هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هۆشداری بە حكومەتی هەرێم دەدات



سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانی هاوپەیمانان هۆشداریان داوە لە ڕێکنەخستنەوەی هێزەکانی 70 و 80 ی سەربە یەکێتی و پارتی لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەوەی گەر یەکنەخرێنەوە پاڵپشتییەکانیان ڕادەگرن.

سەرچاوە باڵاکەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند، “ئەمریکا و هاوپەیمانان حکومەتی هەرێمی کوردستانیان ئاگادارکردووەتەوە، گەر تا ساڵی 2026 هێزەکانی 70 و 80 ی یەکێتی و پارتی لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕێکنەخرێنەوە، پاڵپشتییە سەربازی و داراییەکانیان ڕادەگرن.”

ڕۆژی 21 ی مانگی 6 ی 2023، شاندێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بەسەرۆکایەتی دانا سترۆڵ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەشاری هەولێر لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و هەندێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگەدا کۆبوویەوە. دواتر لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتیش کۆبوویەوە و لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە گفتووگۆیان کرد.

سەرچاوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: “هاوپەیمانان دەڵێن، هێزی 70 و 80 حزبین و ئەوان پاڵپشتی هێزی حزبی ناکەن، دەبێت ئەو هێزانە بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکبخرێنەوە.”

لەساڵی 2018 هێزەکانی هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم ڕێککەوتن لەسەر پڕۆژەیەکی 36 خاڵی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەمەشکرایە مەرج بۆ پاڵپشتییە سەربازی و داراییەکانی هاوپەیمانان بۆ ئەو وەزارەتە.

تا ئێستا 21 لیوا لە هێزەکانی 70 و 80 ی سەربە یەکێتی و پارتی لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕێکخراونەتەوە، کە دەکاتە یەک لەسەر چواری کۆی ئەو دوو هێزەی سەربە یەکێتی و پارتین.

لەمانگی 7 ی ساڵی 2023، جەنەڕاڵ مەتیۆ مارکفارلن، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق و سوریا، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە. بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەوکاتی سەرۆکایەتی هەرێم هەردوولایان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستن و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە وەک پێویست بەڕێوەناچێت، بەڵام جەختیان لەسەر بەردەوامی هەوڵەکان کردووەتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و یەکخستنەوەی پێشمەرگە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم، بە (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند، “هاوپەیمانان بەردەوام داوای چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن، هۆشداریش دەدەن لە ڕاگرتنی پاڵپشتییەکان گەر یەکنەخرێن.”

دەشڵێت: “تا ئێستا 100 هەزار پێشمەرگەی 70 و 80 ماون یەکبخرێنەوە و 50 بۆ 60 هەزار پێشمەرگەش یەکخراونەتەوە، کە هێزە یەکخراوەکان دەکاتە یەک لەسەر چواری هێزە یەکنەخراوەکان.”

پێشتر ئەمریکا مانگانە نزیکەی 20 ملیۆن دۆلاری بۆ مووچەی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە خەرج دەکرد، بەڵام لە ئێستادا ئەو بڕە پارەیەی کەمکردووەتەوە، ئەمە جگە لە مەشق و ڕاهێنان و بەردەوامی پاڵپشتییە سەربازییەکانی بۆ ئەو لیوا هاوبەشانە.

پاسپۆرتی سلێمانی بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت گۆرانکاری ئەنجامدا
پێشت پاسپۆرتی سلێمانی بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت گۆرانکاری ئەنجامدا
کەمال محەمەد بەرهەمێکی نوێی بڵاوکردەوە
دواتر کەمال محەمەد بەرهەمێکی نوێی بڵاوکردەوە
پەیوەندیدار