بڕیاری لەسێدارەدانی گۆرانیبێژێكی ئێرانی هەڵوەشایەوە



پارێزەری توماج ساڵحی، گۆرانیبێژی ناڕازی خەڵکی ئێران ڕایگەیاند، سزای لەسێدارەدانی ئەو گۆرانیبێژە لە دادگای باڵای ئێران هەڵوەشاوەتەوە.

ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری گۆرانیبێژ (توماج ساڵحی) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاویكردەوە، “وەک چاوەڕوان دەکرا، دادگای باڵا ڕێگری لە هەڵەیەکی دادوەری قەرەبوونەکراو کرد و سزای لەسێدارەدانی توماجی هەڵوەشاندەوە.

ئەو پارێزەرە دەشڵێت: “بەپێی بڕیاری تانەدانی لقی 39ی دادگای باڵا، دۆسیەی ئەم گۆرانیبێژە ناڕازییە جارێکیتر ڕەوانەی لقی هاوتەریبی دادگا کراوەتەوە بۆ ئەوەی دووبارە تاوتوێی بکات”.

وتیشی، “دادگای باڵا لە بڕیارەکەی خۆیدا جگە لە هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی توماج، جەختی لەسەر ئەوەش کردۆتەوە، کە تەنانەت سزای زیندانیکردنی کە شەش ساڵ و سێ مانگ بووە، بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێسا و یاساکان بووە.”

توماج ساڵحی لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران کە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد، چالاکوانێکی جددی بوو لە نێوخۆی ئێران کە لەڕێگەی هونەرەکەیەوە پشتیوانی لە خۆپیشاندەران و کەسانی دەستبەسەرکراو کرد.

 

“ئافرەتێك خۆی خنكاند”
پێشت “ئافرەتێك خۆی خنكاند”
حەج و عومرەی هەرێم ڕوونكردنەوە لەسەر دۆخی حاجییان دەدات
دواتر حەج و عومرەی هەرێم ڕوونكردنەوە لەسەر دۆخی حاجییان دەدات
پەیوەندیدار