“لە داهاتوودا خراپی ژینگەی هەرێم ئاسایشی خۆراک دەخاتە ژێر مەترسییەوە”



پیسبوونی ژینگە پرسێکی تەندروستی گشتی نێودەوڵەتییە و چەندین کاریگەری لەسەر تەندروستی هەیە لە نێویاندا تووشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، کە ساڵانە ئامارەکانی تووشبوون بەم نەخۆشییە لە هەڵکشاندایە.

پیسکەرەکانی ژینگە بریتین لە ماددە ڕەقەکان، شلەکان، یان گازە زیانبەخشەکان کە کوالێتی ژینگە کەم دەکەنەوە، وەک بەکارهێنانی ئامێری پیشەسازی، وێستگەی بەرهەمهێنەری کارەبا، بزوێنەری سووتاندن، پاڵاوگەکان و ئۆتۆمبێل.

هەرچەندە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە وەک باڵاترین لایەنی بەرپرس لە ھەرێم دیاریکراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەستەکە لە وەزارەتەوە بوو بە دەستە، کەواتە دەسەڵاتی کەمتر و سنووردارترە و بوودجەی کەمتریشی بۆ تەرخانکراوە، بۆیەش ناتوانن وەک وەزارەتێک پلانەکانییان جێبەجێ بکەن.

 

“هەوای پارێزگای هەولێر دووەم پیسترین شارە لەسەر ئاستی عێراق”

پسپۆڕێکی بواری نەوت و کاریگەرییەکانی ئاماژەی بەوە دەکات، کە هەوای پارێزگای هەولێر دووەم پیسترین شارە لە دوای بەغدا لەسەر ئاستی عێراق، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێل، مۆلیدە، پاڵاوگە و کارگەکان سەرچاوەی خراپکردنی کوالێتی هەوان و ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەم پیسبوونەی هەوا هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە.

دکتۆر ڕێبین سەمەد، پسپۆڕی نەوت و کاریگەرییەکانی، لەبارەی دۆخی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە سەردەمی ئەمڕۆدا، یەکێک لە بەڵا هەر گەورەکان کە تووشی مرۆڤایەتی بووەتەوە بریتییە لە کارەساتی پیسبوونی هەوا یان تێکچوونی هەوا، بێگومان ئەو هەوایەی ئێمە هەناسەی تیادا دەدەین کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر تەندروستیمان، ئەگەر هەرێمی کوردستان و عێراق وەک نموونە وەربگرین بەپێی داتاکانی سانسۆر یان چاودێرییەکان لەلایەن دەزگاکانەوە، ئەوە نیشاندەدەن کە کوالێتی هەوا لە هەرێم خراپە بەتایبەتی لە پارێزگای هەولێر، ئەمانەش کۆمەڵێک هۆکاری هەیە، وەک ڕێژەی بەرزی ئۆتۆمبێل لە شەقامەکان کە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل لەو پارێزگایەدا هەیە، هاوکات کارکردنی ئەوانەش لەسەر بەرووبوومە نەوتییەکانی وەک بەنزین یان گازە، پێکهاتەی ئەوانەش کیمیاییە و بێگومان لە کاتی سووتاندا کۆمەڵێک گاز دەردەدەن کە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر تەندروستیمان.

وتیشی، هۆکارێکی دیکە بریتییە لە بوونی ژمارەیەکی زۆر مۆلیدەکانی کارەبا، ئەم مۆلیدانە ڕۆژانە لە زۆربەی گەڕەکەکانی هەولێر وەک وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا کاردەکەن، ئەگەر یەک مۆلیدە ماوەی ١٢ کاتژمێر کار بکات یەکسانە بە کارکردنی ٣٠٠ ئۆتۆمبێل لەم ماوەیەدا، بۆیە ئەم زیانە گەورەیەی کە مۆلیدەکان لە کوالێتی هەوای دەدەن کارەساتەکە ئێجگار گەورەیە، هۆکارێکی دیکە بریتییە لە بوونی پاڵاوگەکان و هەندێک لە کارگەکان کە لە دەوروبەری هەولێرن بەتایبەت لە بەشی باشووری ڕۆژئاوای شارەکەن، واتا لە نێوان ڕێگای کەرکووک بۆ هەولێر هەروەها ڕێگای دهۆک بۆ هەولێر، ئەم کارگانە بەهۆی نزیکیان لە سەنتەری شار و سنووری شارەوانییەکان، کاریگەری زۆریان کردووەتە سەر کوالێتی هەوا، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە هاووڵاتییانیش هۆکارن بۆ تێکچوونی کوالێتی هەوا بەهۆی فڕێدانی پاشماوەکانی وەک نایلۆن و پلاستیک.

