عێراق و هەرێم لە بەرهەمهێنانی ئارد گەیشتنە ئاستی خۆبژێوی



وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشکرایکرد، بەرهەمی ناوخۆیی ئارد، گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و توانراوە پێویستی فڕن و نانەواخانە و کاری هەویرکاری لە بەغداد و سەرجەم پارێزگاکان دابین بکرێت.

ساڵانە وەزارەتی بازرگانی عێراق پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەستپێدەكات، كە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و بۆ هەر تۆنێك بڕی 850 هەزار دینار دەدات بە جوتیاران و دواتر لە شارەكانی عێراق و هەرێم ئەو گەنمە لە ئاشەكان دەكرێتەوە بە ئارد و لەچوارچێوەی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان دابەش دەكرێت.

تالیب حەسەن، بەڕێوەبەری پلان و بەدواچوون لە وەزارەتی بازرگانی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی (الصباح)ی فەرمی ڕایگەیاند، “ژمارەی فڕن و نانەواخانە و کاری هەویرکاری لە بەغدا و پارێزگاکان گەیشتووەتە نزیکەی 30 بۆ 35 هەزار، لەو ژمارەیەش 22 هەزاریان مۆڵەتیان هەیە”.

ئاماژەی بەوەکردووە، 290 ئاشی ئەهلی هەیە، کە لە چوارچێوەی سیستمی فۆڕمی خۆراک کاردەکەن، بۆ دابینکردنی بەشە ئاردی مانگانەی ناو فۆڕمی خۆراکی هاووڵاتیان.

وتیشی، “ئاشە بازرگانییەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئاردی سفریش بە ڕێژەی لە 70% بۆ 80% کاردەکەن و هەموویان لە تاقیگەکاندا پکشنینیان بۆ دەکرێت”.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی ڕوونیکردەوە، پێشتر ئاردی سفر لە دەرەوە هاوردە دەکرا، بەڵام دوای راسپاردەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە پشتیوانکردنی کەرتی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی ئاردی سفر، لە ئێستادا لە ناوخۆدا بە رێژەی لە 50% ئاردی سفر بەرهەمدەهێنرێت.

پێشتر کۆمپانیای بەرهەمهێنانی دانەوێڵە ئاشکرایکرد، بڕی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ گەیشتووەتە سەروو 6 ملیۆن تۆن و ئاستی خۆبژێوی تێپەڕاندووە.

 

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و عێراق بەیاننامەیەکیان دەرکرد
پێشت وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و عێراق بەیاننامەیەکیان دەرکرد
ئایفۆن بەرهەمە نوێیەکەی دەخاتە بازارەوە
دواتر ئایفۆن بەرهەمە نوێیەکەی دەخاتە بازارەوە
پەیوەندیدار