دامەزراوەیەکی ئەمریکی: لەناوبردنی ئەزموونی سیاسی کورد ئامانجی تورکیایە



هاوکات لەگەڵ لەشکرکێشییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، تورکیا لە ڕێی هەوڵی نزیکبوونەوە لە حکومەتی سووریاش، چاوی لەسەر لەناوبردنی ئەزموونی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستانە.

ئینستیتیوتی کەی پی ئای وێرانکردنی پێکهاتەی سیاسی- سەربازی ڕۆژئاوای کوردستان بە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ حکومەتی سووریا دادەنێت.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ئینستیتیوتی کەی پی ئای ئەمریکی، بەرپرسانی تورکیا، لە پێش هەمووشیانەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هەوڵی جددی بۆ نزیکبوونەوە لە سووریا دەدات و بۆ ئەوەش پلانی هەیە.

لە ڕاپۆرتی دامەزراوەکەدا هاتووە: تورکیا لەم کارە دوو ئامانجی هەیە، یەکەم : دۆزینەوەی هاوبەشێک بۆ بەئامانجگرتنی پێکهاتەی سیاسی-سەربازی کورد لە سووریا و دووەم: گەڕاندنەوەی سێ ملیۆن و 500 هەزار پەنابەری سووری لە تورکیا و نیشتەجێکردنیان لە ڕۆژئاوای کوردستان.

ئەم پەیمانگایە بە ئاماژەدان بەو ڕاستییەی کە حکومەتی ئەمریکا ڕازی نەبووە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکانی تورکیا دژی رۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩ەوە، پێی وایە ئێستا تورکیا دەیەوێت هاوکارێک بدۆزێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کورد و بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق، حکومەت دەیەوێت ناوەندی سووریا لەگەڵ خۆی ڕابهێنێت بۆ لەناوبردنی پێکهاتەی سیاسی-سەربازی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

ئەم پەیمانگایە ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا وێڕای هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئەزمونی سیاسی- سەربازی ڕۆژئاوای کوردستان لە دەیەی ڕابردوودا، بە دوای دەرکردنی ٣.٥ ملیۆن پەنابەری سووریاشەوەیە، ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و دیمەشق بۆ نیشتەجێکردنی ئەو خەڵکە لە ناوچە داگیرکراوەکان ناوچەکان لەلایەن تورکیاوە لە باکووری سووریا و بەتایبەت ناوچە کوردنشینەکانی سووریا بەدوور نازانرێت.

جێبەجێکردنی ئەو پلانەش بە واتای گۆڕینی دیمۆگرافیای ڕۆژئاوای کوردستان دێت کە یەکێکە لە خواستە سەرەکییەکان تورکیا.

ئەم هەوڵەی تورکیا دژی ڕۆژئاوای کوردستان هاوکاتە لەگەل ئەو هێرش و لەشکرکێشییەی کە لە مانگی ڕابردووەوە بە چڕی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە.

تورکیا بە بیانووی “لەناوبردنی هەڕەشەکانی پەکەکە” دەیان کیلۆمەتر هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، بە تایبەتیش لە سنووری پارێزگەی دهۆک و لە دەڤەری برادۆستی سەر بە پارێزگەی هەولێریشەوە زیاتر پەلی هاوێشتووە.

مەترسی هەیە لەوەی ئامانجی هێرش و لەشکرکێشییەکەی تورکیا تەنها بە لایەنە سەربازییەکەیەوە نەوەستێت و کاریگەریی نەرێنیش لەسەر دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان دروست بکات، بە تایبەتیش کە کەمتر لە سێ مانگ ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە دواخراوەکەی پەرلەمانی کوردستان.

هەرێمی کوردستان لە مانگی ئایاری 2023ەوە لە بۆشاییەکەی یاساییدا دەژی، ئەویش دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نادەستووری لە قەڵەمدا و بە هۆیەوە پەرلەمان هەڵوەشایەوە، بە دووریش نازانرێت دروستکردنی ئاستەنگی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە بە هەر هۆکارێک بێت، کاریەگریی نەرێنی لەسەر ئایندەی یاسایی و سیاسیی هەرێم دروست بکات.

گەنجانی ئەڵمانیا لە کاری کشتوکاڵ هەڵدێن
پێشت گەنجانی ئەڵمانیا لە کاری کشتوکاڵ هەڵدێن
داوای پێداچوونەوە بە پەیوەندیەکان لەگەڵ سووریا دەکرێت
دواتر داوای پێداچوونەوە بە پەیوەندیەکان لەگەڵ سووریا دەکرێت
پەیوەندیدار