مەسرور بارزانی: ئەركی ئێمەیە مووچەی مووچەخۆران دابین بكەین



سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتی دانانی بەردی بناغەی ڕێگەی باعەدرێ‌ ڕایگەیاند، لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی لەپەیوەندی بەردەوامداین تاوەكو كێشەی مووچە بەشێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكەین و دەشڵێت: ئەركی حكومەتە باشترین ڕێگاوبان بخاتە خزمەتی خەڵك.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێكدا لەكاتی دانانی بەردی بناغەی ڕێگەی باعەدرێ-ئێتیت ڕایگەیاند، ئەركی حكومەتە باشترین ڕێگاوبان بخاتە خزمەتی خەڵك و سەرەڕای قەیرانەكانیش هەوڵمانداوە باشترین خزمەتی خەڵك بكەین.

درێژایی ڕێگەکە 26 کیلۆمەترە و بە گوژمەی 135 ملیار و 584 ملیۆن دینار دروست دەکرێت و بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، تەواوی ڕێگەی دهۆک – هەولێر دەبێتە دوو ساید.

ڕاشیگەیاند، زۆر جار دەبینین هاووڵاتیان محەڕەماتی شەقام و ڕێگاكان پێشێل دەكەن و كاڵا و شمەك لەسەر ڕێگاكان دادەنێت، كە ئەوەش مەترسی بۆ سەر ژیانی خۆیان و كەسوكاریان و خەڵك دروست دەكات، بۆیە ئەركی لایەنە پەیوەندیدارەكانە بەڕێگای لێكتێگەیشتن ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن و هاووڵاتیانیش محەڕەماتی ڕێگاكان بپارێزن.

مەسرور بارزانی پەیامێكی ئاڕاستەی مووچەخۆران كرد و وتی، “ئەركی ئێمەیە مووچەی مووچەخۆران دابین بكەین و لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی لەپەیوەندی بەردەوامداین تاوەكو ئەو كێشەیە بەشێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكەین”.

وتیشی، “دەخوازین بابەتی مووچە بەتەواوی چارەسەر ببێت، چونكە ناكرێت چیدیكە سەرقاڵی بابەتی مووچە و مافەكانمان بین”.

خشتەی بودجە پەسەندكرا و كۆبوونەوەی پەرلەمان دواخرا
پێشت خشتەی بودجە پەسەندكرا و كۆبوونەوەی پەرلەمان دواخرا
نرخی کارەبای موەلیدە لە سلێمانی دیاری کرا
دواتر نرخی کارەبای موەلیدە لە سلێمانی دیاری کرا
پەیوەندیدار