هونەرمەندێکی خۆشنووس مزگەوتەکانی شاری سلێمانی دەڕازێنێتەوە



هونەرمەندی خۆشنووس و نەخشەسازی زەخرەفە، نەهرۆ قادر ڕەشید مزگەوتەکانی شاری سلێمانی دەڕازێنێتەوە و دەڵێت، “مێژووی ئەم هونەرە سەردەمی زێڕینی هەبووە کە سەردەمی خەلافەتی عوسمانییەکان بووە”.

لە سەردەمانی کۆندا ڕازاندنەوەی ناو مزگەوتەکان بە جۆرەها ئایەتی قورئانی پیرۆز کە بە خەتی جوان نووسرابوون دیمەنێکی ناوازەیان بە مزگەوتەکە دەبەخشی.

هونەری خۆشنووسی کە بەشێکی دانەبڕاوی جیهانی ئیسلامییە و موسڵمانان لە دێرزەمانەوە لە نووسینەوەی قورئانی پیرۆز و نەخشاندن و ڕازاندنەوەی ناو مزگەوتەکان بەکاریدەهێنن، لە ئێستادا پشگوێ خراوە و خەریکە لەبیر دەکرێت.

“هونەری ئیسلامی لەبیرکراوە”

هونەری خۆشنووسی و نەخشەسازی زەخرەفە کە دیمەنی ناو مزگەوتەکانیان پێدەڕازێندرایەوە، لە پاش نەمانی خەلافەتی ئیسلامی وردە وردە لەبیرکرا و خەریکە ئەم سیما ئیسلامییە لە بیر دەکرێت.

ئەو هونەرمەندانەی لە کۆندا لەم بوارە کاریان کردووە تا ئەمڕۆش جێ دەستیان دیارە و تابلۆکانیان لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان دووبارە دەکرێنەوە و بە زیندوویی دەهێڵدرێتەوە.

لە هەرێمی کوردستان کەمن ئەو هونەرمەندانەی هەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی ئەم هونەرە ڕەسەنەی ئیسلام دەدەن، دەیانەوێت ئەو سیما جوانە بۆ مزگەوتەکان بگێڕنەوە.

“هەوڵی زیندووکردنەوەی هونەری ئیسلامی دەدەم”

هونەرمەندی خۆشنووس و نەخشەسازی زەخرەفە، نەهرۆ قادر ڕەشید کە لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٧ی شاری سلێمانیە، وەک خۆی باسی دەکات ماوەی ٣٠ ساڵە خەریکی بواری هونەری خۆشنووسی و نەخشەسازی زەخرەفەیە، هەموو هەوڵێکی بۆ زیندووکردنەوەی ئەم هونەرە لەبیرکراوەیە.

هونەرمەند نەهرۆ دوای ساڵانێکی زۆر لە دیراسەکردنی ئەم هونەرە، ماوەی چەند ساڵێکە دەستی بە جێبەجێکردن و ڕازاندنەوەی مزگەوتەکانی شاری سلێمانی کردووە.

هونەرمەند نەهرۆ قادر باسی لەوە کرد کە مێژووی ئەم هونەرە مێژووییەکی پرشنگدار و گەورەی هەیە، هەر لە سەرەتاکانی هاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و لەگەڵ نووسینەوەی قورئانی پیرۆزدا دەستیپێکردووە و، ساڵ بە ساڵ و سەدە دوای سەدە زیاتر پەرەی پێدراوە.

سەبارەت بە هونەرەکە و ماوەی کارکردنی تیایدا، هونەرمەند نەهرۆ ڕایگەیاند، من مامۆستای خەتی ڕوقعە و دیوانیم، بەشداریم لە پێشبڕکێی نێودەوڵەتی کردووە، بە تایبەتی ماوەی چوار وەرز بەشداری پێشبڕکێی ئەسیکا بووم لە وڵاتی تورکیا، ماوەی ٣٠ ساڵە لەم بوارەدا لە ڕووی ئەکادیمی و بەهێزکردنی خۆم و هونەرەکەمەوە توانیوومە ئەم هونەرە لە کارەکانمدا دەرخەری ئەوە بێت کە مێژوویەکی لەبیرکراوە.

