زەوی دەکوڵێت، نیوەی عێراقیش مەترسی لەسەرە



شارەزایەكی كەشناسی كورد ڕایدەگەیەنێت، زەوی دەکوڵێت، بەڵام وڵاتانی جیهان و بەتایبەتی زلهێزەکان و وڵاتانی پیشەسازی خەمساردن لەئاست چارەسەركردنی، هاوكات سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی مافی مرۆڤی عێراق دەڵێت: نزیكەی نیوەی عێراق مەترسی بەبیابانبوونی لەسەرە و زیاتر لە 12 هەزار خێزانی عێراقی بەهۆی وشكەساڵییەوە ئاوارەبووون.

شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) دەڵێت: بەهۆی زیاد دەردانی گازە پیسەکەر و گەرمکەرەکان بۆ ناو بەرگە هەوای زەوی ئەمەش قەتیس بوون گەرما و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای لێکەوتۆتەوە، لەئەنجامدا بۆتە ڕوودانی دیاردەیەک ئەویش گۆڕانی کەشوهەوایە و لەئێستادا مەترسیدارترین دیاردەی سەدەی 21ە، کەپێشبینی دەکرێت لەداهاتوودا کاریگەری دیاردەکە زەقتر و زیاتر و ترسناکتر بێت لەسەر وڵاتان و ناوچە جیاوازەکانی جیهان و کارەساتی سروشتی زیاتر لەگەڵ خۆی بهێنێ و هەرێمی کوردستان و عێراقیش پشکی شێریان بەردەکەوێت لەم گۆڕانکاریانە.

گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر هەرێم دەركەوتووە

شاڵاو هیدایەت وتیشی، “لەسەر هەرێم و کوردستان کاریگەری دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا بەتەواوی و بەزەقی هەستی پێدەکرێت ئەمەیش چەندین ساڵە کەشێوازی بارانەکان لە بارانی لەسەرخۆ و دێمیەوە بەزۆری گۆڕاون بۆ بەخوڕ و بەهێز و شێوازی نزمەپەستان بۆ شێوازی ناسەقامگیری کەمبوونەوەی سەرما و بەفر بەگشتی و زیاتربوونی ڕوودانی لافاوەکان و تەرزە و تایبەت تەرزەی قەباره گەورە و توندتر بوونی ڕەشەباکان و زیاتر بوونی ماوەکانی وشکەساڵی و زوو دوباره بووونەوەیان و ڕەخساندنی زیاتری کەشی سەقامگیر لەماوەی پێش شەپۆلەکانی داباریندا و ڕوودانی دیاردەی نامۆ یان نەبینراوی دابارین و سەرما و گەرما لەکاتی ناوەختدا و زیاتربوونی ماوەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەگشتی و بەزۆری”.

بەبۆچوونی ئەو شارەزا كەشناسییە، “ئەگەر هەنگاوێکی جدی و کرداری نەدرێت بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا ئەوا کارەساتی سروشتی زیاتر و گەورەتر چاوەڕێی وڵاتان و ناوچە جیاوازەکانی جیهان دەکات بەهەرێم و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە”.

هەنگاوی كرداری و بەپەلە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا چییە؟

