فەخری کەریم ناوەڕۆکی کۆبوونەیەکی مەسعود بارزانی و هێرۆخان ئاشکرا دەکات



گەورە ڕاوێژکاری سەرۆکی کۆچکردووی عێراق ئاشکرای دەکات کە دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال، مەسعود بارزانی لەگەڵ هێرۆخان و کوڕەکانی کۆبووەتەوە و بە “زمانێکی باوکانە و برایانە” قسەی لەگەڵ کردوون، هاوکات هۆشداریشی داوەتە هێزە سیاسییەکان بەوەی “تاوەکو مام جەلال هەناسە بدات، کەس بۆی نییە لە سەرۆکایەتی کۆمار نزیک بێتەوە”.

فەخری کەریم، گەورە ڕاوێژکاری پێشووی مام جەلال سەرۆکی کۆچکردووی عێراق لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت کە ئەمڕۆ چوارشەممە، بڵاوکرایەوە، باسی پەیوەندییەکانی نێوان مام جەلال و مەسعود بارزانی و ئەو کاتەش دەکات کە مام جەلال تێیدا نەخۆش کەوتووە.

فەخری کەریم دەڵێت: “هەردووکیان لاپەڕە سەختەکانی ڕابردووی نێوانیان پێچایەوە” و هەڵوێستێکی مەسعود بارزانیش وەک نمونەی پتەوبوونی پەیوەندییەکانیان دەهێنێتەوە و دەڵێت: “کاتێک مام جەلال نەخۆش کەوت، (مەسعود بارزانی) هۆشداری دایە هەر کەسێک کە بیەوێت زیان بە تاڵەبانی و خێزانەکەی بگەیەنێت”.

ئەوەشی خستەڕوو کە مەسعود بارزانی ڕێگربووە لەوەی باس لە پرسی جێگرەوەی مام جەلال بکرێت لە پۆستی سەرۆک کۆماردا و “وتیشی، تاوەکو مام جەلال هەناسە بدات کەس بۆی نییە لە سەرۆکایەتی کۆمار نزیکبێتەوە”.

فەخری کەریم باس لەوەش دەکات کە خۆی دیدارێکی هێرۆخان و کوڕەکانی (بافڵ و قوباد) و ئاراسی برازای مام جەلال لەگەڵ مەسعود بارزانیدا ڕێکخستووە و تێیدا بارزانی “بە زمانێکی باوکانە و برایانەی بێ سنوور قسەی کرد و (وتی) من خێزانی ئێوەم” و کاتێکیش کە دیدارەکە تەواو بوو، هێرۆخان و قوباد تاڵەبانی و ئاراس شێخ جەنگی وتیان :”هەرگیز قسەی وامان لێ نەبیستووە”.

ڕاشیگەیاند، مەسعود بارزانی پەرۆش بوو بۆ ئەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بدۆزێتەوە.

فەخری کەریم لەو بڕوایەدایە کە ئەو دۆخە گرژەی ئیستا لە نێوان پارتی و یەکێتیدا دروست بووە تێدەپەڕێت و دەڵێت: “ئەمجارەش هاوشێوەی ڕابردوو ئەگەر مەترسی ڕووبەڕووی دۆزی کورد ببێتەوە، کورد بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی دەبێتەوە و ئەو کەسانەش بەهەڵەداچوون کە گرەو لەسەر پەرتکردنی یەکڕیزی کوردی دەکەن و (دەیانەوێت) لەسەر ئەم حزب و ئەو حزب گەمە بکەن”.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە
پێشت ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە
پشکنینێکی نوێ لە ماوەی چەند خولەکێکدا جەڵتەی دڵ دەستنیشان دەکات
دواتر پشکنینێکی نوێ لە ماوەی چەند خولەکێکدا جەڵتەی دڵ دەستنیشان دەکات
پەیوەندیدار