چۆن لە عاشورا تێبگەین ؟!



پ. د. سەعید عەلی محمد

هەموو ساڵێكی كۆچیی لەگەڵ هاتنەوەی مانگی موحەڕڕەم پرسیار زۆر دەكرێ : عاشورا چیە ؟ وردەكارییەكانی بۆنەی عاشورا چین و چۆنن ؟ ئیمامی حوسەین چۆن شەهید كراوە ؟ ئەوانە كێن شەهیدیان كردووە؟! ئەو ڕێوڕەسمانە لەو ڕۆژەدا بەڕێوەدەچن تا چ ڕادەیەك ڕەواو دروستن؟! ئایا بڕیاری شەریعەت لە ئاست بكوژانی ئیمامی حوسەین و ئەوانەشی ڕازی بوون بە كوشتنی یان بێدەنگ بوون لەو تاوانە مێژووییە قێزەونە چیە؟!

موسڵمانان بە هەموو تاقم ئاڕاستە و بۆچوونەكانیانەوە سەرجەم كۆكن لەسەر بەرائەت كردن لە بكوژانی حوسەین و خانەوادەكەی ، موسڵمانان كۆكن لەسەر لەعنەت كردن لە هەر كەسێك ڕێحانەكەی پێغەمبەری (د.خ) كوشت یان یارمەتی كوشتنی داوە یان بە كوشتنی ڕازی بووە!

ئیبنو تەیمیە دەڵێ : ( لەعنەتی خوا و فریشتەكانی و سەرجەم خەڵكی لەو كەسەی حوسەینی كوشت یان یارمەتی كوشتنی  حوسەینی دا….) .

ئەو بۆچوونە ڕاست نیە كە دەڵێ : موسڵمانان پشتیوانی و لایەنگیریی (یەزیدی كوڕی مەعاویە)یان كردووە لە كوشتنی حوسەیندا ، یان بەرگری لە یەزید دەكەن لەو پرسەدا… تەنانەت (مەدخەلیەكان) كە نەهج و ئاڕاستەی خۆیان لەسەر بنەمای ( قسەنەكردن و بێدەنگ بوون لە هەڵە و لادان و كەموكورتیەكانی دەسەڵاتدارو فەرمانڕەواكان) داڕشتووە پشتیوانی و لایەنگیریی (یەزیدی كوڕی مەعاویە) ناكەن و خۆشیشیان ناوێ چ جای هاوتای بكەنەوە بە ئیمامی حوسەین! (مەدخەلیەكان) دەڵێن : نە لەعنەت لە یەزیدی كوڕی مەعاویە دەكەین ، نە لایەنگیریی و پشتیوانی دەكەین ، نە قسەی پێدەڵێین و نەخۆشمان دەوێ!) بەو پێودانگەی كە لای (مەدخەلیەكان)یش هێشتا بەڵگەیەك بەدەستەوە نیە بیسەلمێنێ یەزید فەرمانی بە كوشتنی ئیمامی حوسەین كردبێ ، یان ڕازی بووبێ بەجیاكردنەوەی سەرەكەی لە لاشە پاك و خاوێنەكەی ، بەڵكو بە بڕوای ئەوان ئەوەی ئەو تاوانەی ئەنجام داوە تەنها (عوبەیدوالله كوڕی زیاد) و هاوەڵەكانی بوون.

بێگومان بێدەنگبوونی (مەدخەلییەكان) لە (یەزیدی كوڕی مەعاویە) هاوشێوەی بێدەنگ بوونیانە لە ڕەخنەگرتن و سەرزەنشت كردنی (عەبدول مەلیكی كوڕی مەروان) كاتێك لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا كەعبە مەنجەنیق باران كراو (عبداللەی كوڕی زوبەیر) لە پەنای كەعبەدا كوژراو سەری لێكرایەوە و لاشەكەی هەڵواسرا ، بێدەنگ بوونی (مەدخەلیەكان) لە ئاست ئەم ڕووداوەش لەو سۆنگەوەیە كە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەك بەدەستەوە نیە (عبدول مەلیكی كوڕی مەروان) فەرمانی بەوە كردبێ و لەسەریشی ڕەزامەند بووبێ ، بەڵكو ئەوەی ئەو كارەساتەی ئەنجام داوە (حەجاجی كوڕی یوسفی سەقەفی) بووە و بەس.

