسمی ناسێنراو ناوی لێ نرا (ئەنترۆپۆسین) واتە چاخی مرۆڤ.

دووای بازدانی یەکەم، گەورەترین بازادان لە مێژووی مرۆڤدا، دەرکەوتنی تەکنۆلۆژیای نوێ بوو کە بوە هۆی شۆڕشی پیشەسازی و بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی هەژدەیەم کە یەکەم ماشێنی هەڵمی تیا دەرکەوت.

لەو دەمەوە تا ئەمڕۆ کە تەکنۆلۆژیا بەڕیتمێکی زۆر خێرا پێش دەکەوێت و هیچ وچانێکی تیا نیە، هەموو سنورەکانی زەوی پڕوکێنراون و وزەیان لەبەر بڕاوە. بەرگەهەوا، کەشوهەوا، هەمە-جۆریی، خاک، ئاوی شیرین، تەمە چڕەکانی بەرزایی، پیسبوونی کیمیایی، تەنکبوونەوەی چینەکانی ئۆزۆن، هەموو ئەمانە دەرەنجامی ئیشتیهای نەبڕاوەی سەرمایەداری و تەکنۆلۆژیان. بۆ نموونە بۆشایی ئاسمان کراوەتە زبڵدانێکی گەورەی مانگە دەستکردەکان و گەورەترین ترس لەسەر بۆشایی و بەرگەهەواو تەنانەت زەویش دروستکردوە.

ئەوەی تا ئێستا بەسەلامەتی مابوو بنی زەریاکان بوو، چونکە تێگەیشتنێکی وا هەبوو کە لەبەر تاریکیی و نەگەیشتنی تیشکی هەتاو، ئۆکسجینی تیا نیەو ئیشتیهای سەرمایەداریی نەجوڵاندبوو. بەڵام لەمڕۆ بەدوواوە، ئەم تێگەیشتنە دەگۆڕێت و ئیتر دووای وێرانکردنی زەوی و بەرگە هەواو بۆشایی ئاسمان، دەستی وێرانکاریی سەرمایەداری دەگاتە بنی زەریاکان.

بەسپۆنسەری کۆمپانیا زەبەلاحەکان، هەندێ کانزای وەک مەنگەنێزو ئایرۆن دۆزراونەتەوە کە ئۆکسجین دەرئەدەن و ژیان دەبەخشنە وردیلەکانی بنی دەریا (مایکرۆ-ئۆرگانیزم). ئەم ئۆکسجینە کە لە تاریکیی بنی زەریادا بەرهەم دێت و ناوی لێنراوە، ئۆکسجینی ڕەش، تێگەیشتنمان بۆ دروستبوونی ژیانیش دەگۆڕێت و تیۆری نوێ و جیاواز لەوانەی هەن دەهێنێتە کایەوە.

بەڵام هەر لە ئێستاو زاناو بەرگریکاران لە ژینگەی زەوی، زەنگی مەترسییەکی گەورە لێ ئەدەن لە کردنەوەی ئیشتیهای سەرمایەداری و دەست بردن بۆ بنی زەریاکان. بۆ؟ چونکە زەریاکان گەورەترین عەمباری گلدانەوەی وزەی هەتوان لەسەر زەوی، هەروەها مایکرۆ-ئۆرگانیزم لە قوڵایەکانیاندا، هەر دەستبردنێک بۆ ئەو سنورە گرنگەی زەوی دەبێتە هۆی تێکدانی زیاتر و مەترسییەکی چاوەڕواننەکراو.

د. نەرمین مەعروف: چارەسەركردنی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی بڕیوە
پێشت د. نەرمین مەعروف: چارەسەركردنی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی بڕیوە
بەهجەت یەحیا “پرچی سپیت” بڵاودەکاتەوە
دواتر بەهجەت یەحیا “پرچی سپیت” بڵاودەکاتەوە
پەیوەندیدار