“ئەنجامدانی حەج و عومرە بووەتە کێبڕکێ”



ماوەی چەند ساڵێک دەبێت کێبڕکێ بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج و گەشتی عومرە لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگەدا زیادی کردووە، بە جۆرێک کڕۆکی عیبادەتە ئاینییەکان لەبیرکراون و خەڵکی تەنها لە دەوری ڕووکەشدا دەسوڕێنەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، قیست ژیانی تاکی ئەم کۆمەڵگەی داگیرکردووە، قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچەش بۆ ماوەی چەندین ساڵ قەیرانەکانی چڕ تر کردووەتەوە و هانی خەڵکی داوە ڕوو بکەنە سیستمی قیست، کار گەیشتووەتە ئەوەی بەجێهێنانی عومرەش بە قیست ئەنجامبدرێت.

بەشێک لە هاووڵاتییان وێڕای ئەوەی کە بژێوی ژیانیان لە ئاستێکی پێویستدا نییە، بەڵام ئارەزوومەندی بەجێهێنانی عومرەن و بە شێوازی قیست ئەنجامی دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمساڵ ژمارەیەکی بەرچاوی هاووڵاتییان بە ڤیزای گەشتیاری فەریزەی حەجیان بەجێهێنا.

مامۆستا ئەبوبەکر پێنجوێنی، مامۆستای ئاینی و شارەزای دارایی بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، بێگومان بەجێهێنانی عومرە بەشێکی زۆر لە زانایان وەک حەج بە واجبی ئەبینن، بەڵام مەرجەکانی بەجێهێنانی دیاری کراوە.

باری دارایی و دۆخی تەندروستی دوو لەو مەرجانەن کە بۆ بەجێهێنانی گەشتی عومرە لەبەرچاو دەگیرێن.

لەبارەی ئەنجامدانی عومرە بە شێوەی قیست ئەوەی خستەڕوو، لەم ساڵانەی دواییدا بەشێک لە کۆمپانیاکان عومرە بە شێوەی قیست ئەنجامدەدە بۆ ئەو کەسانەی نیازمەندن و پارەیەکی کاشیان بەدەستەوە نییە، ئەمەش لە ڕوانگەی شەرعەوە ڕێگەپێدراوە.

وتیشی، ئەگەر کۆمپانیاکان پارەکە وەک خۆی وەربگرنەوە، ئەوا کار ئاسانییە و مایەی دەستخۆشییە کە هاوکاری هاووڵاتییان دەکەن.

مامۆستا ئەبوبەکر پێنجوێنی جەختی لەوەکردەوە، بەجێهێنانی حەج و عومرە بۆبەدەستهێنانی خێر و چاکەیە، هەر بۆیە ئەو کەسەی کە عومرە بە شێوازی قیست ئەنجامدەدات، دەبێت توانای گەڕاندنەوەی قیستەکەی هەبێت تا نەکەوێتە چوارچێوەی دواخستن و پشتگوێخستن، چونکە ئەو کاتە لە ڕوانگەی شەرعەوە و بەپێی فەرموودە پیرۆزەکان گوناهباردەبێت.

دووپاتیشی کردووە، ئەگەر کەسیک بزانێت دووچاری بێبەڵێنی دەبێت، ئەوا باشترە عومرەکەی ئەنجامنەدات، نەوەک لە جیاتی خێر بکەوێتە بازنەی تاوان.

ڕوونیشکردەوە، حەج و عومرە لەسەر کەسێک واجبە کە بژێوی ژیانی خۆی وخێزانەکەی مسۆگەر کردبێت، پارەیەکی زیاتر لەوەی هەبێت، ئەو کاتە دەتوانێت فەریزەی حەج و گەشتی عومرە بەجێبهێنێت.

ئەو مامۆستا ئاینییە باسی لەوەشکرد، بەشێک لە کۆمپانیاکان کەوتوونەتە ناو بازنەی چاوچنکۆییەوە، بە هەموو جۆرێک هانی خەڵک دەدەن، هەر وەک ئەوەی لە حەجی ئەمساڵ بەدیمان کرد کە هانی خەڵک درا بە ڤیزای گەشتیاری ڕوو لە سعودیە بکەن، بەهۆیەوە چەندین حاجی گیانیان لەدەستدا.

ئەوەشی خستەڕوو، بەداخەوە پڕۆسەی حەج و عومرە بووەتە کێبڕکێ، ڕۆحییەتی عیبادەتییەکەی ناشرین کراوە، پێویستە خەڵک پێش ئەوەی بڕیار بدەن کە چەندین جار حەج و عومرە ئەنجامبدەن، لە مانا و مەبەست و کڕۆکی عیبادەتە ئاینییەکان تێبگەن.

وتیشی، چەندین کاری لەپێشترمان هەیە بۆ ئەو کەسانەی توانای بژێوی ژیانیان باشە، کە لە جیاتی چەند بارە کردنەوەی حەج و عومرە، دەتوانن دەستگیرۆیی هەژاران بکەن، یاخود ئەو خێزانانەی کە نەخۆشیان هەیە بەمەش خێر و چاکەیەکەی زیاتریان دەست دەکەوێت.

