مەسرور بارزانی زانیاری نوێ دەربارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات



سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لە میانی سەردانەکەی هەفتەی ڕابردووی بۆ بەغدا، دەربارەی چارەسەرکردنی ڕیشەیی مووچە و کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی دانوستانی کردووە و وتیشی: “جێی داخە هەتا ئێستا مووچە دەبێتە هەواڵی میدیاکان”.

ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسنی دانانی بەردی بناغەی دوو پارک لە دهۆک باسی لە کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو سەردانی بەغدامان کرد و لەگەڵ سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی دیکەی عێراق و سەرۆک و بەرپرسی هێز و لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەیەوە بۆ دانوستان کردن و چارەسەرکردنی ڕیشەیی ئەو کێشانەی تا ئێستا لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا ماون.

وتیشی: “بە بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵیم وت، جێی داخ و دڵگرانییە کە هەتا ئێستاش ئێمە دانوستان لەسەر مووچە و هەندێک قەیرانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا دەکەین”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو کە مووچە مافێکی سروشتییە و پێویستە نەبێتە هەواڵی میدیاکان و وتیشی: “خۆزگە ئێمە بەرنامەمان بۆ چۆنێتی پێشخستنی عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی باشتر دابنایە بۆ ئەوەی ڕکابەری کەنداو و وڵاتانی دیکەمان بکردایە کە چۆن وڵاتی خۆمان لە هەموو بوارێکدا بەرەوپێش ببەین”.

ڕوونیشیکردەوە “وڵاتەکەمان لە ڕووی سامانی سروشتی و مرۆیی و ماددیەوە وڵاتێکی دەوڵەمەندە، ئێمە تەنها پێویستمان بە ئیدارەدانێکی باشتر هەیە بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو”.

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، “هیوادارم چیتر کاتی خۆمان بۆ دروستکردنی کێشە و گرفت بە فیڕۆ نەدەین و پێشبڕکێ بکەین بۆ چۆنێتی خزمەتکردنی وڵات و هاووڵاتییانی خۆمان”.

 

حکومەتی تورکیا لە بری سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ “قەیوم”ی دانا
پێشت حکومەتی تورکیا لە بری سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ “قەیوم”ی دانا
سێ قاچاخچی نەوت دەستگیرکران
دواتر سێ قاچاخچی نەوت دەستگیرکران
پەیوەندیدار