ڕێواز فایەق: ئەگەر خەڵك بچێت بۆ دەنگدان نەخشەی سیاسی دەگۆڕێت



سەرۆكی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەم هەڵبژاردنەدا ئەگەر خەڵك بچێت بۆ دەنگدان، نەخشەی سیاسی لەنێو پەرلەمانی كوردستان دەگۆڕێت.

د.رێواز فایەق، سەرۆكی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی فەرمی حزبەكەی ڕایگەیاند، هەندێك ئاماژە هەن، كە ڕەنگە نەخشەی سیاسی ناو هۆڵی پەرلەمان ڕەنگە جیاواز بێت لە خوولی پێنجەم بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ماددەیەی هەموو هەرێمی كوردستانی كردبوو بە یەك بازنەی هەڵبژاردن لەگەڵ ئەوەش، كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق هەڵبژاردنەكە ئەنجام دەدات و بە سیستمی بایۆمەتری خەڵك دەچێت بۆ دەنگدان.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕەنگە خەڵكانێك هەبووبن پێشتر دەنگیان داوە و بوونەتە هۆی ئەوەی لاسەنگی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دروست بكەن، ئەمجارە ناتوانن دەنگ بدەن و ئەو لاسەنگییە دروست بكەن.

وتیشی، “كورسی پێكهاتەكان هەموو جارێك ئەو لاسەنگییە سیاسیە و زۆرینەیەی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دروست دەكرد، چونكە ڕاستە پارتی دەبووە خاوەنی زۆرترین كورسی لەناو پەرلەمان، بەڵام خاوەنی نیوە+1 نەبوو بەڵكو ئەوان ئەوەیان بۆ دروست دەكرد”.

د. ڕێواز جەختی كردەوە، ئەم پڕۆسەیە ڕەنگە نەخشەیەكی نوێ‌ بهێنێتە ئاراوە، بەڵام بە مەرجێك خەڵك بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان، بۆیە ئەگەر خەڵك بچێتە سەر سندوقی دەنگدان نەخشەی سیاسی ناو هۆڵی پەرلەمان بەپێی هەموو ئاماژەكان دەگۆڕێن، بەڵام ئەگەر خەڵك نەچێت بۆ دەنگدان پێشبینی گۆڕانكاری زۆر گەورە ناكەم”.

لە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، كە بڕیارە 20ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، كورسییەكانی پەرلەمان بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی كراون بە 100 كورسی، كە 5 كورسی بۆ پێكهاتەكان دەبێت (دهۆك یەك كورسی و هەولێر دوو كورسی و سلێمانی دوو كورسی) و سیستمی هەڵبژاردن بەشێوەی چوار بازنەیە و هەر پارێزگایەك بازنەیەكی سەربەخۆیە.

سبەینێ‌ مووچەی بەشێكی مامۆستایان دابەش دەكرێت
پێشت سبەینێ‌ مووچەی بەشێكی مامۆستایان دابەش دەكرێت
وەزیرێكی هەرێم بۆ هاوتاكردنی مووچە دەچێتە لای سودانی
دواتر وەزیرێكی هەرێم بۆ هاوتاكردنی مووچە دەچێتە لای سودانی
پەیوەندیدار