شاڵاو هیدایەت داوا دەكات، “پێویستە ئێمە لەوڵاتی خۆمانەوە دەست پێبکەین بۆ هێورکردنەوە و کەمکردنەوەی ئەم گۆڕانکاریانە ئەویش بەزیاد کردنی ڕێژەی درەخت و سەوزایی بۆ ئاستی ستاندارد، کەحکومەت لەسەری پێویستە بەم کارە گەورەیە و پیرۆزە هەستێ و جێبەجێی بکات، هەروەها پێویستە لەسەر حکومەت کە بەرنامە و پلانی تۆکمە و جدی هەبێت بۆ داهاتوو بۆ دروست کردنی بەنداو و بەنداوی بچووک و مام ناوەند و گۆم، چونکە دروست کردنی ئەمانە کاریگەری زۆر باشی دەبێت بۆ ڕووبەرووبونەوەی مەترسی قەیرانی ئاو لەساڵانی کەم دابارین و وشکەساڵی و ڕێگری و کەمکردنەوەی مەترسیەکانی لافاو هەروەها چەندین سوودی تری دەبێت بۆ کەشوهەوا و خۆشکردنی ژینگە و بواری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و بۆ زیادبوونی یەدەگی ئاو و پێوستی ژیان”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر ڕێژەی سەوزایی و درەخت بگاتە ئاستێکی ستاندارد ئەم سوودە گرنگانەی دەبێت لەڕووی کەشوهەواوە؛ وەك: زیادبوونی ڕێژەی بارانی ساڵانە بەڕێژەی 150 ملم بۆ 250 ملم و دابەزینی پلەکانی گەرما بەڕێژەی 3 تا 5 پلە و کۆنتڕۆڵ کردنی تەپوتۆزی ناوخۆیی و کەمکردنەوی خۆڵبارین و کەمکردنەوەی گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا بەشێوەی گەورە و بەرچاو.

بەپێی ستانداردی جیهانی، ڕێژەی سەوزایی و درەخت دەبێت لەناوچەکان و شارەکان دەبێت لەنێوان % 15 بۆ % 30 بێت زۆر پێویستە ئەو ناوچە و شارانەی چڕی دانیشتوانیان زۆرە ڕێژەی سەوزایی زیاتر بێت و لەنێوان %25 بۆ % 30 بێت.

نزیكەی نیوەی خاكی عێراق مەترسی بە بیابانبوونی لەسەرە

فازڵ غەراوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێكیدا، كە میدیای عێراقی بڵاوی كردۆتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، ڕووبەری ئەو زەوییەی لە عێراق بووە بە بیابان گەیشتۆتە 27 ملیۆن دۆنم زەوی، كە دەكاتە نزیكەی 15%ی ڕووبەری وڵات و لە ئێستاشدا نزیكەی 55%ی خاكی عێراق مەترسی بە بیابانبوون لەسەرە و لەو چوارچێوەیەشدا پارێزگای زیقار زۆرترین زیانی بەركەوتووە ، كە گەیشتۆتە 53%ی خاكەكەی كە بووە بە بیابان، بەڵام پارێزگاكانی دیكە بەڕێژەی (1 بۆ 14%) بە بیابانبوون گرتوونیەتیەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، نەتەوە یەكگرتووەكان، عێراقی خستۆتە ناو ئەو 5 دەوڵەتەی، كە زۆرترین كاریگەری گۆڕانی كەشوهەوا و وشكەساڵییان لەسەرە.

خەڵكی چەند شارێكی عێراق كۆچ دەكەن
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی، تا ئێستا لە 10 پارێزگای عێراقەوە لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوورەوە 12 هەزار و 212 خێزان بەهۆی وشكەساڵییەوە كۆچیان كردووە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكە، “ئەو پارێزگایانەی زۆرترین كاریگەری وشكەساڵییان لەسەر بریتین لە: زیقار و میسان و دیوانیە و 76%ی خێزانەكانی ئەو پارێزگایانە كۆچیان كردووە بۆ ناوچە ئاوەدانەكانی دیكە”.

فازڵ غەراوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی مافی مرۆڤ ئاشكراشی كردووە، چەند هۆكارێكی سروشتی و مرۆیی بوونەتە هۆی بە بیابانبوون لە عێراق، وەك: كەشی وشك و گەرم و كەبوونەوەی ئاستی باران بارین و بای بەردەوام و گۆڕانی كەشوهەوا و پیسبوون بەهۆی نەوتەوە.

 

جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کشایەوە
پێشت جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کشایەوە
” پۆستى پارێزگارى کەرکوک پشکى کوردە”
دواتر ” پۆستى پارێزگارى کەرکوک پشکى کوردە”
پەیوەندیدار