” ئەم هونەرە لە وڵاتانی ئیسلامی پشتگوێ خراوە”

هونەرمەند نەهرۆ باسی لەو کرد کە مێژووی ئەم هونەرە لای تاکی موسڵمان و لە وڵاتی ئیسلامییدا پشتگوێ خراوە، ئەم پشتگوێ خستنەش لە وڵاتی ئێمەدا لەوانەیە زیاتر بێت، وتی، مێژووی ئەم هونەرە سەردەمی زێڕینی هەبووە کە سەردەمی خەلافەتی عوسمانییەکان بووە، کە ماوەی ٦٥٠ ساڵ دەسەڵات و قەڵەمڕەوی یەک لەسەر سێی گۆی زەوی بووە و بەدەستیەوە بووە. لەو سەردەمەدا ئەم هونەرە زیاتر گرنگیی پێدراوە و زیاتر فراوان کراوە.

هونەرمەند نەهرۆ ئاماژەی بەوەکرد، کە خولیای ئەوەیە ئەم هونەرە ئاشنا بکاتەوە بە خەڵکی، کە هونەرێکی لەبیرکراوە بۆ ئەوەی ئاوڕێکی لێبدرێتەوە، لەگەڵ پێشخستنی ئەم هونەرە، ڕاشیگەیاند، با بیرمان نەچێت هونەری ئیسلامی هونەرێکی ڕەسەنە، کاتێک کە ئێمە لە ڕووی شەریعەوە وێنەکێشان قسەی لەسەرە لە ڕووی حەڵاڵ و حەرامییەوە، بەڵام موسڵمان هەمیشە بۆ هەموو شتێک بەدیلی پێ بووە، بەدیلی ئەم بابەتە هونەری خۆی هەبووە کە هونەری نەخشەسازی و زەخرەفە و خەتی هەیە.

 

“هەنگاوەکانمان بۆ زیندووکردنەوەی ئەم هونەرەیە”

هونەرمەند نەهرۆ هەموو هەوڵێکی بۆ زیندوو کردنەوەی ئەم هونەرە ڕەسەنەی ئیسلامە، وەک خۆی دەڵێت یەکێک لە خولیاکانی لەم بوارەدا کە هەنگاویشی بۆ ناوە، کردنەوەی خول و فێرکردنی کەسانی دیکە بووە بۆ پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی هونەرەکە، وتیشی، ساڵانە خولی خۆبەخشییم هەیە بۆ ئاستەکان هەر لە سەرەتاییەوە تا ئاستی نایاب، لە بوارەکاندا هەوڵمانداوە ئەمە بخەینەوە سەر ڕێچکە ئەسڵییەکەی خۆی کە پێشووتر هەبوو، ناکرێت ٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر موسڵمان زۆر پێشکەوتووتر بووبن لە ئێستا.

سەبارەت بە کارەکانی لەم بوارەدا، هونەرمەند نەهرۆ باسی لەوە کرد، کە لە بواری هونەری خۆشنووسی و نەخشەسازییدا سێ کاری گرنگی کردووە لە سێ مزگەوتی شاری سلێمانی و ڕایگەیاند، من ماوەی ٣٠ ساڵ خەریکی دیراسەکردن بووم لەم بوارەدا، بەڵام کاتی جێبەجێکردن هاتووە، لە ٢٠١٨ەوە دەستم پێکردووە و سێ کاری گرنگم هەیە لە شاری سلێمانی کە دەتوانم بڵێم لە ئاستی کارە جیهانییەکانە، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بانگهێشت بکرێم بۆ وڵاتی قەتەر، من کارێکی هونەرییم لە شاری کاتارا، گەورە شاری گەشتیاری قەتەر بۆ کاسی جیهانی بۆ ئەو وڵات جێبەجێکردووە، کە لەسەر بانگهێشتی فەرمی بووە، لەو کاتەدا دوو کاری هونەری کرا لە شاری کاتارا کە شارێکی گەشتیارییە، یەکێکیان کارێکی وێنەکێشێکی ئەمریکییە، دووەمیان کارەکانی منە لە بوارەکانی هونەری نەخشەسازی زەخرەفە، هەنگاوەکانمان وردە وردە ناوە، ئێستا وا خەریکە بەرەو شوێنانی دیکەش هەنگاو بنێین.

