بڕی ئەو پارەیەی دەدرێت بە ئاوارەكان بۆ گەڕانەوەیان ئاشكراكرا



لە بەرامبەر گەڕانەوەی ئاوارەكانی كامپەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچەكانی خۆیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران بڕی 4 ملیۆن دینار دەدات بە هەر خێزانێك و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: پێویستە کەمپی ئاوارەکان دابخرێت.

بەبڕیاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و بۆ هاندانی ئاوارەكان بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، هەر خێزانێك كەمپەكان چۆڵ بكات و بگەڕێتەوە شار و شارۆچكەكانی خۆیان بڕی 4 ملیۆن دینار و چەند ئامێرێكی كارەبایی ناوماڵی پێ‌ دەدرێت.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ١٨٤١ ئاوارەی شنگال لەکەمپەکانی دهۆک گەڕانەوە زێدی خۆیان و بۆ هەر خێزانێک بڕی ٤ ملیۆن دینار خەرجکراوە.

ڕاشیگەیاند، پێویستە کەمپی ئاوارەکان دابخرێت، چونكە هیچ بەهانەیەک بۆ مانەوەی ئاوارە لەکەمپەکاندا لەهەرێم بوونی نەماوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە سەرجەم ئاوارەكانی كامپەكانی پارێزگای سلێمانی گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، بەجۆرێك لە 8ی حوزەیران 787 ئاوارە و لە 29ی حوزەیران 734 ئاوارە لە کەمپی ئاشتی پارێزگای سلێمانییەوە گەڕانەوە بۆ ناوچە رەسەنەکانی خۆیان لە پارێزگای سەڵاحەدین و قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا.

ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، کادرەکانی وەزارەتەکە چوار ملیار دیناریان دا بە هەر یەک لەو خێزانە ئاوارانە، جگەلەوەش هەر خێزانێک تەلەفزیۆن، تەباخ و بەفرگریان وەرگرت.

بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دواكات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان لە شارەكانی هەرێمەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان 30ی تەمموزی ئەمساڵ دەبێت، بەپێچەوانەوە ئەو هاوكارییە نایانگرێتەوە.

دامەزراندن بۆ سەدان دەرچووی تر کرایەوە
پێشت دامەزراندن بۆ سەدان دەرچووی تر کرایەوە
بڕیارێك دەربارەی ئاوی ناو دەبە و پەرداخی پلاستیك درا
دواتر بڕیارێك دەربارەی ئاوی ناو دەبە و پەرداخی پلاستیك درا
پەیوەندیدار