ئەمینداری گشتی پێشمەرگە زانیاری نوێ دەربارەی دوو مووچەکە ئاشکرا دەکات



ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، سەرجەم داتا و زانیارییە داواکراوەکانیان ڕادەستی بەغدا کردووە و پێشبینی دەکەن لەم هەفتەیەدا دوو مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان ڕەوانە بکرێت.

بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن تیمێکی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە وردبینی لە لیستەکانی مووچەدا کرا، پێشبینی دەکەین ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی پێنج و شەشی هێزە ئەمنییەکان بنێردرێت.

وتیشی: “وەزارەتمان لەسەر لیستی مووچەخۆرانی، سەرجەم ئەو داتا و زانیارییانەی خستووەتەوەڕوو کە حکومەتی فیدراڵی داوای کردبوو؛ تاوەکو ئێستاش لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە، شتێک داوا نەکراوە کە جێبەجێمان نەکردبێت.”

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر مووچەی هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگەکانی پێنج و شەش بەبێ کێشە بنێردرێت، وردبینییەکانی دیوانی چاودێریی داراییش لە کاتی لیستی مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت تەواو دەکرێن، “بێگومان تاوەکو ئەوکات، دەرفەتێک هەیە بۆ هەموو هێزە ئەمنییەکان کە بتوانن خۆیان لەگەڵ داتا داواکراوەکان بگونجێنن.”

بەختیار محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد، “هەموو کات جیا لە کێشەی تەکنیکی، ئیداری و دارایی، کێشەی سیاسیش هەیە؛ بۆ ئەوەی رێگە بە هەڵوێستە سیاسییەکان نەدەین، دەبێ لە رێکارە ئیداری و داراییەکانی ناردنی مووچەدا، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بسازێین.”

مووچەی وانەبێژان دابەش دەکرێت
پێشت مووچەی وانەبێژان دابەش دەکرێت
هاتووچۆی سلێمانی دەربارەی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە ڕێگەی چەمچەماڵ ڕوونکردنەوە دەدات
دواتر هاتووچۆی سلێمانی دەربارەی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە ڕێگەی چەمچەماڵ ڕوونکردنەوە دەدات
پەیوەندیدار