برسێتی یەمەنییەکانی شەکەتکردووە



وێنە شۆک ئامێزەکان، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، دۆخێکی دژوار نیشان دەدن بە تایبەت کە ژنان و پیاوانی یەمەنی لە شاری سەنعای پایتەخت بۆ چەند کاتژمێرێک لەبەردەم دەروازەی چێشتخانەیەکدا وەستاون بۆ بەدەستهێنانی ژەمە خۆراکی بێبەرامبەر، کە ئەمە ناڕەزایی بەربڵاوی لای چالاکوانانی مافی مرۆڤ لێکەوتووەتەوە و هۆشداری لە بەربڵاوی برسێتی و نەبوونی بژێوی ژیان دەدەن.

یەکێک لەو وێنانەی کە چالاکوانان بڵاویان کردۆتەوە، دوو ڕیز لە هاووڵاتیان لە بەردەم چێشتخانەیەکدا دەرکەوتوون؛ یەکەمیان بۆ ئەو پیاوانەی منداڵیان هەیە لەکاتێکدا چاوەڕێی نۆرەی خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی ئەو ژەمە بێبەرامبەرە وەربگرن، یەکێکی تریش بۆ ژنان لەکاتێکدا ئەوانیش چاوەڕێی نۆرەی خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی هەمان ژەم بەدەستبهێنن.

چالاکوانان حوسییەکانیان بە بەرپرسیار زانی لە هەژاری و برسێتی و بێبەشکردنی یەمەنییەکان، کە دەبێت بۆ چەند کاتژمێرێک لەبەردەم دەروازەکانی چێشتخانەکاندا بوەستن بۆ بەدەستهێنانی ژەمێکی سادەو ئاسایی”.

 

لە کۆتاییەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، چالاکوانانی شاری سەنعا وێنەیان لەسەر پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵمیدیا بڵاوکردەوە کە تێیدا ژنانی یەمەن لە ناوچەی شومەیلە لە باشووری وڵات بە دوای پاشماوە خۆراکییەکاندا دەگەڕێن بۆ منداڵەکانیان لەناو زبڵ و خاشاکدا ئەمەش ناڕەزایی بەربڵاوی لە دژی حوسییەکان لێکەوتەوە.

 

هۆشدارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەدەخەنەڕوو؛ نزیکەی 25 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە یەمەن، لە کۆی گشتیی دانیشتوانی یەمەن کە 30 ملیۆن کەسە، ئێستا لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، و زیاتر لە جاران پێویستیان بە خۆراک و پێداویستییەکانی ژیانە.

 

هاوکات کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە زۆرینەی خەڵکی یەمەن، پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە، لە ئەنجامی ئەو ململانێیەی کە نزیکەی ٨ ساڵە لەم وڵاتەدا بەردەوامە.

 

لە لیبیا گۆڕێكی بەكۆمەڵ دۆزرایەوە
پێشت لە لیبیا گۆڕێكی بەكۆمەڵ دۆزرایەوە
دیارترین ڕووداوەکانی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین لە ساڵی ٢٠٢٢دا
دواتر دیارترین ڕووداوەکانی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین لە ساڵی ٢٠٢٢دا
ەیوەندیدار