 

” لە ماوەی دوو ساڵدا ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە هەولێر دوو هێندە زیادیکردووە”

لەبارەی کاریگەری ئەم تێکچوونی ژینگەیە لەسەر تووشبوون بە نەخۆشییەکان و لە نێویاندا شێرپەنجە، دکتۆر ڕێبین سەمەد وتی، ئەگەر سەیری داتاکان بکەین دەبینین لە ماوەی دوو ساڵدا ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە هەولێر دوو هێندە زیادیکردووە، بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠٢٢ لە ڕۆژێکدا ٨ کەس بە تووشبوون بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی (تایبەت بە شێرپەنجە) تۆمار کراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئەم ڕێژەیە بووەتە سەرووی ١٥ کەس لە ڕۆژێکدا واتا دوو هێندە زیاریکردووە، ئەگەر شیکردنەوەیەکی جوگرافی بۆ ئەم بابەتە بکەین دەبینین زۆربەی تووشبووەکان دانیشتووی سەنتەری شار و قەزاکانی قوشتەپە و کەڵەکن (بەشی باشووری ڕۆژئاوای هەولێر)، بەڵام قەزاکانی دیکەی وەک سۆران و چۆمان تا ڕادەیەک کوالێتی هەوای تیادا جێگیرە و کاریگەرییە خراپەکان لەوێ کەمترن.

دکتۆر ڕێبین سەمەد باسی لەوەکرد، تێکچوونی کوالێتی هەوا، کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بەرزکردنی ڕێژەی تۆمارکردنی شێرپەنجە لە پارێزگای هەولێر بە تایبەتی لە سەنتەری شار، هەر بۆیەش پاڵاوگە و کارگەکان ئەوانەی پابەندنین بە کۆت و بەندە ژینگەییەکانەوە، ئەوا کارەساتی گەورەیان دروستکردووە و کاریگەری گەورەی درێژخایەنیان هەیە لەسەر نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانەوە وەک شێرپەنجە و نەخۆشی دڵ.

ماوەی چەند ساڵێکە ئێواران بۆنێکی ناخۆشی کیمیایی لە بەشێکی هەولێر هەستی پێدەکرێت و هاووڵاتییان بەدوای سەرچاوەکەیدا دەگەڕێن، لەمبارەیەوە دکتۆر ڕێبین سەمەد وتی، هەندێکجار بۆنێکی ناخۆش بەسەر باشوور و ڕۆژئاوای شاری هەولێردا بڵاودەبێتەوە، ئەم بۆنە بریتییە لە گازی کبریتی هایدرۆجین H2S ئەم گازە بە گازێکی کوشندە دادەنرێت و بەشێکی گازی NO2 و دوانەئۆکسیدی گۆگردە کە لە دەرەنجامی کارپێکردنی ئەو پاڵاوگانەوە دێن کە پابەندی ژینگە نین و پێویستە لە ژێر چاودێرییەکی تونددا بن.

دکتۆر ڕێبین سەمەد ئەوەشی خستەڕوو، کبریتی هایدرۆجین یەکێکە لە گازە کوشندەکانە و لە ئەگەری تێپەڕبوونی کات و چڕی زۆر، کاریگەری گەورە دروست دەکات لەسەر بەرزکردنەوەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە و تا ڕادەیەک باری دەروونی مرۆڤیش تێکدەدات.

بە وتەی ئەو پسپۆڕەی بواری نەوت، هەولێر بە دووەم پیسترین شار دادەنرێت لە ڕووی کوالێتی هەواوە لە دوای بەغدا، لەمبارەیەوە وتی، پارێزگاکانی دیکەی هەرێمیش ڕێژەی پسیبوونی هەوایان بەشێوەیەک لەیەکترەوە نزیکن، ئەگەر هەرێم وەرگرین، پارێزگای هەولێر بە دووەم پارێزگای عێراق دادەنرێت بە پیسبوونی هەوا لە دوای بەغدا، پارێزگاکانی دیکەش وەکو سلێمانی و دهۆک تا ڕادەیەک هەوا و کوالێتی هەوایان باشترە.