بەڵام مەعلومە كۆی موسڵمانان بەرائەت دەكەن لەو كردەیەی (یەزیدی كوڕی مەعاویە) و، سەرجەمی ئەو تاوانەش كە ئەو كارەساتەی لە شاری كەربەلا لە مانگی موحەڕڕەمی ساڵی 61ی كۆچی ڕوویدا ، لە شەهیدكردنی حوسەین و ژن و پیاوو منداڵی خانەوادەكەی ، دەخەنە ئەستۆی ئەوەوە ، هەروەك چۆن موسڵمانان ئەو بە بەرپرس دەزانن لەو ڕووداوانەی كە لە شاری مەدینەی پیرۆز ڕوویانداو، لەعنەت لێ كردنیشی بەدروست و ڕەوا دەبینن ! لەهەمان کاتیشدا موسڵمانان بەرائەت دەکەن لەو كردەیەی (عبدول مەلیكی  كوڕی مەروان)، وە ئەوەی كە لە پەنای كەعبەدا لە مانگی (جمادی الآخرة )ی ساڵی 73ی كۆچی ڕوویدا.

خراپە و عەیبە نیە هەموو مانگێكی مووحەڕڕەم یان هەر كاتێكی تر ئەم بابەت و مشت و مڕە باس بكرێ و بوروژێنرێ و قسەی لەسەر بكرێ ، بەڵام بە ئامانجی چی؟ ئەڵبەتە بەو ئامانجەی وانە و پەندو ئامۆژگاریی لێ وەربگیرێ و ڕاستییەكان ڕوون بكرێنەوە.

لەڕاستیدا عەیبە و ڕەخنە و تێبینی لەوەدایە : ئەم پرس و بابەت و مشتومڕە هەموو جارێك و هەموو ساڵێك بچوك بكرێتەوە و تەنها تەسك و كورت بكرێتەوە لە چۆنیەتی شەهیدكردنی ئیمام حوسەین و، تەنها باسكردنی ئەو تاوانە و ئەو ڕێ و شوێنانە كە لە ئەنجامدانی ئەو تاوان و  كارەساتەدا گیرانەبەر! هەروەها ئیمام حوسەین وا وێنا بكرێ كە لە مەككەوە دەرنەچووە بەرەو كەربەلا  تەنها بۆ ئەوە نەبێ كە بكوژرێ !

گومانی تێدا نیە ئەم ڕووداوە یەكەم قوربانیدانی ئیمام حوسەین نەبووە لەپێناوی ئاینی ئیسلام و كاروانەكەی ، بەڵكو شەهید بوونەكەی كۆتایی هاتن بوو بە تەمەنێكی دووردرێژی پڕ لە هەوڵ و كۆشش و خزمەت و دەستكەوتی گەورە بۆ ئەو باوەڕەی هەڵیگرتبوو! ئەو تەمەنی (57) ساڵەی كە ئەو تێیدا ژیا زۆربەی زۆری تێكۆشان و ماندوو بوون بوو لەڕێی ئایینەكەی ، ئیمامی حوسەین عابیدێكی زاهیدی خواویست و دونیا نەویست بوو! دەپرسین : كەسایەتیەكی گەورەی نمونەیی و بێ وێنەی لەو چەشنە دەكرێ تەنها لە عاشورا و ساڵی 61ی كۆچی بچوك بكرێتەوە و یاد بكرێتەوە؟! لە كاتێكدا ئەو دوای قۆناغی مێردمنداڵی (45) عاشورا ژیا و تەمەنی كرد!

باشە بۆ مێژووی حوسەین و ژیاننامە پڕ قوربانی و دەستكەوت و بەرهەمەكەی لە گۆڕ بنرێ و باسنەكرێ؟! ئایا باشترو شیاوتر نیە بە كەسایەتیەكی گەورە و عیملاق و مێژوویی وەك ئیمامی حوسەین کە موسڵمانان بەر لەهەر ڕێوڕەسم و مەراسیمێكی تر بێن ژیاننامەكەی بۆ خەڵكی باس بكەن و ڕوونی بکەنەوە و،  ئەو ژیاننامەیە بكرێتە پێشەنگ و سەرمەشق بۆ ژیانی تاك تاكی ئەوانەی خۆیان بە موسڵمان و پەیڕەوی ئاینی ئیسلام دەزانن!

