چلەی هاوین ئەمڕۆیە یان سبەی؟ كەشوهەوا چۆن دەبێت؟



شارەزایەكی بواری كەشناسی و فەلەكی وردەكاری زانستی هاتنی چلەی هاوین و پلەكانی گەرما و دۆخی كەشوهەوا ڕووندەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، لەكاتەكانی 11ی نیوەڕۆ بۆ 4ی عەسر خۆتان مەدەنە بەر خۆر.

شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی و فەلەكی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەپێی حیسابی ڕۆژمێری کوردی و پێشینان ئەمڕۆ چوار شەممە 17 ی تەمموز چلەی هاوین دەست پێدەکات و تاوەکو 25 ی ئابی مانگی داهاتوو بەردەوامە، بەڵام لەڕووی فەلەکییەوە سبەی پێنج شەممە 18 – 7 – 2024 یەکەم ڕۆژی چلەی هاوینە و تاوەکو 26 ی ئابی مانگی 8ی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

ڕوونیشی كردەوە، چلەی هاوین بەوە ناسراوە، کەدەکەوێتە ناوەڕاستی هاوینەوە و 40 ڕۆژی ناوەڕاستی هاوین داگیر دەکات و گەرمترین ڕۆژەکانی هاوینی تێدەکەوێت و دەشڵێت: “هاوین 93 ڕۆژ و 15 كاتژمێر و 53 خولەکە و درێژترین وەرزی ساڵە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەچلەی هاویندا بەگشتی ساڵانە گەرما دەگاتە لوتکە و زۆترین گەرما و بەرزترین پلەکانی گەرمای تێدا تۆمار دەکرێت، سەبارەت بەدۆخی کەشوهەوای داهاتوو ئەوەی هەیە تاکۆتایی ئەم مانگە لەوەی ئەمڕۆ زیاتر گەرم نابێت و بەو شێوەش دانابەزن، گەر دابەزیشن 1 تا 2 پلەیە لەڕۆژانی داهاتوودا.

ئەو شارەزا كەشناسییە وتیشی، “کەشی گەرم هەر دەبێت و جیاوازییەكی ئەوتۆ ناکات بەتایبەت لەڕۆژدا هەرگەرمە و بەزۆری کاتەکانی كاتژمێر 11 تا 4 ی عەسر، بۆیە ئەوکاتانە خۆتان مەدەنە بەرخۆر، چونکە تیشکی سەرو وەنەوەشەیی زۆرە و کاریگەری خراپی هەیە لەسەر پێست و چاو، ئەوانەی دەچنە بەرخۆر یان ئیشیان لەدەرەوەیه دەرمانی دژە خۆر و عەینەک و کڵاو بەکاربهێنن”.

ڕاشیگەیاند، ئەم ماوەیە و ڕۆژانی تریش هەرچەند پلەکانی گەرما زۆر بەرز نین و تەنانەت لەگەرمیانیش لەهیچ شوێن ناگاتە 50 پلە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێ هەست کردن بەگەرمای ڕاستەقینەیی لەئاست پلەی گەرمی تۆمار و پێشبینی کراودا شتێک زیاتر دەبێت و لەمەودای کۆتایی مانگ و تا کۆتایی هاتنی چلە ئەگەر هەیە یەک تا دوو شەپۆلی گەرمای بەهێز و بەتینی تێدا بن و دواتر وردە وردە گەرما کپ و کەمتر دەبێتەوە و ئەگەری زۆرە لەمانگی 9دا زووتر لەپار وەرزی گەرما بکشێتەوە”.

ئاشكراشی كرد، ئەمساڵ بەئەگەری زۆرەوە بەنسبەت پار ساڵ گەرمای هاوینی زووتر کۆتایی دێت و زووتر فێنکی دەکات و سەرما دێت.

 

راگەیەندراوێک لە هێزەکانی 70-وە لەبارەی خەرجکردنی مووچەی دوو مانگ
پێشت راگەیەندراوێک لە هێزەکانی 70-وە لەبارەی خەرجکردنی مووچەی دوو مانگ
دەستگیرکردنی گرووپێکی مەترسیداری تاوانی ئەلیکترۆنی ڕاگەیەنرا
دواتر دەستگیرکردنی گرووپێکی مەترسیداری تاوانی ئەلیکترۆنی ڕاگەیەنرا
پەیوەندیدار