دۆسیەی پلەبەندی مووچەی فەرمانبەران سەریهەڵدایەوە



ئەمڕۆ شەممە 20ی تەمموزی 2024، سەدان مووچەخۆری فەرمانگە و دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق لەبەردەم دەروازەکانی ناوچەی سەوزی بەغدا گردبوونەوە و داوای هەمواری یاسای پلەبەندی مووچەیان كرد و هۆشداری لە خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەدەن.

فەرمانبەران لە خۆپیشاندانەكەدا داوا لە حكومەت و پەرلەمانی عێراق دەكەن هەمواری یاسای پلەبەندی مووچە بكەن و ئەو جیاوازی مووچەیەی لەنێوان چینەكانی فەرمانبەران و بەتایبەت وەزارەتەكان هەیە چارەسەری بكەن.

فەرمانبەران دەڵێن: یەكسانی نییە لەنێوان فەرمانبەران، چونكە فەرمانبەرانی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان و سێ‌ سەرۆكایەتییەكە بڕی مووچەی 3 ملیۆن دینار وەردەگرن بەڵام فەرمانبەران لە هەمان پلەدا لە وەزارەت و فەرمانگەكان تەنها 500 هەزار دینار وەردەگرن.

ویسام ئەحمەد، یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان بە مێدیاکارانی عێراقی ڕاگەیاندووە، گردبوونەوە و ناڕەزایی دەربڕینەکانی ئەمڕۆیان بەهۆی ئەو نادادپەروەریی و جیاوازەییەیە لە نێوان مووچەی مووچەخۆرانی دامەزراوەکانی دەوڵەت هەیە.

وتیشی: داوا لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق دەکەین پێوەر و پلەبەندیی مووچەی فەرمانبەران هەموار بکەنەوە و هاوتا بکرێن، چونکە فەرمانبەرێکی ئەنجوومەنی وەزیران، پەرلەمان و هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی دیکە مانگانە مووچەکەی سێ ملیۆن دینار، کەچی فەرمانبەرێک بە هەمان بڕوانامە پلەوە لە وەزارەتەکانی دیکە مووچەکەی تەنیا 500 هەزار دینارە.

لای خۆیەوە، ڕائید مالکی، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت: ئەنجوومەنی وەزیران كەمتەرخەمە لە هەموارنەکردنی پلەبەندی مووچەی فەرمانبەران و کارمەندانی کەرتی گشتیی و داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد یاسای ئەنجوومەنی خزمەتی مەدەنی فیدراڵی بنێرێت بۆ پەرلەمان تاوەكو هەموار بكرێتەوە.

ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەكی باڵای لە ئەمیندارێتی گشتی و وەزارەتەكانی پلاندانان و دارایی بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێكهێناوە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای پلەبەندی مووچە بە مەبەستی زیادكردنی مووچە كەمەكان و دروستكردنی جۆرێك لە دادپەروەری لە مووچەی نێوان وەزارەتەكان، بەڵام تا ئێستا هەموارەكە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند نەكراوە تاوەكو ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت.

 

بەوێنە؛ ویستیان چەندین جۆر خۆراكی خراپبوو بە هاووڵاتیان بفرۆشن
پێشت بەوێنە؛ ویستیان چەندین جۆر خۆراكی خراپبوو بە هاووڵاتیان بفرۆشن
ئاگر لەماڵێك كەوتەوە و ژنێك گیانی لەدەستدا
دواتر ئاگر لەماڵێك كەوتەوە و ژنێك گیانی لەدەستدا
پەیوەندیدار