خۆت لە شێرپەنجە بەدوور بگرە



توێژینەوەیەک، ئاماژە بەوە دەکات نیوەی مردن بە شێرپەنجە و ٪٤٠ی تووشبوونەکان ڕێگرییان لێدەکرێت، بەهۆی خۆ بەدوورگرتن لە جگەرەکێشان و خواردنی خۆراکی تەندروست و چالاکیی جەستەیی.

 

توێژینەوەیەکی زانستی نوێ ئاشکرایکردووە، نیوەی مردن بە شێرپەنجە لە ئەمریکا و ٪٤٠ی حاڵەتەکانی شێرپەنجە پەیوەندییان بە هۆکارەکانی خۆپارێزییەوە هەیە.

 

بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی (ACS)، ژمارەیەکی بەرچاو لە حاڵەتەکانی شێرپەنجە و مردن لە نێوان گەورە ساڵانی ٣٠ ساڵ و سەرووتردا بەهۆی هۆکارەکانی ڕێگریکردنە، وەک جگەرەکێشان و خراپی خۆراک.

 

لە ئەنجامەکاندا دەرکەوتووە کە ٪٤٠ی حاڵەتەکانی تووشبوون و نزیکەی نیوەی مردن بەهۆی ئەو هۆکارانەوەیە کە دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێن.

 

دکتۆر فەرهاد ئیسلامی، نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە، بە یۆرۆنیوزی ڕاگەیاندووە: “ژمارەیەکی زۆر لە حاڵەتەکانی شێرپەنجە و مردن کە دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت، لە پەیڕەوکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزیداخۆی دەبینێتەوە”.

 

ئەو هۆکارانەی لە توێژینەوەکەدا تیشکیانخراوەتەسەر بریتین لە جگەرەکێشان، کێشی زیادەی جەستە، خواردنەوەی ماددە کحولیەکان، خواردنی گۆشتی سوور و پرۆسێس کراو، کەم خواردنی میوە و سەوزە و ڕیشاڵی خۆراکی و کالیسیۆم.

 

جگە لە هۆکارەکانی تری وەک ناچالاکی جەستەیی، بەرکەوتن بە تیشکی سەروو بنەوشەیی و تووشبوون بە ڤایرۆسی(HPV).

 

دەرەنجامەکان دەریانخستووە جگەرەکێشان وەک هۆکاری سەرەکی مردن لە پلەی یەکەمدایە، بەو پێیەی بەرپرس بووە لە ٪٢٠ی هەموو حاڵەتەکانی شێرپەنجە و ٪٣٠ی مردن، دواتر کێشی زیادەی لەش و خواردنەوەی کحولیەکان هاتووە.

 

هاوکات بەرکەوتن بە تیشکی سەروو بنەوشەیی، کەمی چالاکیی جەستەیی، کەم خواردنی سەوزە و میوە، خواردنی گۆشتی پرۆسێس کراو، هۆکار گەلی دیکەن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە.

 

ئیسلامی ڕوونی کردەوە؛ تێگەیشتن لە ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستدان بە شێرپەنجە بەسوودە بەمەبەستی ڕێگریکردن لێیان بە پەیڕەوکردنی ڕێکارەکان و زیادکردنی هۆشیاری گشتی و هانی خەڵکی دا کە لەسەر ئاستی تاکە کەسی هەنگاو بنێن بە دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتن بەم هۆکارە مەترسیدارانەی باسکراون.

 

“بۆ نموونە لە حاڵەتی جگەرەکێشاندا، ئەو کەسانەی جگەرە دەکێشن دەتوانن مەترسییە تەندروستییەکانیان کەمبکەنەوە بە وازهێنان”.

 

پێشنیارەکان بریتین لە دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی هەر بەرهەمێکی تووتن و پابەندبوون بە ڕێنماییە خۆراکیەکان و پاراستنی چالاکیی جەستەیی و سنووردارکردنی بەرکەوتنی زۆر بە تیشکی خۆر.

 

هەروەها پێشنیار دەکرێت بەردەوامی هەبێت لەگەڵ کوتانە پێویستەکان، وەک ئەوانەی دژی ڤایرۆسی ئاوسانی جگەری جۆری بی و ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆڤ.

بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی ڕێكاری نوێ‌ ڕاگەیەنرا
پێشت بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی ڕێكاری نوێ‌ ڕاگەیەنرا
“گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی پێشێلکارییە”
دواتر “گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی پێشێلکارییە”
پەیوەندیدار