بۆ دەبێ ئیمامی حوسەین لەشێوەی (مەڕێكدا كە بۆ قەسابخانە ببرێ بۆ سەربڕین)  وێناو نمایش بكرێ ؟! لە كاتێكدا ئەو پاڵەوانێك و شێرێك بووە و دوژمنەكانی تۆقاندووە و، نمونەی ئازایەتی و حەماسەت و هێزو شكۆ و بەرخوودان بووە!

لەڕاستیدا ئیمامی حوسەین بەس تەنها لە موحەڕڕەمی ساڵی 61ی كۆچی ستەمی لێنەكرا، بەڵكو بەردەوام ئێستاش لە هەموو مانگێكی موحەڕڕەمی هەموو ساڵێكدا ستەمی لێدەكرێ ، چونكە ژیاننامەكەی دەپێچرێتەوە و باس ناكرێ و تەنها باس لە شەهیدبوونەكەی دەكرێ! ئەمەش بۆ ئەوەی موسڵمانان بێ ئاگا بكرێن و بگەوجێنرێن لە حەقیقەت و ناوەڕۆكی ئەو دینەی كە حوسەین هەڵیگرتبوو، هەروەها ئەو فەلسەفە و ئامانجانەی كە ئەو لەپێناویاندا شۆڕشی بەرپا كرد.

ئیمامی حوسەین مرۆڤێكی زۆر پاك و بێ گەردو نمونەیی بوو، هاوشێوەی  بەریی بوونی پێغەمبەر عیسا لەگاورەکان دوور و بەریی بوو لە هەموو تاوان و خراپە و سیفەت و ئاكارێكی ناشیرین و پۆخڵەوات ..

ئەوانەی تەعزیە باری ڕاستەقینەی حوسەینن ئەوانەن كە خۆشیانویستووە و خۆشیان دەوێ ، شوێنكەوتەی بوون و شوێنی دەكەون ، ژیاننامەكەیان كردە سەرمەشق و، ژیاننامەكەی دەكەنە سەر مەشق ، خۆشەویستەكانی حوسەین ئەوانەن بەرائەتیان لە بكوژانی و ئەوانەیش كردووە كە بە كوشتنی ڕازی بوون و بێدەنگ بوون!

لای موسڵمانان زیاتر لەڕووداوی شەهید بوونی (عبداللەی كوڕی زوبەیر) لە پەنای كەعبەدا قسە و باس لەسەر شەهیدبوونی ئیمام حوسەین دەكرێ ، چونكە بەلای موسڵمانانەوە ئیمامی حوسەین زۆر لە عبداللەی كوڕی زوبەیر گەورەترو بەڕێزترە ، هیچ پەرتوك و كتێبێكی مێژووی ئیسلامیش نیە ئاماژەی بەم ڕووداو و تاوانە گەورەیە نەكردبێ ، بەڵام لەهەمان كاتدا پێویستە ژیاننامەی حوسەین گشتگیرانە تر تەماشا بكرێ و خوێندنەوەی بۆ بكرێ ، ژیاننامەكەی بە تەنها كورت نەكرێتەوە لە كۆتا ڕۆژانی شەهیدكردنەكەی ، بۆ ئەوەی دیمەنەكە بە پاك و بێ گەردی و تەواوەتی وەك خۆی نیشان بدرێ ، بۆ ئەوەی حوسەین بناسرێ ، ئامانجەكەی بزانرێ ، ئەو دینە پاك و بێ گەرد و جوانەش تەرح بكرێ كە ئیمام حوسەین تەمەنی خۆی بۆ تەرخان كرد.

دادگا ڕوونكردنەوە لەسەر هەواڵی “دادوەرێكی ژن هاوسەرەكەی لەماڵ دەركردووە” دەدات
پێشت دادگا ڕوونكردنەوە لەسەر هەواڵی “دادوەرێكی ژن هاوسەرەكەی لەماڵ دەركردووە” دەدات
” تاکڕەوی لە بەڕێوەبردن و سیاسەتی فەرزکردنی ئیرادە بەسەرچووە”
دواتر ” تاکڕەوی لە بەڕێوەبردن و سیاسەتی فەرزکردنی ئیرادە بەسەرچووە”
پەیوەندیدار