 

“ئەنجامدانی عومرە بە قیست کارئاسانیی بۆ هاووڵاتییان کردووە”

سەرچاوەیەک لە کۆمپانیاکانی حەج و عومرە بە تۆڕی میدیایی خەڵکی ڕاگەیاند، ئێمە کۆمپانیایەکی فەرمین و کارەکانمان یاساییە، کە بەشێک لە کارەکانی ئێمە بردنی خەڵکە بۆ گەشتی عومرە بە شێوازی قیست.

سەبارەت بە جیاوازی نرخی عومرە بە شێوازی کاش و قیست وتی، لای ئێمە نرخەکەی وەک یەکە، ئەمەش لە ڕووی شەڕعییەوە ڕێگەپێدراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە هاووڵاتییان مووچەخۆرن و دەیانەوێت گەشتی عومرە ئەنجامبدەن، بەڵام ناتوانن پارەکە بە یەکجاربدەن، هەر بۆیە بە شێوەی قیستی مانگانە بۆ خەڵک ئاسانترە، لە کاتی وەرگرتنی مووچەدا بەشێک لە پارەکەی بۆ دادەنێن، لە مانگێکدا ٥٠ دۆلار گونجاوە.

لەبارەی گەڕاندنەوەی قیستەکان لە کاتی خۆیدا ئەوەی خستەڕوو، کەم کەس هەیە مانگانە لە کاتی خۆیدا قیستەکان نەگەڕێنێتەوە، ئێمەش چاوپۆشی دەکەین بۆ چەند مانگێک و کاتەکەی بۆ درێژدەکەینەوە، ئەگەریش ئەو کەسە هەر دوایبخات و مەبەستی بێت قیستەکان نەگەڕێنێتەوە، ئەو کات سکاڵای یاسایی لەسەر تۆماردەکەین.

سەبارەت بە خواستی هاووڵاتییان بۆ ئەنجامدانی عومرە بە قیست وتی، ڕێژەی ئەو کەسانەی عومرە بە قیست ئەنجامدەدەن زۆر نییە، بەراورد بەو کەسانەی بە کاش دەچن بۆ عومرە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، داواکارین لە نووسینگەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو شوێنانە بن کە فەرمی نین، خەڵک دەبەن بۆ حەج و عومرە، هەر وەک ئەوە ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر خەڵکیان بە ڤیزای گەشتیاری و بە نا فەرمی برد بۆ حەج و ئێستا کەیسەکانیان لە دادگادایە.

وتیشی، هاندانی خەڵک بۆ ئەنجامدانی حەج بە ڤیزای گەشتیاری دەبێت ڕێگری لێبکرێت و ئەو کەسانەی کەو کارە دەکەن دەبێت سزا بدرێن، چونکە ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بە فەرمی لە ڕێگەی حکومەتەوە پارەیەکی زیاتر دەدەن بۆئەوەی بچن بۆ حەج، بۆیە نابێت حەقی ئەوانیش بخورێت.

ئەمساڵ چوار هەزار و 685 هاووڵاتی بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج چوونەتە سعودیە، بێجگە لەو هاووڵاتییانەی بە ڤیزای گەشتیاری چوون بۆ سعودیە.

موسڵمان لە هەر وڵاتێک بێت دەبێت پابەند بێت بەو یاسانەی دانراون ئەگەر پێچەوانەی شەرع نەبێت، لە وڵاتی موسڵمان ناو نووسین هەیە و لە سعودیەش ژمارەی دیاری کراویان داناوە بۆ حەج بۆ هەر وەڵاتێک، لە سعودیە حسابی هەموو شتێک کراوە، حسابی ئەوە کراوە شوێنەکە چەند کەس جێگای دەبێتە و ئەگەر زیاتر بێت باری خەڵک گران دەبێت، یان لە ژێر دەستیان دەردەچێت و دەبێتە هۆی مردنی چەندین کەس.

بەپێی زانیارییەکان نزیکەی 20 حاجی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، کە 14یان لە دەرەوەی ڕێکارە فەرمییەکان و بە ڤیزەی یەک ساڵی چوونەتە سعودیە.

وەزارەتی ناوخۆ لیستی ناوی پاڵێوراوانی بۆ دامەزراندن لە کارتی نیشتمانیی بڵاوکردەوە
پێشت وەزارەتی ناوخۆ لیستی ناوی پاڵێوراوانی بۆ دامەزراندن لە کارتی نیشتمانیی بڵاوکردەوە
گولەر: پشتێنەیەکی ئەمنی بە قووڵایی 40 کیلۆمەتر لە عێراق دروست دەکەین
دواتر گولەر: پشتێنەیەکی ئەمنی بە قووڵایی 40 کیلۆمەتر لە عێراق دروست دەکەین
پەیوەندیدار