هونەرمەند نەهرۆ ئەوەیشی خستەڕوو، ئەم هونەرە هونەرێکی قوڵی گەورەیە کە هەموو موسڵمانانی جیهان هاوبەشن تیایدا و ڕایگەیاند، ئەم کارە کارێکە ئەتوانم بڵێم سەلیقەی دەوێت، وردەکاری دەوێت تیایشیدا زەوق و ئەلوان، کە ئەمانە تایبەتمەندی خۆیان هەیە لە هونەرەکەدا، ئێستا بۆ نموونە هونەری ئیسلامی خاوەنی تایبەتمەندی ڕەنگەکانی خۆیەتی، ئەگەر سەرنج بدەن لەم کارانەی من دەیکەم زیاتر ڕەنگە زۆر گەرمەکان بەکاردەهێنم کە ئەمەش خۆی بەڵگەیەکی هونەری هەیە، بۆ نموونە، ئەو ڕەنگە هارمۆنییانە بەکارناهێنم کە لە ئەسڵی خۆی ناچێت، بەڵام وەک دەبینن هونەری ئیسلامی هەردەم ڕەنگی ئەسڵی خۆی دادەنێت، هەمیشە مامەڵە لەگەڵ ڕەنگە ئەساسەکاندا دەکات و تیایشیدا تەنسیقێکی جوانی لە ڕووی تەنسیق و ئیقاع و جوانییەوە دەگەیەندرێت.

 

“هونەری ئیسلامی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی”

لە بارەی ئەو تابلۆ خەتیانەی بەکاری دەهێنێت لە کارەکانیدا، هونەرمەند نەهرۆ باسی لەوە کرد، ئەو زیاتر ئەو تابلۆ جیهانیانە بەکاردەهێنت کە هونەرمەندانی بەناوبانگی ئیسلامی کاریان کردووە و ڕایگەیاند، من لەو کارانە بۆ نموونە گەورە خەتات و کۆتا خۆشنووسی سەردەمی عوسمانی حامید ئامەدیم بەکارهێناوە، حامید ئامەدی کۆتا خۆشنووسی سەردەمی عوسمانییە کە تیایدا من تابلۆکانیم دووبارە کردووەتەوە بە قیاساتێکی گەورە لەگەڵیدا ئامانەتی واژووە هونەرییەکەی خۆیم پاراستووە، هەروەک چۆن ئێستا ئەمە یەکێکە لە تابلۆ هەرە جوانەکانی خەتاتی بەناوبانگی تورک داود بەکتاش ئەگەر سەرنج بدەی واژووی خۆیی و ساڵی نووسینی ئەم تابلۆیە بەم شێوەیە وەک خۆی دامانناوەتەوە، بۆیە ئەمانەتپارێزی لەم کارەیە یەکێکە لە تایبەتمەندیی و ماهیەتی ئەسڵی ئەم هونەرە، کە ئەمە خاوەنی ئەم تابلۆیانە بە ئامانەتەوە لە شوێنی خۆیدا بەکاربهێندرێنەوە.

هونەرمەند نەهرۆ باسی لەوە کرد کە یەکێک لە ئاواتەکانی دووبارەکردنەوەی تابلۆ خەتییەکانی ناو مزگەوتی مەزنی ئایاسۆفیایە و، وتی، یەکێک لە ئاواتەکانم کە ویستوومە پشتیوان بەخودا لە کاری داهاتوومدا جێبەجێی بکەم، دووبارەکردنەوەی تابلۆی خەتی ئایاسۆفیایە، ئایاسۆفیا بەو مزگەوتە گەورە و عەزیمە لە ڕووی ئەندازەسازیی و تەلارسازییەوە لەگەڵیشیدا خاوەنی گەورەترین تابلۆی خەتە کە دەمەوێت جارێکی دیکە ئەمە لە ئایندەدا لە کارێکی دیکەدا کە بێتە پێشەوە دووبارە بکەمەوە و تیایدا ئاماژە بە ناو و شوێنی خۆشنووسە بلیمەتەکانی کۆن بکەم، کە ئەوەش ئامانەتپارێزی بابەتێکی ئەخلاقییە، کە پێویستە هەموو هونەرمەندێک ڕەچاوی ئەو خاڵە بکات.

مەسرور بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان”یان تاوتوێ کرد
پێشت مەسرور بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان”یان تاوتوێ کرد
“لە داهاتوودا خراپی ژینگەی هەرێم ئاسایشی خۆراک دەخاتە ژێر مەترسییەوە”
دواتر “لە داهاتوودا خراپی ژینگەی هەرێم ئاسایشی خۆراک دەخاتە ژێر مەترسییەوە”
پەیوەندیدار