بێ ئاکامی کۆنفرانسە پەروەردەییەکان



ڕەوف محەمەد ئالانی

ساڵانە یان چەند ساڵ جارێک  بەمەبەستی  چاککردن و گۆڕانکاری، وەزارەتی پەروەردە، کۆنفرانس ئەنجام دەدات.

دیارە ئەنجامدانی ئەمجۆرە کۆنفرانسانە، تێچووی پێویستی گەرەکە، من وەک پەروەردەکار و چاودێرێکی پرۆسەی پەروەردە، بەدواداچوون و بەراوردکردن و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای پرۆسەی پەروەردە، هەمیشە قسە و بۆچوونی خۆمم دوور لە ئایدۆلۆژیا و بیری تەسک بە هەستکردنی بەرپرسیارێتی و بەزمانی  ڕەخنەی بونیاتنەر و بێ هیچ ڕەچاو کردنێکی  بەرژەوەندی تایبەت، ئەوەی درکم پێکردبێت دەرمبڕیوە و سەرنجی خۆم لەسەرداوە، لەهەموو کۆڕو کۆبونەوە  تایبەتەکانیش ئاماژەم بۆ کردوون، تا دانیشتن و باسکردنی گرفتەکانی پەروەردە لەگەڵ بەڕێزان وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە، لە و کۆڕو سیمینارانەش کە بەشداریم کردووە، ئەمانەم دوپاتکردۆتەوە.

کێشەی پرۆسەی پەروەردەی ئەم هەرێمە ساڵ بەساڵ کەڵەکە دەبێت و چارەسەرکردنیان دەبێتە ئەستەم، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارە سەرەکییەی کە مەبەست لەبەستنی کۆنفرانس چارەسەری بنەڕەتی کوالیتی پرۆسەکە نیە، ئەوەندەی مەبەستە دڵی هەندێ کەس ڕازی بکرێت و بەدڵی ئەوان چەرخەکە بسوڕێ.

لەم هەرێمەی ئێمە ئەوانەی خەمی پرۆسەکەیانە و خواستیانە بەرەو ئاقار و ئاراستەیەکی دروستی ببەن بەردەوام دەنووسن و پڕۆژەیان هەیە بۆ باشترکردن و چارەسەری گرفتەکان، بەڵام وەک نەریت و خووی باوی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەموو کات خراونەتە گۆشەی پەراوێزخستن و پشتگوێخستنی ڕاو بۆچوونەکانیان، ئەوەش لەبەر ئەوەی هەندێ کەس خۆیان دەکەنە خاوەنی هەموو کارەکان و ناهێڵن ئەوکەسانە بگەنە ئەو شوێنانەی کە مەبەستە پەیامەکانیان بگەیەنن.

دەپرسم ئەم کۆنفرانسانە، کێ تەوەر و بانەتەکان دیاری دەکات و بەکام بنەمای زانستی و پەروەردەیی ڕیکدەخرێن؟

ئایا ئەوانەی بەشداردەبن لەو کۆنفرانسانە، جگە لەو کەسانەی خۆیان مەبەستیانە، پرس بە شارەزایان و پسپۆڕان و نوسەرانی بواری پەروەردە و بەتایبەت ئەوانەی بە بیری پەروەردەی ڕەخنەگرانەوە بیرۆکەیان هەیە، بانگکراوون؟

جگە لەوانەی خۆیان گرەکیانە چیبکەن بۆ خۆیان و کێ قسەی باشیان لەسەر دەکات، کێ بانهێشت دەکەن؟

بە بۆچوونی بەندە تا بیر لە بونیادنانی فەلسەفەیەکی پەروەردەیی هاوچەرخ نەکەینەوە و ئاراستەکان لەم قۆرخکاریە نەگۆڕدرێن، پرۆسە و پرسی پەروەردە لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە و هیچ گۆڕانکاریەک بەدینایەت.

پێم وایە ئەوەی دەگوزەرێ لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، خەمەکە قورستر دەکات و نادادی لە پرسەکە زیادتر دەکات و کوالیتی خوێندن دێنێتە خوارتر.

هەندێک ئەوانەی بەشداری کۆنفرانسەکان دەکەن جگە لە ووتە تێچینی نەگونجاوی پەروەردەیی کە ویست و بەرژەوەندی خۆیان و هاوڕێکانیان دەخەنەڕوو، هیچ خەمێکی تریان نیە، بەوێنەی بەشداریان لە کۆڕوسیمینارەکاندا ئەنجامی دەدەن.

