خوێندنی باڵا چەند بڕیارێك لەبەرژەوەندی خوێندكاران دەدات



ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا بۆ ساڵی نوێی خوێندن داشكاندن لە كرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران بەردەوام دەبێت و جەختیشدەكاتەوە، ئەمساڵیش زۆرترین دەرفەتی وەرگرتنی خوێندكارانی 12ی ئامادەیی بڕەخسێنرێت و هیچ برە پارەیەك لە بری پێدانی بەشی ناوخۆیی بە خوێندكارانی خوێندنی باڵا وەرنەگیرێت.

ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێكەوتی (2024/7/9) بەسەرپەرشتی د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبونی بریكاری وەزارەت و ڕاوێژكاران و سەرۆك زانكۆكان، كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە زانكۆی سۆران بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتەكە، د. ئارام ئاماژەی بە ئامادەكارییەكان كرد بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٤-٢٠٢٥) و دەرفەت و ئاڵنگارییەكان، بەتایبەت پێشوازی كردن لە دەرچوانی 12ی ئامادەیی و رەخساندنی دەرفەتی خوێندنی گشتی و یەكسان و دادپەروەر بۆ هەمووان.

وەزیری خوێندنی باڵا دوپاتیكردەوە، لە ساڵانی ڕابردو بەهاوكاری ئێوە و ستافی زانكۆكان توانیمان سەركەوتنی گەورە لە پرۆسەی وەرگرتن بەدەستبهێنن، بۆ ساڵی نوێش هەموو توانای وەزارەت و زانكۆكان دەخەینە گەڕ بۆ رەخساندنی زۆرترین دەرفەتی خوێندن بۆ دەرچوانی 12ی ئامادەیی و دانانی میكانیزم و پلان بۆ ساڵی نوێی خوێندن، بە شێوەیەك هاوتەریب بێت بۆ سوودی دەرچووان و پێداویستیەكانی بازاڕی كار. بۆ ئەمەش داوای لە زانكۆكان كرد لە پلانی وەرگرتندا هەموو تواناكانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ئەمساڵیش زۆرترین دەرفەتی خوێندن لە ناوخۆ بڕەخسێنن.

وەزیری خوێندنی باڵا، زانكۆكانی راسپارد ئەوانەی تاكو ئێستا پلانی خوێندنی باڵایان ئامادە نەكردوە و بۆ وەزارەت نەیانناردوە، پێویستە بە زوترین كات پلانەكانیان بۆ كردنەوەی ڕاوندی نوێی خوێندنی باڵا و خوێندنی سپلیت سایت بۆ وەزارەت بەرزبكەنەوە، بەمەبەستی تەواوكردنی ئامادەكارییەكان بۆ كردنەوەی ڕاوندێكی نوێی خوێندنی باڵا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.

لە تەوەرێكی دیكەدا ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕێنمایی گۆڤارە زانستییەكانی زانكۆكانی كوردستانی بە وەرگرتنی چەند تێبینییەك پەسەندكرد، ئامانج لەم ڕێنماییە بۆ زیاتر ڕێكخستنی مەرجەكانی پێدانی مۆڵەتە بە گۆڤاری زانكۆكان و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی گۆڤارەكانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كە بگونجێت لەگەڵ پێوەرو ستانداردەكانی گۆڤارە نێودەوڵەتییەكان.

هەر لە كۆبونەوەكەدا لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەنجوومەنی وەزارەت بڕیاریدا سەرجەم زانكۆكان هیچ برە پارەیەك لە بری پێدانی بەشی ناوخۆیی بە خوێندكارانی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دكتۆرا) وەرنەگرن.

ئاوی سلێمانی: 52 ملیار دینار قەرزی ئاو لای هاووڵاتیانە
پێشت ئاوی سلێمانی: 52 ملیار دینار قەرزی ئاو لای هاووڵاتیانە
بڕیاری پێدانی 20 ملیۆن دینار قەرز بە هاووڵاتیان درا
دواتر بڕیاری پێدانی 20 ملیۆن دینار قەرز بە هاووڵاتیان درا
پەیوەندیدار