لە ڕۆژانی جەژندا زیاتر لە ٨٤ هەزار گەشتیار ڕوویان لە پارێزگەی هەڵەبجە کردووە



لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و ھاوکات جەژنی قوربانی پیرۆز، گەشتیارێکی زۆر لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق سەردانی سەیرانگاکانی ھەرێمیان کردووە.

بەشێک لەو گەشتیارانە ڕوویان لە سەیرانگاکانی پارێزگەی ھەڵەبجە بەتایبەتی ئەحمەد ئاوا کردووە لە قەزای خورماڵی سەربە پارێزگەکە.

گەشتیاران خۆشحاڵن بە بینینی سروشتی ناوچەکانی ھەرێم و ئەو پێشوازییە گەرمەی لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە لێیان دەکرێت.

زۆرێک لە گەشتیاران لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەشتیاری ھاتوون و ھەندێکیشیان خۆیان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان لەگەڵ خێزانەکانیان سەردانی ناوچەکەیان کردووە.

محەمەد حەیدەر (٢٦ ساڵ) کە یەکێکە لە گەشتیارەکان و لە بەغداوە سەردانی ناوچەکەی کردووە، باسی لەوە کرد کە لەگەڵ خێزانەکەی گەشتیان بۆ سەیرانگای ئەحمەدئاوا کردووە و وتی: “لەگەڵ خێزانەکەمان بەھۆی پشووی جەژنەوە ھەموومان ھاتوین بۆ ئەحمەدئاوا، ئێرە کەشوھەوایەکی زۆر خۆش و سازگاری ھەیە”.

گەشتیارێکی دیکە بە ناوی سەجاد عادل کاربی کە خەڵکی پارێزگەی بەسرەیە ڕایگەیاند: “لە بەسرەوە ھاتوین کەشوھەوای ئێرە زۆر خۆشە، جلوبەرگ و خەڵکەکەی ھەمووی شیرینن، میوانداریەکی باشیان کردین سوپاسیان دەکەین”.

سەبارەت بە ئاماری ھاتنی گەشتیاران لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ پارێزگەی ھەڵەبجە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگەکە لە ڕاگەیاندراوێکیدا ئاماژی بەوەی داوە کە: “لەو چوار ڕۆژەی جەژنی قوربانی پیرۆز ھاتنی گەشتیار بۆ پارێزگەی ھەڵەبجە بەردەوام بوو، خۆشبەختانە لەو چوار ڕۆژەدا ھیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕووی نەداوە. لەم چوار ڕۆژەی جەژندا توانیمان پێشوازی لە ٨٤ ھەزار و ١٧٦ گەشتیار بکەین”.

کەسێک بە تۆمەتی سووتاندنی 60 هەزار دار و 500 دۆنم پووش و پاوان دەستگیرکرا
پێشت کەسێک بە تۆمەتی سووتاندنی 60 هەزار دار و 500 دۆنم پووش و پاوان دەستگیرکرا
کەشناسی عێراق: پلەی گەرمای پێنج پارێزگە دەگاتە نیوەکوڵ
دواتر کەشناسی عێراق: پلەی گەرمای پێنج پارێزگە دەگاتە نیوەکوڵ
پەیوەندیدار