 

“ئەگەر مۆلیدەکان نەهێڵن، ئەوا دەتوانن لانیکەم هاووڵاتییان لە کارەساتە ژینگەییەکان دووربخەنەوە”

لەبارەی چارەسەری تێکچوونی هەوا و بەرزکردنەوەی کوالێتی هەوا، دکتۆر ڕێبین سەمەد ڕوونیکردەوە، ئەگەر لە ڕێگای سیستەمی پریپەیدەوە مۆلیدەکان نەهێڵن، ئەوا دەتوانن لانیکەم هاووڵاتییان لە کارەساتە ژینگەییەکان دووربخەنەوە، هەروەها هۆشیاری هاووڵاتییان کاریگەری گەورە دەکاتە سەر کوالێتی هەوا، هاوکات پێویستە ئەو یاسا و ڕێنماییەکانەی لەلایەن وەزارەتە پەیوەنددارەکان دەردەچن، بەدواداچوونی بۆ بکرێت، هەروەها مۆڵەتدانی کارگە پیشەسازییەکان لە ژێر چەتری پسپۆڕی تایبەت بن بۆ ئەوەی شوێنی گونجاو هەڵبژێردرێت تا کاریگەری نەکاتە سەر دانیشتووانی شار.

ئەو پسپۆڕەی بواری نەوت و کاریگەرییەکانی، هۆشداریش دەکات لە داهاتوودا ئەم بابەتە هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراک دەکات و لەمبارەیەوە وتی، ئەگەر ئەم بابەتە چارەسەر نەکرێت ئەوا لە داهاتوودا کاریگەرییەکان لە هەوا نامینێتەوە و بەڵکو خاکمان لە خاکێکی بەرهەمداری سوودبەخش دەگۆڕێت بۆ خاکێکی نابەرهەمداری زیانبەخش و ئاسایشی خۆراکمان دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە.

هاوکات سەرۆکی بەشی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی، پیسبوونی ژینگە بە یەکێک لە سەرچاوەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە دیاریی دەکات و، ئاماژە بەوە دەکات کە ئامارەکان ساڵانە ڕوو لە زیادبوونە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ڕێژەکە لە خوار ستانداردە جیهانییەکانە.

سەرۆکی بەشی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی، دکتۆرە چنار سنجاوی ڕایگەیاند، لە کۆتا ئەو ئامارانەی بەردەستە لە ساڵی ٢٠٢٣ کە بڵاوکرایەوە، ژمارەی تووشبوون بە شێرپەنجە بریتیی بوو لە ٩ هەزار و ٩١١ کەس تۆمارکراون لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم، بە نزیککراوەیی ڕۆژانە ٣٠ تووشبوو لە هەرێم تۆمارکراون، بێگومان هۆکارەکان زۆرن، ژینگە یەکێکە لە هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە.

دکتۆرە چنار سنجاوی وتیشی، هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە، بریتییە لە شێوازی ژیانکردن، هەم لە ڕووی خواردن هەم لە ڕووی جووڵەکردنەوە، هەروەها کاتێک دەچیتە دەرەوە ژینگەیەکی پاکت نیە کە لێی دڵنیابیت چونکە وەک دەبینین ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێل لەناو شارەکانن و کوالێتی بەنزینەکەش خراپە، هەروەها پاڵاوگە و کارگەکان نزیک شوێنی نیشتەجێبوونن، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێکیان پەیوەندی بە هەموو هاووڵاتییانەوە هەیە ئەوانیش فڕێدانی پاشماوەی ئەو پلاستیکەی کە بەکاردەهێندرێت، ئەوانە هەمووی هۆکارن بۆ تووشبوون بە نەخۆشی و لەنێویاندا شێرپەنجە، بەداخەوە زۆر جار دەبینین بوتڵی پلاستیکی ئاو لەبەردەمی دوکانەکان لەبەر خۆر دانراون، ئەوە زۆر ترسناکە بۆ تەندروستی مرۆڤ.

