زێلنسکی، بۆ ڕووسەکان؛ پوتین وڵاتەکەتان ” وێران دەکات “



ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین بە ڕووسەکانی ڕاگەیاند؛ کە سەرکردەکەیان “ڤلادیمێر پوتین”، وڵاتەکەیان وێران دەکات.

 

دوای وتارێکی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا، بەبۆنەی سەری ساڵی نوێ، زێلێنسکی بە جلوبەرگی سەربازییەوە دەرکەوت و لە وتارێکدا ڕایگەیاند، سەرۆکی ڕووسیا لە پشت هێزەکانی خۆی حەشارداوە، و سەرکردایەتیان ناکات.

 

سەروەخت لەگەڵ بەردەوامی هێرش و بۆردوومانە سەختەکانی ڕووسیا لە سەرانسەری ئۆکرایندا، زێلێنسکی وتی؛ ئۆکراینییەکان هەرگیز لە ڕووسیا خۆش نابن.

 

زێلێنسکی لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند، ئەوانەی هێرشەکانی ڕۆژی شەممەیان ئەنجامدا، هیچ هەستێکی مرۆڤایەتییان نییە و “دەدۆڕێن”.

 

زێلێنسکی وتارەکەی ئاراستەی ڕووسەکان کرد و وتی: سەرکردەکەتان دەیەوێت نیشانتان بدات کە لە پێشەوە وەستاوە و هێزەکانی لە پشتیەوە وەستاون، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە پشتی هێزەکانی خۆیەوە خۆی حەشارداوە”.

 

زێلێنسکی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پوتین، وڵات و داهاتووتان دەسوتێنێت، کەس لەم کوشتارە خۆش نابێت، دڵنیابە، ئۆکراین لێت خۆش نابێت.

 

ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا، لە وتارەکەیدا بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێ وتی داهاتووی وڵاتمان لە مەترسیدایە، سەروەری و سەربەخۆیی و ئاسایشی ڕووسیا لە داهاتوودا پەیوەستە بە گەلەکەی و بە هێز و ئیرادەی ئەوانەوە.

 

پوتین ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕ لەگەڵ ئۆکراین “بۆ بەرگریکردن لە گەلی ڕووسیا و خاکە مێژووییەکەی بووە، و ماف لەلای ڕووسەکانە”.

 

پوتین وتی “ڕۆژئاوا ئۆکراین و گەلەکەی بەکاردەهێنن بۆ لاوازکردن و پارچە پارچەکردنی ڕووسیا”.

 

لەلایەکی دیکە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراین، ڤالێری زالوژنی، ڕایگەیاند، هێزەکانی بەرگری ئاسمانیی وڵاتەکەیان توانیویانە لە کۆی 20 موشەکی کروزی ڕووسی، 12 موشەک بخەنەخوارەوە.

 

دەیان هێرشی چڕ و بەردەوامی مۆسکۆ لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا بووەتە هۆی پچڕانی کارەبای بەردەوام لە ئۆکراین.

 

مۆسکۆ، بەردەوام ڕەتیکردووەتەوە خەڵکی مەدەنی بکاتە ئامانج، بەڵام ڤیلامێر پوتین لەم دواییانەدا دانی بەوەدانا کە دامەزراوە گرنگەکانی وزەی ئۆکراینیان کردووەتە ئامانج.

 

ڕووسیا لە چەند مانگی ڕابردوودا کەرتی وزەی ئۆکراینی کردە ئامانج و وێستگەکانی کارەبای وێران کرد و ملیۆنان کەسی خستە ناو تاریکیی و سەرمای زستانێکی سەخت.

 

پیشتر، حکومەتی ئۆکراین بانگەوازی لە سەرکردەکانی ڕۆژئاوا کردبوو کە سیستمی بەرگری ئاسمانی زیادەیان بۆ دابین بکەن و لەم دواییانەشدا جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دابینکردنی سیستەمی بەرگریی مووشەکی پاتریۆت بۆ ئۆکراین.

 

هەموو ئەم پەرەسەندن و ئەگەرانە لە کاتێکدان، کە مۆسکۆ پێشنیاری ئۆکراینی بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی لە ساڵی ٢٠٢٣ ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند؛ “کیڤ هێشتا ئامادە نییە بۆ دانوستانی ڕاستەقینە”.

 

 

 

وێنە… هەڵمەتی نیشتمانیی چاندنی ١ ملیۆن نەمام گەیشتە قەردەاغ
پێشت وێنە… هەڵمەتی نیشتمانیی چاندنی ١ ملیۆن نەمام گەیشتە قەردەاغ
ئەنجلینا جولی وازی لەكاركردن لەگەڵ UN هێنا
دواتر ئەنجلینا جولی وازی لەكاركردن لەگەڵ UN هێنا
ەیوەندیدار