داوای پێداچوونەوە بە پەیوەندیەکان لەگەڵ سووریا دەکرێت



لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسێکی باڵای ئەورووپا، هەشت وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، بە هۆی هاتنی بەلێشاوی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەران کە لە سووریاوە دێن، داوای پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە دەکەن.

 

لە نامەیەکدا کە ئاراستەی جۆزێپ بۆرێل، نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە کراوە، نوێنەرانی هەشت وڵاتی ئەوروپی نووسیویانە: سوورییەکان بە لێشاو بەردەوامن لە جێهێشتنی وڵاتەکەیان، ئەمەش فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر وڵاتانی دراوسێ، لە کاتی بەرزبوونەوەی گرژییەکانیش لە ناوچەکەدا، شەپۆلی نوێی پەنابەران دەبێتە هەڕەشە لەسەر وڵاتەکانیان.

 

ئەو هەشت وڵاتە پێشنیاری دانانی نێردەی تایبەت بۆ سووریا دەکەن و بەپێی توێژینەوەیەک کە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل پێشکەشکراوە دانانی نێردە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ هەموو لایەنەکانی سووریا بەهێزتر دەکات.

 

جگە لە ئیتاڵیا و نەمسا، هەریەک لە وڵاتانی کرواتیا، کۆماری چیک، قوبرس، یۆنان، سلۆڤینیا و سلۆڤاکیا واژۆیان لەسەر ئەو داواکارییە کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەڵمانیا ڕەتیکردەوە بەشداری ئەو داواکارییە بکات.

 

ئەو وڵاتانە دەڵێن؛ قەیرانی مرۆیی بەردەوام لە سووریا تا دێت شەپۆلی کۆچ بۆ ئەوروپا توندتر دەکات، پێویستە یەکێتی ئەوروپا هاوکار بێت لە دروستکردنی هەلومەرجی ژیانی مرۆییانە لەو وڵاتە بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی خۆبەخشانە و سەلامەتی پەنابەران.

 

لە چەند مانگی ڕابردوودا، پەنابەرانی سووری زیاتر گەیشتوونەتە قوبرس و لەویشەوە گەیشتوونەتە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، لە کاتێکدا قوبرس و حەوت وڵاتی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا پێشتر لە کۆنفرانسی کۆچبەران لە مانگی ئایاردا داوای دووبارە هەڵسەنگاندنی دۆخی سووریایان کردبوو.

 

یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی ٢٠١١دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا لە ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد پچڕاند، ئەمەش دوای ئەو سەرکوتکردن و ناجۆرییانەی لە کاتی خۆپیشاندانە بەرفراوانەکان دژ بە ڕژێم لە سووریا پەرەی سەند.

 

ئێستاو دوای چەندین ساڵ هێشتا چارەسەری سیاسی بۆ ململانێکان لە سووریا لەبەرچاو نەگیراوە، بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ١٢ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەس لەو وڵاتە بەدەست برسێتی دەناڵێنن.

 

لەم دواییانەدا لە هەر ٣ منداڵ یەکێکیان بەبێ خواردنی نانی بەیانی چووەتە قوتابخانە و لە کۆی ٩ منداڵی قوتابخانە هەشت منداڵیان نەیانتوانیوە کەمترین پێداویستییە خۆراکییەکانیان دابین بکەن.

 

دامەزراوەیەکی ئەمریکی: لەناوبردنی ئەزموونی سیاسی کورد ئامانجی تورکیایە
پێشت دامەزراوەیەکی ئەمریکی: لەناوبردنی ئەزموونی سیاسی کورد ئامانجی تورکیایە
 22  هەلی دامەزراندن بە شێوەی گرێبەست ڕاگەیەنرا
دواتر  22  هەلی دامەزراندن بە شێوەی گرێبەست ڕاگەیەنرا
پەیوەندیدار