 

“هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی خراپی هەیە لە ڕووی کوالێتی هەواوە”

بەپێی داتاکانی پسپۆڕانی بواری ژینگە، هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی خراپی هەیە لە ڕووی کوالێتی هەواوە، ئەمەش هۆکارە بۆ خراپبوونی تەندروستی دانیشتووان و ئایندەی نەوەی داهاتوو، لەمبارەیەوە دکتۆرە چنار سنجاوی وتی، گازە دەردراوەکان، کاریگەری زۆریان هەیە لەسەر پیسبوونی ژینگە، کۆرپەلەکان تەندروست دەرناچن ئەگەر دایکەکە لە ژینگەیەکی تەندروست نەژیابێت، هەروەها ئەو گازانە کاریگەری خراپیان لەسەر دەروونی مرۆڤەوە هەیە، بەشێک لە زیادبوونی ژمارەی منداڵانی ئۆتیزم پەیوەندی بە خراپی ژینگەوە هەیە، هەروەها ئەو میوە و سەوزانەی لەسەر شەقامەکان دەفرۆشرێن ئەوا دوکەڵی ئۆتۆمبێل لەسەریان دەنیشێت، دووکەڵەکە کۆمەڵێک ماددەی دژی مرۆڤی تیادایە و هاندەرە بۆ گەشەی شێرپەنجە.

باسی لەوەکرد، بەپێی توێژینەوەکان، لە عێراق حەفتەم هۆکاری مردن بریتییە لە شێرپەنجە، ئەمە دڵخۆشکەر نییە، ئێمە هۆکاری زۆر ئاسانمان هەیە وەک نەخۆشییەکانی پەستانی خوێن، نەخۆشی دڵ کە ئەوانە کەوتوونەتە پێش شێرپەنجە، هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە خواردنمان تەندروست نیە و ژینگەکەشمان پاک نیە.

وتیشی، هەرچەندە چارەسەری پاککردنەوەی ژینگە ئەستەمە چونکە بەپێی داتاکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم، لە کۆی ١٤ کارگەی گەورەی ئاسن، ٩ دانەیان کەوتوونەتە سنووری پارێزگای هەولێر، هەروەها زۆرترین کارگەی چیمەنتۆش کەوتووەتە پارێزگای سلێمانی، ئەمانەش هۆکارێکن بۆ تێکچوونی هەوا، بەڵام وەک هەوڵێکی سەرەتایی بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە، دکتۆرە چنار سنجاوی وتی، پێویستە کوالێتی پاڵاوگەکان باش بن و دوور بن لە شارەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان، هەروەها بەرزکردنەوەی کوالێتی بەنزین، لەگەڵ ئەوەشدا باشتر وایە هەوڵبدرێت کەمتر ئۆتۆمبێل بەکاربهێندرێت، بۆ نموونە دەتوانرێت دامودەزگا حکوومییەکان پاسی تایبەت دابین بکەن بۆ گواستنەوەی فەرمانبەران، ئەمە وەکو هەوڵێک بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگە.

بەپێی ئامارەکانی بەشی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی، ساڵانە ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە ڕوو لە هەڵکشانە و لە ساڵی ٢٠٢١دا، ژمارەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێم بریتیی بووە لە ٧ هەزار و ٩٠٤ کەس، بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بریتیی بووە لە ٩ هەزار و ٦١ کەس، بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بریتیی بووە لە ٩ هەزار و ٩١١ کەس.

ئەو تووشبووانەی لە ساڵی ٢٠٢٣ تۆمارکراون، بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بوونە، پارێزگای هەولێر سەدا ٥٥ی تووشبووان پێکدەهێنێت کە بریتییە لە ٥ هەزار و ٤٥٦ کەس واتا ڕۆژانە ١٥ تووشبووی نوێ تۆمارکراون، پارێزگای سلێمانی سەدا ٣٣ی تووشبوون پێکدەهێنێت کە بریتییە لە ٣ هەزار و ٢٧٥ کەس، واتا ڕۆژانە ١٠ تووشبوونی نوێ تۆمارکراون، پارێزگای دهۆکیش سەدا ١٢ی تووشبووان پێکدەهێنێت کە بریتییە لە هەزار و ١٨٠ کەس، واتا ڕۆژانە ٣ تووشبووی نوێ تۆمارکراون.

 

 

هونەرمەندێکی خۆشنووس مزگەوتەکانی شاری سلێمانی دەڕازێنێتەوە
پێشت هونەرمەندێکی خۆشنووس مزگەوتەکانی شاری سلێمانی دەڕازێنێتەوە
گەرمایەکی بەتین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
دواتر گەرمایەکی بەتین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
پەیوەندیدار