قائیمقامی چەمچەماڵ: تکایە بەهاوارمانەوە وەرن چەمچەماڵ خەریکە دەخنکێت



قائیمقامی چەمجەماڵ لەبارەی بێ ئاوی لە قەزاکە روونکردنەوە دەدات و دەڵێت:”لەچەمچەماڵ لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەر پلەیەکی گەرما ڕۆژێک پێدانی ئاوی خواردنەوە بە هاوڵاتیان دوا دەکەوێت، ئەم چیرۆکەی ئاوی چەمچەماڵ تەمەنی درێژە و ژمارەی ئەو بەڵێنانەی پێمان دراوە پێماندراوە لەژمارەی نوسراوەکانمان زیاترە ، کەچی کێشەی ئاو وەک خۆیەتی و لەچەمچەماڵ و شۆڕش و تەکیە هەموو هاوینێک قەیرانی ئاو دروست دەبێت”.

رەمک رەمەزان لە بانگەوازێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردووە و دەڵێت:لێرە؛ لە چەمچەماڵی پایتەختی شەهیدان و ئەنفال کە زیاترلە ٧ هەزار خێزانی شەهیدان و ئەنفالکراوانی تێدایە، کە دانیشتوانی مەرکەزی قەزا و ناحیەی شۆڕش و تەکیە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار هاوڵاتیە وا ١٢ ڕۆژە ئاوی خواردنەوە بەبەشێکی زۆر لە گەڕەکەکان نەدراوە، تا کەشوهەوا گەرمتربێت کێشەکە گەورەتردەبێت.

دەشڵێت:” ئەمە هاواری دایکی شەهیدان و نەوەی ئەنفال و پێشمەرگەی دێرین و دانیشتویانی سەرزەمینی ئەنفالە لە دەمی ڕەمک دەیبیستن، ئەوەی لەتوانای ئیدارەی چەمچەماڵدا بووە لە نوسراو و کردار ئێمە کردوومانە ، بەڵام کاتێک بڕی ئاوی پێویست بە قەزاکە نەگات ناچارین هاواربکەین تا بە دەنگی هاوارمانەوە بێن، چونکە ئاوی خواردنەوە لە پێداویستیە بنەڕەتیەکانی ژیانە و پرۆژەی ئاوی گۆپتەپەش لە بەشێکی زۆری ئەو پرۆژانە گرنگترە کە ئێستا لەسەر ئاستی کوردستان بە بودجەی گەورەتر جێبەجێ دەکرێن .

