عێراق هەنگاوی دیكە بۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی دەنێت



ماوەی زیاتر لە ساڵێكە توركیا قەدەغەی خستۆتە سەر گەشتە ئاسمانییەكان بۆ سلێمانی و ئەندامێکی كوردی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەكات، تاوتوێ سەردانی لیژنەکەیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کراوە و هەنگاوی دیكە بۆ بۆهەڵگرتنی سزاكانی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی نراوە.

كاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لیژنەكەیان کۆبووەوە و تاوتوێ سەردانەكەیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرد و دوای گفتوگۆی ورد و هەمەلایەن، بڕیاری پێویست لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووی لیژنەکەی پەرلەمان درا لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.

ڕۆژی ٢ی تەمموزی ٢٠٢٤، لیژنەیەک لە ئەندامانی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق سەردانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیان کرد، بەمەبستی لە نزیکەوە بینینی فڕۆکەخانەکە و لێکۆڵینەوە لەو کێشانەی، کەماوەی زیاتر لە ساڵێکە ڕووبەڕووی فڕۆکەخانەکە بووەتەوە و ئەو سزایانەی توركیا بەسەر فڕۆكەخانەكەی سەپاندووە.

لەكاتی سەردانەكەدا، کاروان یاروەیس، لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “زیانەکان لەسەر پارێزگای سلێمانی زۆرە، چونکە ئێمە وڵاتی بەکاربەرین و بەس هاوردە دەکەین، بەڵام لە بەرامبەردا لایەنی تورکی زیانی کردووە لە ڕاستیدا چونکە ئێمە هیچ هەناردە ناکەین شت هاوردە دەکەین لە تورکیاوە”.

وتیشی: “ئەوەشی لێرەوە دەچێت بۆ تورکیا لەوێ پارە سەرف دەکات نەخۆشە، تەلەبەیە، گەشتیارە بە دڵنیاییەوە زیانەکان زۆرن، من بڕوام وایە زیانەکەان زیاتر بێت لە 10 ملیۆن دۆلار، جگە لە زیانە مادییەکان زیاتر زیانە مەعنەوییەکانە، کە خەڵک ڕۆژانە زیان دەکات گەشتی دەبێت ناچارە ڕێی فڕۆکەخانەکانی ترەوە گەشت بکات”.

لە سەرەتای مانگی نیسانی ساڵی 2023وه‌ تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی به‌ڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی داخستووه‌ و له‌ئێستاشدا ڕاگرتنی گەشتەکان بۆ 7ی کانونی دووەمی ساڵی 2025 درێژكراوه‌ته‌وه‌.

هەندرێن هیوا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایگەیاند، لەماوەی ئەو 14 مانگەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا ڕاگیراون زیانی نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار بە فڕۆکەخانەی سلێمانی گەیشتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، 35%ی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەهۆی بڕیارەکەی تورکیاوە ڕاگیراون.

لە 23ی نیسانی ئەمساڵدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا دوای سەردانەكەی بۆ بەغدا هاتە هەلێر و لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای لە ئەردۆغان کرد پێداچوونەوە بە بڕیاری داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا بکرێت.

هەر لە كاردانەوەی دڕێژكردنەوەی بڕیاری قەدەغەكردنی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی لەلایەن توركیاوە، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێكدا ڕایگەیاند، جگه‌ له‌ هێڵه‌كانی توركیا، كه‌ ئێستا به‌بڕیارێك ناهێڵرێت گه‌شت بۆ سلێمانی ئه‌نجامده‌ن، هه‌ومو هێڵه‌كانی دیكه‌ گه‌شتیان بۆ سلێمانی هه‌یه‌ و ژماره‌ی گه‌شته‌كانیان زیادكردووە.

ڕاشیگەیاند، هه‌مووان دڵنیا ده‌كه‌مەوە، كه‌ سلێمانی ئارامترین و ئاسایشترین پێگه‌ی جوگرافییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا و وتیشی، “به‌ به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ ئه‌م ڕسته‌یه‌ ده‌ڵێم، فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌ڵه‌تی سلێمانی مه‌ده‌نییه‌ و تێكه‌ڵی هیچ كارێكی سیاسی و سه‌ربازی نه‌بووه‌ و نابێت”.

 

 

ئاگر لەماڵێك كەوتەوە و ژنێك گیانی لەدەستدا
پێشت ئاگر لەماڵێك كەوتەوە و ژنێك گیانی لەدەستدا
تەیف سامی دەچێتە پەرلەمان و یاسایەكی فەرمانبەران هەموار دەكرێتەوە
دواتر تەیف سامی دەچێتە پەرلەمان و یاسایەكی فەرمانبەران هەموار دەكرێتەوە
پەیوەندیدار