بۆچی وەزارەت پێش وادەی دەستپێکی کۆنفرانسەکان، داوا لە نوسەران و شارازایان و خەمخۆرانی پرۆسەی پەروەردە ناکات، بیرۆکە و پرۆژەکانیان بنێرن بۆ لایەنی پەیوەندیدارتا بخرێنە بەرنامەی کاری کۆنفرانس؟

دیارە بۆ ئەوە ناکرێت چونکە دەستەی خەمخۆری تایبەتی و بەرژەوەندخواز لەو کاتەدا ڕۆڵیان نامێنێت و پێیان ناکرێت هەر خۆیان بن.

کاتێ ستاندارەکان جێبەجێ دەکرێن و قوتابخانە بەباشی ئەنجامیان دەدات کە پێوەرەکان زانستی و پەروەردەیی  هاوچەرخ بن لە هەموو بوارەکاندا نەک هەڕەمەکی و دوور لە بەها پەروەردەییە سەردەمیانە بن.

تا بە هەموو لایەن و بەشەکاندا نەچینەوە، ڕۆڵ بۆ پەروەردە نەگێڕینەوە، هەر ناوێک  دابنێین بۆ ئەوانەی  هەڵسەنگاندن بۆ قوتابخانە و خوێندنگەکان دەکەن، ناویان سەپەرشتیار بێت یان هاوڕێی ڕەخنەگر، هیچ ناگۆڕێت، پێویستە پرۆسەی پەروەردە بکرێتە پەروەردەیەکی ڕەخنەگرانە، نەک قبوڵنەکردنی ڕەخنە، وەک ئەوەی ئێستای ناو سیستمی  پەروەردەی هەرێمی کوردستان.

کاتێ هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستایان دروست و شیاو دەبێت، ئەوان کەموکورتیان نەبێت لە هیچ ڕوویەکەوە، نەک سێ مانگ  موچەی نەدەیتێ و بژێوی تاڵ بکەی و سێ کەس هەڵسەنگەندنی بۆ بکات.

کاتێ متمانە نەبوو هیچ دڵنیاییەکی جۆری ناتوانێ ڕۆڵبگێڕێت، پیم سەیرە دەیانەوێت لەهەر خوێندنگەیەک مامۆستایەک بکەنە بەرپرسی دڵنیایی جۆری، ئەی بۆ کار ناکەن ئەو بەرپرسیارێتیە گشتگیربێت بۆ هەموو مامۆستایان هەستێکی جیانەکراوەی پەروەردەییانە، تا کوالیتی پرۆسەکە باشبکرێت، بەڵام لەوەی ئێستادا بێ هیوایی زیاد دەبێت، لەوانەیە یەکێک  بەوکارە هەستێ، تایبەتمەندی و هەڵبژاردەی تاقم و دەستە و گروپێکی نائاگا ئاراستەی بکەن، وەک چۆن دەستیان گرتووە بەسەر هەموو قوتابخانەکان و خوێندنگەکاندا.

ئەم جۆرە کۆنفرانسانە پێویستن بەڵام دەکرێ بەرنامەڕێژی باش بکرێت و کەسانی شارەزا و خەمخۆر پڕۆژە و توێژینەوەکانیان بخەنە ڕو، نەک هەربۆ کۆبوونەوەی وێنە گرتن و پاوانخوازی، بۆیە عەبدوڵا پەشێو ئەڵی:

هەتا پرتەقاڵ و مۆزو سێو مابن

کۆبوونەوەکان قەت تەواو نابن.

بەرپرسی باڵای وڵاتێک  فڕۆکەکەی وندەبێت، بە مردووی دەدۆزرێتەوە
پێشت بەرپرسی باڵای وڵاتێک فڕۆکەکەی وندەبێت، بە مردووی دەدۆزرێتەوە
شوێنی ئەو زەوییانە دیاری دەکرێت، کە بڕیارە بەسەر فەرمانبەران دابەشبکرێت
دواتر شوێنی ئەو زەوییانە دیاری دەکرێت، کە بڕیارە بەسەر فەرمانبەران دابەشبکرێت
پەیوەندیدار