دەقی بانگەوازەکەی قائیمقامی چەمچەماڵ:
بەناچاریەوە هاوار دەکەم
تکایە بەهاوارمانەوە بێن! چەمچەماڵ خەریکە دەخنکێت
لەچەمچەماڵ لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەر پلەیەکی گەرما ڕۆژێک پێدانی ئاوی خواردنەوە بە هاوڵاتیان دوا دەکەوێت، ئەم چیرۆکەی ئاوی چەمچەماڵ تەمەنی درێژە و ژمارەی ئەو بەڵێنانەی پێمان دراوە پێماندراوە لەژمارەی نوسراوەکانمان زیاترە ، کەچی کێشەی ئاو وەک خۆیەتی و لەچەمچەماڵ و شۆڕش و تەکیە هەموو هاوینێک قەیرانی ئاو دروست دەبێت.
بەڕێزان
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم
وەزارەتی شارەوانی و پلاندانان و دارایی و
پارێزگای سلێمانی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان.
لێرە؛ لە چەمچەماڵی پایتەختی شەهیدان و ئەنفال کە زیاترلە ٧ هەزار خێزانی شەهیدان و ئەنفالکراوانی تێدایە، کە دانیشتوانی مەرکەزی قەزا و ناحیەی شۆڕش و تەکیە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار هاوڵاتیە وا ١٢ ڕۆژە ئاوی خواردنەوە بەبەشێکی زۆر لە گەڕەکەکان نەدراوە، تا کەشوهەوا گەرمتربێت کێشەکە گەورەتردەبێت.
لە ساڵی ٢٠١٧ وە تا ١٠ /٦ /٢٠٢٤ نزیکەی ١٠٠ نوسراو و بروسکەمان ئاراستەی بەڕێزان ( سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی حکومەت، هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەرێم، پارێزگای سلێمانی، هەموو لایەنە سیاسیەکان) لەسەر ئاستی عێراقیش( بۆ بەڕێزان سەرۆکی کۆمار ، ئەنجومەنی وەزیران ، پەرلەمانی عێراق ، وەزارەتی پلاندانان …..هتد) کردووە، ئەمە جگە لە ئاگادارکردنەوەی هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی بواری مافی مرۆڤ،بەڵام تا ئێستا کێشەی ئاوی قەزای چەمچەماڵ بەردەوامە.
بەڕێزان؛ لایەنە پەیوەندیدارەکان
بەئەرکی ئەخڵاقی و مرۆڤ دۆستی و وەزیفی خۆمی دەزانم .ئاگادارتان بکەمەوە لە سەرهەڵدانی قەیرانی مرۆیی بەهۆی بێ ئاوییەوە لە(چەمچەماڵ٫شۆڕش و تەکیە )چونکە پێدانی ئاو بۆ ماوەی زیاتر لە ١٢ ڕۆژ مانەوەی ئەو ئاوە لە ٤٥ پلەی گەرمی ناو تانکیەکاندا بۆخۆی دەبێتە هۆی دروستبوونی دەیان نەخۆشی بۆیە تکایە هیمەتێک بکەن و پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە چەمچەماڵ جێ بەجێ بکەن کە لە ١٢/ ٤/ ٢٠٢٢ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم فەرمانی جێبەجێکردنی هەیە.
لە ئێستادا کێشەکە چیە و چارەسەری چۆن دەکرێت؟
+ کێشەکە بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویستەوەیە بۆ قەزای چەمچەماڵ چونکە لە هێڵی دووەمی ئاوی دووکان سلێمانی ئەگەر کەمتر لە ٤٠ هەزار مەتر سێجا ڕۆژانە ئاو بۆ چەمچەماڵ بنێردرێت ئەم کێشەیە بەردەوام دەبێت.
+ پرۆژەی ئاوی ماس کە ڕۆژانە ١٠ هەزار مەتر سێجا بە قەزای چەمچەماڵ دەدرا لە ئێستادا بەهۆی پێداویستی کۆمپانیاکانی خۆیانەوە زۆر کەمکراوەتەوە و ئاو بۆ چەمچەماڵ نایەت.
چارەسەر:
+ چارەسەری بنەڕەتی ئەم کێشەیە تەنها بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ دەبێت.
+ چارەسەری کاتیش زیادکردنی ئاوی چەمچەماڵە لە هێڵی دووەمی ئاوی دووکان- سلێمانی بەشێوەیەک کەمتر نەبێت لە ٤٠هەزار مەتر سێ جا ئاو لە ڕۆژێکدا.
بەڕێزان سەرکردەکانی کوردستان
ئەمە هاواری دایکی شهیدان و نەوەی ئەنفال و پێشمەرگەی دێرین و دانیشتویانی سەرزەمینی ئەنفالە لە دەمی ڕەمک دەیبیستن، ئەوەی لەتوانای ئیدارەی چەمچەماڵدا بووە لە نوسراو و کردار ئێمە کردوومانە ، بەڵام کاتێک بڕی ئاوی پێویست بە قەزاکە نەگات ناچارین هاواربکەین تا بە دەنگی هاوارمانەوە بێن، چونکە ئاوی خواردنەوە لە پێداویستیە بنەڕەتیەکانی ژیانە و پرۆژەی ئاوی گۆپتەپەش لە بەشێکی زۆری ئەو پرۆژانە گرنگترە کە ئێستا لەسەر ئاستی کوردستان بە بودجەی گەورەتر جێبەجێ دەکرێن .
ڕەمک ڕەمەزان قادر
قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ

٤٥ دۆنم زەوی باخچەی ڕووەکی سلێمانی سووتا
پێشت ٤٥ دۆنم زەوی باخچەی ڕووەکی سلێمانی سووتا
کودەتا دژی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستان
دواتر کودەتا دژی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستان
پەیوەندیدار